ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا گەیشتە سەروو 33 هەزار کەس
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 33 هەزار و 179 کەس بەرزبووەوە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە دەکرێت ژمارەکە دوو هێندەی لێ بێت.
رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە بۆ 29 هەزار و 605 کەس بەرزبووەتەوە. هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 80 هەزار و 276 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، هەزار و 408 کەس لەوان لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان؛ هاوکات 2 هەزار و 167 کەس لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن.
ئەوە لە کاتێكدایە، مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 و رایگەیاند، 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت.
هاوکات،ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەرنامەی تۆدەی رادیۆی چواری بی بی سی وتی، بۆ ئەوەی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەنە هەندێک ناوچەی سوریا، دانوستان بەردەوامە و داوای لە وڵاتان کرد پشتیوانی و هاوکاری لەم رووەوە بکەن.
سەرلەبەیانی ٦ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز باكورو رۆژئاوای كوردستانی هەژاندو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە باكوری كوردستان بوو.
یەكەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:17 بەگوڕی ٧.٧ ناوچەی پازارجكی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆك (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش كاتژمێر 4:36 بە گوڕی ٥.٥ ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆكی (عەنتاب) باكوری كوردستانی هەژاند.
بومەلەرزەكان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج كیلۆمەتر لەژێر زەوی روویانداو هەرسێكیان زیاتر لەخولەكێك بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاكانی دیلۆك و مەرەش، بومەلەرزەكان كاریگەریەكی زۆریان لەسەر پارێزگاكانی، ئامەد، سەمسور، روحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، كلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باكوری كوردستان و توركیا دروستكرد.