سوپای عێراق کوژرانی 12 چەکداری داعش رادەگەیەنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرستان و کێوماڵکردنی پێگەکانیان، لە 24 کاتژمێری رابردودا لە رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای بەغدا 12 چەکداری داعش کوژراون.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی گەرەنتیکردنی ئاسایشی زیارەتکارانی رۆژی شەهیدکردنی ئیمام کازم کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، لە 24 کاتژمێری رابردودا هێزەکانیان ژمارەیەک ئۆپراسیۆنیان ئەنجام داوە و تیایدا 12 چەکداری داعش کوژراون.
حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017دا، سەرکەوتنی خۆی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی ناوسراو بە داعش دا ڕاگەیاند، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ، هێرشی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوامە هەربۆیە هێزەکانی عێراق ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ پاکتاوکردن و دڵنیابوون لە سەرهەڵنەدانەوەی ئەو گروپە بەردەوامە
ئۆپراسیۆنەکەی دوێنێی سوپای عێراق پێنجەمین ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانە لە ماوەی هەفتەیەکدا دژی داعش، سێشەممەی رابردوش هێزە ئەمنییەکان پلانێکی "تیرۆرستی" داعشیان پوچەڵکردەوە و کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی رێکخراوەکەشیان راگەیاند.