٢٤ ساڵە ئۆجالان لەئیمڕالی گۆشەگیركراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هێرش جەلال

عەبدوڵا ئۆجالان كەنزیكەی چارەكە سەدەیەكە لەزیندانی ئیمراڵی گۆشەگیركراوە، زیاتر لە 20 مانگە هیچ كەسێك ئاگاداری دۆخی نییە، كەمپینی «ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان»یش كەماوەی چوار مانگە راگەیەنراوەو لەلایەن 28 كەسایەتی ئەكادیمی و نووسەرو پزیشك و سیاسەتمەداری ناودارەوە پێشەنگایەتی دەكرێت بەردەوامەو بەملیۆنان ئیمزای كۆكردووەتەوە بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان.

ئۆجالان خۆی دەڵێت: دەستگیركردنم سەرەتای جێبەجێكردنی پلانی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بەدەستگیركردن و لەناوبردنم، گەلێك لەناوببەن، هاوكات جەمیل بایك ئاشكرایدەكات: «ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، روسیا، ئەڵمانیا، كینیاو میسر، بەشداربوون لەپلانی دەستگیركردنی رێبەرەكەمانداو بەریتانیاش خاوەن بیرۆكەی پیلانگێڕییەكە بوو».

١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، دیمەنی ڤیدیۆیی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنێو فڕۆكەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك كەسی دەمامكداردا بڵاوكرایەوە كەفڕۆكەكە لەنایرۆبی پایتەختی كینیاوە بەرەو توركیا دەفڕی، هەواڵەكە بەخێرایی لەمیدیاكانی جیهان، ناوچەكەو كوردستاندا بڵاوبووەوە كە ئۆجالان بەگەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی دەستگیركراوەو رادەستی حكومەتی توركیا كراوەتەوە.

دوای فشارێكی زۆری توركیاو هاوپەیمانان لەسەر حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشوی سوریا، ئۆجالان ناچاركرابوو كەسوریا بەجێبهێڵێت بێ ئەوەی رێگەی پێبدرێت بچێت بۆ قەندیل. دوای چەندین مانگ لەگەشتێكی چڕوپڕ بۆ یونان، روسیاو وڵاتانی ئەوروپا، داواكاری ئۆجالان بۆ مافی پەنابەری سیاسی لەلایەن هەموو ئەو وڵاتانەوە رەتكرایەوەو هەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ئەفریقای باشور وڵاتی نیلسۆن ماندێلا، بەڵام لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكان لەكینیا كۆتایی بەگەشتەكەی هێنرا.

دادگای توركیا سەرەتا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئۆجالاندا سەپاند، بەڵام بەفشاری لایەنگرانیدا یاسای لەسێدارەدان لەدەستووری بنەڕەتی توركیادا لابراو سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر ئۆجالاندا سەپێندرا. جگە لەسەپاندنی ئەو سزایە، ئۆجالان گواسترایەوە بۆ دورگەیەك لەژێر ئەمنیەتێكی تونددا، ئەویش زیندانی دورگەی ئیمڕالیەو لەژوورێكی تاكەكەسیدا گۆشەگیركرا.

 

ئۆجالان: رۆڵی توركیا لەئیمڕالی بەتەنیا پاسەوانیكردنە

ئۆجالان لەبارەی دەستگیركردنی لەلایەن هێزە رۆژئاواییەكانەوە دەڵێت:»  دەستگیركردنم سەرەتای جێبەجێكردنی پلانی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بەدەستگیركردن و لەناوبردنم، گەلێك لەناوببەن، پێویستە رۆشنبیرانی كورد لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن، ویستم بگەڕێمەوە كوردستان، بەڵام مۆسكۆو ئەسینا رێگەیان نەدا. سیناریۆی پلانی دەستگیركردنم لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە ئامادەكرابوو، تەنیا رۆڵی پاسەوانی و دادگاییكردنەكەیان بەتوركیا داوە، بەڵام من پیلانگێڕیەكەم لەئیمڕالی پووچەڵكردەوە.»

هاوكات جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەكتێبی «مێژوویەك لەئاگردا» باس لەو وڵاتانە دەكات كەبەشداربوون لەدەستگیركردنی ئۆجالانداو دەڵێت، «ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، روسیا، ئەڵمانیا، كینیاو میسر، بەشداربوون لەپلانی دەستگیركردنی رێبەرەكەماندا، بەریتانیاش خاوەن بیرۆكەی پیلانگێڕییەكەبوو، هەروها ئەمریكا سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكردو هەندێك پارتی كوردیش دەستیان لەو پیلانگێڕییەدا هەبووە».

 

سزاو سیاسەتی گۆشەگیری

ئۆجالان ٢٤ ساڵە لەنێو دۆخێكی گۆشەگیریدا لەدورگەی ئیمڕالیدا بەندكراوە. لەم ٢٤ ساڵەدا پارێزەران و خانەوادەكەی نەیانتوانیوە بەڕێكوپێكی چاویان پێبكەوێت، لەساڵی ٢٠٠٩دا سێ گیراوی دیكەی ئەندامی پەكەكە بەناوەكانی حامیلی یڵدرم، وەیسی ئاكتاش و عومەر خەیری كۆنار بۆ دورگەی ئیمڕالی گواسترانەوە. ئەو گیراوانەش سزای هەتاهەتاییان لەسەرەو لەگەڵ ئۆجالاندا گۆشەگیریەكی توندییان لەسەرە.

زیندانی ئیمڕالی بەسزای دیسیپلین و قەدەغەی چاوپێكەوتنی خانەوادەكان و پارێزەران بووەتە ناوەندێكی گەورەی گۆشەگیری، یەكەمجار سزای دیسیپلین لە مانگی كانونی یەكەمی ٢٠٠٥دا بەسەر ئۆجالاندا سەپێندرا، لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٠، ١٥ جار، لەنێوان ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١، ٢٨ جار سزای دیسیپلین بەسەر ئۆجالاندا سەپێندراوە كەتاوەكو ئێستاش ئەو سزایە نوێ دەكرێتەوە.

هەروەها لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١١ تاوەكو ئێستا نزیكەی هەزارو ٢٣٠ سەردانی پارێزەران رەتكراونەتەوەو لەساڵی ٢٠١٩ەوە تاوەكو ئێستا، تەنیا پێنج جار پارێزەران چاوپێكەوتنیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان ئەنجامداوە.

هاوكات لەساڵی ٢٠١١ەوە تاوەكو ئێستا بەگشتی ٢٤٩ جار سەردانی خانەوادەكان بۆ ئیمڕالی رەتكراونەتەوە، بەتەنها ٢٨ جار خانەوادەكان توانیویانە چاوپێكەوتن ئەنجامبدەن.

 

٢٠ مانگە كەس ئاگاداری دۆخی ئۆجالان نییە

دوایین جار، محەمەد ئۆجالان و عەبدوڵلا ئۆجالان، لەمانگی ئازاری ٢٠٢١ بەتەلەفون بۆ ماوەی پێنج خولەك قسەیان لەگەڵ یەكدی كرد، دوای ئەوە، هیچ كەسێك ئاگاداری دۆخی ئۆجالان و زیندانیانی دیكەی ئیمڕالی نییە.

تاوەكو مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ هیچ زانیارییەك لەبارەی ئیمڕالیەوە نەدەبیسترا، بەڵام لەسەر داواكاری نوسینگەی یاسایی سەدە كە لەكۆمەڵێك پارێزەر پێكدێت و ئەركی پارێزەری ئۆجالانیان لەئەستۆدایە، شاندێكی كۆمیتەی رێگریكردن لەئەشكەنجەی سەر بەكۆمسیۆنی ئەوروپا (سی پی تی) سەردانی زیندانەكانی توركیای كردو دواتر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە لەئیمڕالی چاویان بەئۆجالان كەوتووەو دوای شەش مانگ راپۆرتێك لەمبارەیەوە بڵاودەكەنەوە.

لەمانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا، نوسینگەی یاسایی سەدە، بەڕاگەیەندراوێك، راگەیەندراوی (سی پی تی) بەدرۆخستەوەو ئاشكرایكرد كەشاندی سی پی تی ئۆجالانیان نەبینیوەو پێویستە بەزووترین كات سی پی تی راپۆرتەكەی ئاشكرابكات و دەوڵەتی توركیاش روونكردنەوە بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاوەكو ئێستا هیچ لایەنێك روونكردنەوەی نەداوەو دوای ئەوەش نوسینگەی سەدە، چەندین جار ئاشكرایكردووە كەمەترسی لەسەر ژیانی ئۆجالان هەیە.

دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لەنوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ میدیاكانی پارتەكەیدا دەڵێت: «گۆشەگیریی تووند، ئەشكەنجە لەناو سیستمی قڕكردنی ئیمراڵیدا بەردەوامەو هیچ گۆڕانێك لەم بوارەدا نییە».

 

كەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان

بەدرێژایی ٢٤ ساڵی رابردوو، چەندین كەمپەینی واژۆ كۆکردنەوە بۆ ئازادی ئۆجالان دەستیپێكرد، لەم چوارچێوەیەدا بەملیۆنان واژۆ لەژێر ناوی «ئۆجالان ئیرادەی سیاسی ملیۆنان كەسە» كۆكرانەوەو پێشكەش بەناوەندە یاساییەكانی یەكێتی ئەوروپا كران. لەچوار پارچەی كوردستانیش هەموو ساڵێك چالاكی و كەمپەینی جۆراوجۆر بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوەدەچن.

دواجار لە ٨ی تشرینی یەكەمیی ساڵی رابردوودا، كەمپەینی «ئازادی بۆ عەبدوڵلا ئۆجالان، لەئێستادا» راگەیەندرا. لەهەموو جیهان ٢٨ ئەكادیمی، سیاسەتمەدار، نووسەر، پزیشك و چالاكوانی ناودار پێشەنگایەتی كەمپەینەكەیان كردووە.

لەڕاگەیەنراوێكدا كە ٢٨ كەسایەتیەكە بڵاویانكردەوە هاتووە، «بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان لەچارەسەری كێشەی كورددا بەشێوەیەكی ئاشتیانە رۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئازادبكرێت.» كەمپەینەكە تاوەكو ئێستاش لەكوردستان و جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا بەردەوامە.

لەلایەكی دیكەوە، بۆ ئەوەی پەكەكە لەلیستی رێكخراوە قەدەغەكراوەكان دەربهێندرێت و ئۆجالان ئازادبكرێت، ١٣ی كانونی دووەمی ٢٠٢١ بەپێشەنگایەتی دەستپێشخەری دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ كورد، لە ٣٠ وڵاتی جیهان كەمپەینی واژۆ كۆكردنەوە دەستیپێكرد.

لە ٣١ی مانگی رابردووشدا، لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، سێ ملیۆن واژۆ كەمۆری فەرمی فەرمانگەكانی دادنوسی وڵاتانی پێوەبوو كە لەچوار پارچەی كوردستان و ٣٠ وڵاتی جیهان كۆكرابوونەوە، دوای كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی رادەستی كۆنسەی ئەوروپا كران.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار