بومەلەرزەکەی باکور و تورکیا: بە دەیان هەزار کەس تاوەکو ئێستا لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
لە کاتێکدا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیادا گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ هەزار کەس تێپەڕاندووە، هەروەها زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەش لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و لەنێو سەرما و سۆڵەی زستان، بێ خواردن و ئاو و پێداویستیە سەرەتاییەکاندا، دەژین.
رزگارکردنی منداڵێکی ساوا دوای ١١٠ کاتژمێر
لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان، هاوڵاتیان بەردەوامن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا ماون. لە گەڕەکی یەنیشەهیری سەمسور کاتژمێر هەشت و نیوی ئەمشەو منداڵێکی ساوای ١٠ مانگی، دوای ١١٩ کاتژمێر کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدابوو رزگارکرا. منداڵە ساواکە بۆ نەخۆشانەی فێرکاری شارەکە گواستراوەتەوە.
لە نەخۆشخانەی عوسمانیە چەندین بریندار بەهۆی خەمساردیەوە گیانیان لەدەستداوە
بەگوێرەی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، لە شاری عوسمانیە کە بومەلەرزەکە کاوکاریەکی زۆری دروست کردووە، ژمارەی راستەقینەی قوربانیان ئاشکرا ناکرێت.
باسی ئەوە دەکرێت کە تاوەکو ئیستا بە دەیان کەس لە نەخۆشخانەکەدا گیانیان لەدەستداوە و خەمساردی هەیە. دەوترێت، لە هۆڵی تایبەت بە تەرمەکان جێگە نەماوە و چەندین تەرم لەنێو کیسەی رەشدا لە حەوشەی نەخۆشخانە ریزکراون.
هەدەپە دەستی بە کەمپێینێکی گەورە کردووە
لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شارەکانی، شڕنەخ، مێردین، ئامەد، وان، جۆلەمیرگ، ئاگری، ئەستەنبوڵ، کۆنیا و چەندین شاری دیکە، بە دەیان تڕێڵە هاوکاری کۆکردووەتەوە و رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کردووە. هاوکاریەکانی هەدەپە لە ئاو، نان، خوارندی منداڵان، بەتانی، جلوبەرگی زستانە، پێلاو و چادر پێک دێت. باسی ئەوە دەکرێت کە گوندەکان پشتگوێخراون و هەدەپە هاوکاریەکەی گەیاندووەتە نزیکەی ٣٠ گوند.
شاروچکەیەک بە تەواوی وێران بووە
شاروچکەی ئەرکەبندی ناوچەی وێرانشاری مەلەتی یەکێک لەو شوێنانەیە کە بە تەواوی رووخاوە. ئاژانسی فورات نیوز رایگەیاند، تاوەکو ئیستا لەو شاروچکەیە تەرمی ٧٠ کەس لەژێر داروپەردووی خانووەکاندا دەرهێنراون و تاوەکو ئێستا تەرمی بە سەدان کەس دەرنەهێنراون.
ئەوە رەخنە بگرێت دەستگیر دەکرێت
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە، ٣٠٢ کەسیان دەستگیرکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا 'ئاژاوەیان' ناوەتەوە. بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن، هەر کەسێک رەخنە بگرێت دەستگیر دەکرێت.
بەڕێوەبرایەتی پۆلیسی تورکیا تاوەکو ئێستا ١٠ کەسی بۆ زیندان رەوانە کردووە و لێکۆلینەوە لەو کەسانەی دیکە بەردەوامە.
ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئامەد گەیشتە ٢٥٦ کەس
ماڵپەڕی هەواڵی ئارتی گەرچەک لە زاری بەرپرسەکانی شاری ئامەدی باکوری کوردستان رایانگەیاند، بە گشتی لە ئامەد ٢٠ باڵەخانە رووخاون، تاوەکو ئێستا تەرمی ٢٥٦ کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنراون. هەروەها زیاتر لە ١٠٠٠ کەسیش بریندار بوون.
لە ئامەد چەندی باڵەخانە تاوەکو ئێستا بە تەواوی پاک نەکراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت.
پسپۆڕێک: ١٩٢ هەزار کەس کەتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا
پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان پسپوڕی جیۆلۆجی لە توێتێکدا رایگەیاندبوو، باسی ئەوە دەکرێت کە شەش هەزار باڵەخانە رووخاون. ئەگەر هەر باڵەخانەیەک هەشت نهۆم بێت و هەر نهۆمێک چوار شۆقەی هەبێت، بە گشتی دەکاتە ٤٨ هەزار شۆقە. ئەگەر هەر شۆقەیەک ٤ کەسی تێدابێت، ١٩٢ هەزار کەس تێیایانادا دەژین.
واتە ١٩٢ هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا. بەگوێرەی دوایین ئامار ٢٠ هەزار و ٢١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٨٠ هەزار کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی قسەی ئەو پسپۆڕە بێت، واتە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٩٠ هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار