لە هاتای سێ کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە کوژران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ناوچەی دەفنەی پارێزگای هاتای کە بومەلەرزەکە کاریگەریەکی زۆری لەو ناوچەیە دروست کردووە، سێ کەس کە پیکابێکیان پێبووە و کەلوپەلی ماڵانیان بار کردبوو، لەلایەن هەندێک کەسی دیکەوە بە لێدان و ئەشکەنجە کوژران.

رۆژی ٦ی شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزەیەکی بەهێز کە ناوەندەکەی پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان بوو روویدا و کاریگەری لەسەر ١٠ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان و چوار پارێزگای سوریا و رۆژئاوای کوردستان دروست کرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە سێ کەس بە دەموچاوی خوێناویەوە لەسەر زەوی کەوتون. باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو سێ کەسە لە هاتای دەستیان بە تاڵانی کردووە و کەلوپەلی ماڵانیان دزیوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕەکاندا بڵاودەکرێنەوە، سێ کەسەکە بە ئەشکەنجە و لێدان کوژراون. لە ماوەی چەند رۆژی دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا، چەندین دیمەنی بەم شێوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە سەربازانی تورکیا، چەندین کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە باڵەخانە رووخاوەکاندا ئەشکەنجە دەدەن.

بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی فەرمی تورکیا، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس لەو شارانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار