هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ ماکیاژی قاچاخ دەکات لە بازاڕەکاندا
ساڵی ڕابردوو ١٥٠ تۆن دەرمان وبەرهەمی جوانکاری لەناوبراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ
ماكیاژی قاچاغ لەبازاڕەكاندا دەكات
ساڵی رابردوو ١٥٠ تۆن دەرمانو بەرهەمی جوانكاری لەناوبراون
ئیمان زەندی
پیشەسازی ماكیاژ لەسەر بنەمای هەندێك لەماددە كیمیاییە شێرپەنجەییەكان دامەزراوە، كە نەبوونی زانیاری سەبارەت بەبەكارهێنانی زیانی بۆ كەسی بەكارهێنەر دەبێت، هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ كوالێتی ماكیاژ لەكوردستان و هێنانی بەقاچاغ دەكات.
د.باسڵ سیدۆ، پسپۆڕی پێست و جوانكاری و لێزەر بەهاوڵاتی وت: «ماكیاژ لەماددەی كیمیایی دروستدەكرێت بەمەش زیانی زۆر بۆ پێست هەیە، بەردەوام بەكارهێنانیشی دەبێتەهۆی چرچولۆچی و وشكبوونی پێست و دروستبوونی چینێكی كونیلەدار كەناهێڵێت ئۆكسجین بچێتە ژێر پێستەوەو زیپكەو هەوكردن دروستدەكات، ماكیاژ هەر رەنگێكیان و مادەیەكی كیمیاییە، ئەمەش وادەكات جوان دەربكەوێت لەسەر پێست بەتایبەت سوراو، سوراویش چینێكی رەش لەدەوری لێو دروستدەكات لەگەڵ وشكی، هەموو ئەم ماددانەش پێست هەڵیدەمژێت و دەچێتە خوێنەوەو لەوێشەوە بۆ گورچیلەو جگەر كە لەداهاتوودا نەخۆشی ترسناك دووچاری بەكارهێنەرەكەی دەكاتەوە»، ئاماژەی بەوەشكرد: «ماكیاژكردن بۆ دەرەوەو خۆر لێیبدات پێست دەخنكێنێت و كۆلاجینی لەناودەبات، چونكە عارەق لەگەڵ ماكیاژو تەپوتۆزی دەوروبەر تێكەڵ دەبێت، هەروەها بەوە دەزانین ماكیاژ كوالێتی خراپە خانمەكە هەستدەكات پێستی تێكچووە یان كاتێك بۆ ماوەیەك دوردەكەوێتەوە لێی گرفتەكانی پێستی كەمتر دەبێتەوە، سەبارەت بەبازاڕی ئۆنلاین بەڕاستی كارەساتە، چونكە هیچیان كوالێتیان باش نیەو براندی جیهانی نین، تەنانەت ئەوانەشی نرخیان گرانە، چونكە براندە جیهانییەكان بەو سیستەمە كارناكەن، بەڵكو دەبێت خۆمان بچین تێستی بكەین و بەكاریبهێنین».
ناوبراو دەڵێت: «ئەو بەرهەمەی كەخانم كڕیویەتی پێویستە سەردانی وێبسایتی براندەكە بكات، چونكە راستەوخۆ دەڵێت ئەو بەرهەمە هەیە، دەبێت پاكکەرەوەی پێست پزیشك بۆی دیاری كردبێت و نابێت ئەوەش لەیاد بكرێت دوای ماكیاژكردن زۆرباش بەستەرەكەی دابخرێت، چونكە لەگەڵ هەوای دەرەوە كارلێكدەكات مەرەكەباتی كیمیایی دروستدەكات، خاڵی كۆتایی ئەوەیە كەپێویستە پێش نووستن بەتەواوی مكیاج لێبكرێتەوە، لەزۆربەیاندا هەرجۆرێك لەماددەی كیمیایی تێدایە، هیچ راپۆرتێك نیە كەدەریبخات راستەوخۆ ماكیاژ بووبێتەهۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی، بەڵام بەناڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەیە».
بەپێی ئەو داتاو زانیارییەی هاوڵاتی لەسەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی كوردستان دەستیكەوتووە، زیاتر لە ١٠ هەزار كۆمپانیای ناوخۆیی كاردەكەن لەكوردستان و شمەك و كاڵا هاوردەو هەناردە دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە لەسەدا ٩٥٪ی هاوردەیەو لەسەدا ٥٪كەی دیكەی هەناردە، سنوری هاوردەكەش لە١٠٠ وڵاتەوەیە، هەربەپێی ئەو داتایە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لەپانزدە ملیار دۆلار كاڵا مۆڵەتی پێدراوە بێتە هەرێمی كوردستان.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەوەی تاچەند راستە بۆ كارتۆنێك بەرهەمی جوانكاری پەنجا هەزار قاچاغیەكەی بووە، بە هاوڵاتی راگەیاند: «كارەساتە گەربێت و بۆ كارتۆنێك ماكیاژ پەنجا هەزار قاچاغیەكەی بێت، ئەمەش گومانی تێدا نیە كوالێتیان زۆر خراپە هەرچەندە زانیاریم لەسەری نیە، بەڵام بەو جۆرە نەمبیستوە ماكیاژ بەقاچاغ بێت، چونكە جوانكاری بازرگانییەكی كراوەیە».
وتیشی: «جلوبەرگ و بەرهەمی جوانكاری خانمان زیاتر دێت لەپیاوان، قەبارەی هاوردەكەش بەپلەی یەك لەتوركیا پاشان ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاو ئاسیا هاوردەدەكرێن.
د.جەلال عەبدوڵا حاجی، مامۆستای كیمیاییو ئەندام لەزانكۆی سەڵاحەدین بەوردی ئاماژەی بەماددە كیمیاییە ژەهراوییەكان كردو بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «لەسەدەی بیست و یەكەمدا كەرەستەی جوانكاری بەشێوەیەكی بەرفراوان تەشەنەی كرد، بەرهەمەكانیش بریتین لەكرێم، پاودەر، بۆن، بۆیەی نینۆك، عەدەسە، بۆیەی قژ، خوێی حەمام، ...هتد، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رۆژانە خانمان نزیكەی ١٦٨ مادەی كیمیایی جیاواز لەماكیاژو جوانكارییەكانیاندا بەكاردەهێنن، تووێژینەوەكانیش هۆشداریدەدەن لەبوونی ماددەی شێرپەنجەیی و ژەهراوی لەناو ئەو پێكهاتانەدا»، وتیشی: «لێرەدا ئاماژە بەچەند جۆرێكیان دەدەم وەكو (فۆرماڵدیهاید، سیلیكۆن، تریكلۆسان، پۆلی ئیتیلێن گلایكۆڵ، ...
هتد)، یان (ئیتانۆلامین) لەئەساس و ماسكاراو كرێمەكاندا هەیەو مادەی هەستیارین یاخود (ئۆكسیبێنزۆن) لەدژەخۆرو غسول و بەڵسی لێوو بۆندا هەیەو تێكدەری رژێنی دەرەقیین، هەروەها ماددەی (بوتیل و پرۆپیل و ئیتیلپارابێن) ماددەی پارێزەرن (حافیزە)ن»، ماركەكانی ماكیاژ زۆرن ئەمەش وادەكات دەرەفەتی فێڵكردن زۆربێت، بەڵام خانمان پێش كڕینی بەرهەمی ماركە پێویستە سەیری پاكەت و رەنگ و وشەی بەرهەمەكە بكەن یان لیبێڵ و زنجیرە ژمارەی كۆمپانیاكە، یاخود بۆنەكەی و نەرم بووەستێت لەسەر پێست، سەیری فڵچەكەشی بكرێت و نابێت موەكانی ناڕێك و قەبارە جیاواز بێت، گەر نرخی گونجاو بوو ئەوە ساختەیە.
بەپێی ئامارێكی فەرمی لەبەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی كەنێردراوە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە١٥٠ تۆن دەرمان و بەرهەمی جوانكاری لەناوبراون، ئەمە لەكاتێكدایە ٦٤ كۆمپانیا داخراون لەگەڵ داخستنی ٦٧ كۆگای دەرمان، هەروەها نۆ كەیسی یاساییش لەدادگا هەن.
د.گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودیری بازارو بازگەكانی دەرمان (كوردستان) بۆ هاوڵاتی دەڵێت: «سێ جۆر هاوردەكردن هەیە، جۆرێكیان جوانكارییە (كۆزمەتیك) كەبازرگان دەتوانێت لەڕێگای وەزارەتی بازرگانییەوە هاوردەی بكات یان لەماركێت و بازاڕەكان هاوردەی بكەن، دووەم جۆر بەرهەمی جوانكاری پزیشكییە لێرەدا پێویستی بەتۆماركردن و مۆڵەت هەیە لەوەزارەتی تەندروستی و بەكوالێتی كۆنتڕۆڵدا دێت و پشكنینیان بۆ دەكرێت، جۆری كۆتایی قاچاغیەكە لەڕێگەی ئۆنلاینەكانەوە ساغدەكرێتەوە، هەر شتێكیش مۆڵەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی نەبێت دەبێتە قاچاغ».
شەنگە عوسمان، خاوەن براندی شەنە بیوتی ناچڕاڵ و خوێندكاری بەشی پزیشكی بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «گەر ماددەی كیمیایی لەبەرهەمەكاندا نەبێت ئەو بەرهەمە دروستنابێت، بەڵام بەرهەمە سروشتییەكان لەسەدا ٩٠ بۆ ٩٥ـی لەزەیت و ئاو پێكدێت و ئەو رێژەیەی تری بۆ ماددەی كیمیاییە».
وتیشی:»لەپۆلی ١٠ خولیای ئەم كارەم هەبووەو چاودێری چەند پزیشكێكی میسریم دەكردو كارەكانیانم دووبارە دەكردەوەو زۆر سوودم لێبینین، بۆ نزیكەی شەش بۆ حەوت ساڵە ئەو بەرهەمانە درووستدەكەم و ئەو بەرهەمانەشی دەیكەمە بازاڕەوە ئەزمونی حەوت ساڵی خوێندن و بەدواداچوونمە، چونكە رۆژ هەبووە ١٨ كاتژمێر چاودێریم كردووە یان بۆ بەرهەمێكم شەش كاتژمێر خوێندوەتەوە ، بەڵام گومانی تێدا نیە كەسانێك بە نائەكادیمی شت تێكەڵدەكات و بەناوی سابون و كرێم ساغیدەكاتەوە، من مۆڵەتی رێپێدانم هەیەو بەرهەمەكانم هەموویان كتابیان هەیەو پێش و پاش خستنە بازاڕ لەلایەن تەندروستییەوە پشكنینی بۆ دەكرێت».
هاوكات د.جەلال عەبدوڵا حاجی، مامۆستای كیمیایی و ئەندام لەزانكۆی سەڵاحەدین رایگەیاند: «هەر خانمێكی ئاسایی لەماوەی تەمەنیدا نزیكەی ٣٥٠ گرام سووراوی لێو دەخوات، سوراو بەڕێژەی ٦٠٪ قوڕقوشمی تێدایە كەكانزایەكی قورسی ژەهراوی دەمارییە و لەبەرهەمی ٢٠ ماركەدا دۆزاوەتەوە، كانزا قورسەكان خانمان دووچاری شێرپەنجە، تێكچوونی زاووزێ، گورچیلەو هەڵوەرینی قژ دکەوە».
هەروەها د.شیروان سادق بەڕێوەبەری گشتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی بەهاوڵاتی دەڵێت: «بەرهەمی جوانكاری دەبێت مۆڵەتی هاوردەكردنی لەكوالێتی كۆنترۆڵ وەرگرتبێت و مەرجە ناوی كارگەو براندی بەرهەمەكە تۆماركرابێت، پاشان بەپڕۆسەی پشكنین و هەڵسەنگاندن تێپەڕبووبێت ئەوكات مۆڵەتیان پێدەدرێت، جوانكاری دوو بابەتە ئەویش بەرهەمی پزیشكییە لەگەڵ ئاسایی، هەربۆیە لەو نێوەندەدا خەڵك دۆخەكەی ئیستغلال كردووەو ئەو بەرهەمانە لەعێراقدا بەكوالێتی كۆنتڕۆڵدا نایەت، بەڵكو بەمۆڵەتی هاوردەكردنی بازرگانی دەیهێنن و دابەشی دەكەن».
وتیشی: «لەبەرئەوەی بازاڕەكەی كراوەیە لەوبڕوایەدا نین قاچاغی پێوە بكرێت چونكە وەكو دەرمان نیە رێكارەكانی توندە، هەروەها مۆڵەتی بازرگانییان ئاسان وەردەگیرێت و لەمەرزی ئیبراهیم خەلیل لەكۆنترۆڵی جۆری (نیو ستاندارد) بەپێی ستانداردی عێراقی پشكنینی ئەو بەرهەمانە دەكرێت، هەموو كاڵایەك پشكنینی بۆ ناكرێت لەكوالێتی كۆنترۆڵ چونكە لیژنەی هەڵسەنگاندن هەیە بەپێی كارگەو براندو بەڵگەنامەكان بڕیاردەدات چەند بابەت پشكنینی بۆ بكرێت، هەربۆیە هاوڵاتی پێیوایە هەرچی دێت دەبێت پشكنینی بۆ بكرێت».
د.بەدر قادر سورچی، پسپۆڕو یاریدەدەر لەچارەسەری نەخۆشی بەگیادەرمان بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «پڕۆسەی بەرهەمی سروشتی هێواشە، خانم ئارامی نیەو بیر لەئێستای دەكاتەوە نەك پەنجاساڵی داهاتوی، بەنموونە ئافرەت دەیەوێت لێوی سور بێت لەجیاتی سوراو با زەیتی گوێزهیندی یان تێكەڵەی ئاوی گوڵ و هەنگوین یاخود تێكەڵەی چەوەندەرو زەیت و هەنگوین شەوانە بەكاربهێنێت، یاخود تێكەڵەی دەنكە هەناری كوتاوو فازلین، یان گەڵای گوێزو بادەم، بەڵام كاتێك ئافرەت بیەوێت لێوی گەورە دەربخات، ئەمە دەچێتە خانەی دەستكاریكردن، بۆیە بەرهەمی سروشتی ئەوەیە كەمرۆڤ سروشتی بێت».