بانکی رافیدەین لە فڕۆکەخانەی بەغدا 7000 دۆلار بە نرخی نوێ دەداتە گەشتیاران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بانکی رافیدەینی سەر بە حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیانکردوە بە فرۆشتنی دۆلار تاوەکو 7 هەزار دۆلار بە گەشتیاران، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی داراییش بانکەکە 100 دۆلار بۆ گەشتیاران بە 132 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

رۆژی هەینی 10-02-2023 بانکی رافیدەین، کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکان لە عێراق رایگەیاند، "دەست بە پێدانی بڕی 7000 دۆلار لە بری 5000 دۆلار بە هەر گەشتیارێک کراوە کە دەیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەشت بکات."

بانکی رافیدەین راشیگەیاندووە، هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت.

تائێستا بڕیاری فرۆشتنی دۆلار بەگەشتیاران بەنرخی فەرمی، تەنها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدای گرتوەتەوە و لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە، هەرچەندە بڕیاردراوە هەمو فڕۆکەخانەکان بگرێتەوە ئەوەش لەچوارچێوەی رێکخستنی بازار و جێگیرکردنی نرخی دۆلار دایە، هەروەها ئاسانکاریش دەکات بۆ بازرگانان، گەشتیاران و ئەوانەی بەمەبەستی نەخۆشی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن.

دوێنێش بانکی رەشیدی سەر بە حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، لەئێستادا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیکردوە بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی و 100 دۆلار بۆ گەشتیاران بە 132 هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئاسانکاری تەواویش دەکەن بەمەبەستی بەهێزکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار