نیوەی داهاتی نەوتی كوردستان بۆ تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی دەڕوات
2 ساڵ لەمەوپێش
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاپۆرتێكدا ئاماری داهات و خەرجی نەوتی بۆ هەردوو چارەكی كۆتایی ساڵی 2022 بڵاوكردەوە كەتیایدا لەماوەی ئەو شەش مانگەدا زیاتر لە 78 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو زیاتر لە 71 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كەداهاتەكەی زیاتر لە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتیش زیاتر لە دوو ملیارو 700 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ماوەش بۆ حكومەت بۆ موچە تەنیا دوو ملیارو 793 ملیۆن دۆلار بووە، شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی كوردستان-یش دەڵێت ئەو ژمارانە جێگەی متمانە نین.
حكومەتی هەرێم لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەدەكات لەچوارچێوەی پرۆسەی وردبینی سەربەخۆیی كەرتی نەوت و گاز، وەك بەشێك لەدەستپێشخەری تایبەت بەشەفافیەت لەبەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیران، ئاماری شەش مانگی رابووردووی ساڵی 2022 بڵاوكردووەتەوەو لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتی جیهانیش دوای وردبینی پشتڕاستی كردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكەی حكومەتی هەرێم لەچارەكی سێیەمی ساڵی رابردوودا (١ی تەمموز تاوەكو ٣٠ی ئەیلول ٢٠٢٢) ، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی بە 45 دۆلار ئەژماركردووەو (3 ملیارو 116 ملیۆنو 890 هەزار و 171) دۆلار داهاتی نەوتی هەبووە جا چ لەڕێگەی هەناردەكردنەوە بۆ دەرەوە بێت یاخود لەبەكارهێنانی ناوخۆدا. بەپێی راپۆرتەكە حكومەتی هەرێم لەو داهاتە تەنیا بڕی (یەک ملیار و 603 ملیۆنو 88 هەزار و 296) دۆلاری وەك داهات بۆ موچە تەرخانكردووە، بڕی (یەک ملیارو 513 ملیۆنو 801 هەزار و 296) دۆلاری بۆ خەرجی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت تەرخانكردووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە لەچارەكی چوارەمی ساڵی رابردوودا (1ی تشرینی یەكەمی تاوەكو 31ی كانوونی یەكەمی 2022)، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی بە 69 دۆلار ئەژماركردووەو (دوو ملیارو 452 ملیۆنو 723 هەزار و 553) دۆلار داهاتی نەوتی دەستكەوتووە جا چ لەڕێگەی هەناردەكردنەوە بۆ دەرەوە بێت یاخود لەڕێگەی بەكارهێنانی لەناوخۆدا بێت.
لەو داهاتەش كەحكومەت لەنەوت دەستیكەوتووە، تەنیا بڕی (یەک ملیار و 190 ملیۆنو 789 هەزار و 284) دۆلاری وەكو داهات بۆ موچە تەرخانكراوە، بڕی (یەک ملیار و 261 ملیۆنو 934 هەزار و 269) دۆلاری بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت رۆیشتووە.
شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە (هاوڵاتی) راگەیاند: بەهیچ شێوەیەك ئەو ژمارانە جێگەی متمانە نین چونكە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت وردبینی پێویستی بۆ ناكرێت، ئەگەر وردبینی بكرێت ئەوا كۆمپانیای دیلۆیت لەسەر كاغەز دەیكات نەك لەكێڵگە نەوتییەكانەوە هەتا فرۆشتن و دابەشكردن، لەبەرئەوە پڕۆسەی وردبینی قبوڵكراو نییە، چونكە كۆمپانیای دیلۆیت گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كردووە نەك ئەوەی كۆمپانیایەكی بێلایەن بێت، هەربۆیە كۆمپانیاكە وەك بەشێك لەحكومەت تەماشادەكرێت.
دەربارەی گرێبەستە نەوتییەكانیش شێركۆ جەودەت دەڵێت: "بەداخەوە گرێبەستە نەوتییەكان كەموكورتی زۆری تێدایەو ئەو رێژە زۆرەش بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت وردبینی لەسەرناكرێت كەچۆن پرۆسەكە ئەنجامدراوە، كەسێك یان لایەنێك نییە وردبینی و لێكۆڵینەوە بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكان كەهاوپێچن بەكۆمپانیا بیانییەكان لەبواری نەوتدا بكات، ئەمەش وایكردووە كە تێچوو زۆر بەرزبێت و گەندەڵییەكی زۆری تێدابكرێت و ئەو گرێبەستانەشی كە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكاندا كراوە كەموكورتی زۆری تێدایە بە شێوەیەك كەحكومەتی هەرێم تەنها ٤٣٪ی قازانجی دەستدەكەوێت و ٥٧٪ەكەی دەچێت بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان".
جەختیش لەوەدەكاتەوە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت هەتا لەدەستی یەكێتی و پارتیدا بێت هەر بەو شێوەیە دەبێت.
لەساڵی 2015ەوە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت و ساڵانە راپۆرتێك دەربارەی داهات و خەرجی نەوتە فرۆشراوەكەی دەخاتە ڕوو كەچەندین شارەزاو ناوەندی رەخنە لەژمارەكانی دەگرن و پێیان وایە زۆر وردنین بەتایبەت ئەو خەرجییە زۆرەی لەبەرهەمهێنانی نەوتدا خەرجدەكرێت