شارەزایان: بەنداوەکانی تورکیا هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا له‌باره‌ی بەنداوەکانی وڵاته‌كه‌ی له‌ دوای بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ "دڵنیایی"دا كه‌ هەمو بەنداو و وێستگەکانی کارەبای وڵات لە دۆخێکی باشدان و کاریگەرییان لەسەر نەبوە، هه‌ندێك له‌ شارەزایانیش ده‌ڵێن، بەنداوەکانی تورکیا هەرچەندە هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکەی تا ئەوڕادەیەی کە بوەتە وێرانکەر.

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بە تەقینی بەنداوەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-2-2023، سەردانی پارێزگای ئەدەنەی کرد و رایگەیاند، "بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تەکنیکیەکان پشکنین و چاودێری بەنداو و وێستگەکانی کارەبا ده‌كه‌ن بۆ دڵنیابون لە سەلامەتییان، به‌ڵام "هیچ دزەکردنێک نییە، چ لە بەنداوەکان و چ لە وێستگەکانی کارەبای ئاویدا".

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاشکرایکرد، 110 بەنداو و 30 پۆند لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو هەن و گوتی: "لەو 140 بەنداو و پۆندەدا هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت. لە 132یاندا تیمەکانمان دڵنیابوونەتەوە لەوەی هیچ بەهاناوەچوونێک پێویست نییە. پشکنینی هەشت بەنداویش بەردەوامە".

بومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی ئه‌م مانگه‌، زیانێکی زۆری ماددی و مرۆیی لێكه‌وته‌وه‌، هەروەها مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر سەلامەتی بەنداوەکان لە هەردو وڵاتی تورکیا و سوریا دروستکردوه‌.

بەوتەی شارەزایان، بەنداوەکانی تورکیا هەرچەندە هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکە تا ئەوڕادەیەی کە بوەتە وێرانکەر، بەو پێیەی ئەو بەنداوانە لە ناوچەکانی چالاکیی بومەلەرزەیی مەترسیدار و چالاکدا هەڵکەوتون.

شارەزایان دەڵێن، ئەو بەنداوانە کاریگەرییان لەسەر توێکڵی زەوی و ژێر خاکەکەی هەیە، بەوپێیەی ئاو لە درزەکانەوە دەڕژێتە ناو زەوی و دادەبەزێت بۆ ناو حەوزەکانی ژێر زەوی و دەبێتە هۆی پرۆسەی فراوانبون یان شکانەکانی ناو حەوزەکان و خلیسکانیان.

ژمارەی بەنداوەکانی تورکیا 579 بەنداوە، کە کۆگاکەیان 650 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێپەڕاندوە و بەنداوی ئەتاتورک و کەبان گەورەترین بەنداون لە وڵاتەکەدا.

رۆژی 6-2-2023 پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بە بوومەلەرزەیەکی 7.8 پلەی رێختەر هەژا. تائێستا زیاتر لە 24 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 80 هەزار کەسیش بریندارن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار