زیانەكانی بومەلەرزە سوریا؛ زیاتر لە 5 ملیۆن كەس بێ ماڵ و حاڵ بوون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بومەلەرزەكەی رۆژی دووشەممە ٦ی شوبات، زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لەسوریاو رۆژئاوای كوردستانیشی لێكەوتەوە. بومەلەرزەكە زیاتر پارێزگاكانی حەلەب، ئیدلب، حەما، لازقیە و كانتۆنی عەفرین و بەتایبەتی ناوچەی جندرێسی عەفرینی گرتەوە.
لە رۆژئاوای كوردستان و سوریاش بەگوێرەی نوێترین ئامارەكان زیاتر لە پێنج هەزارو 800 كەس گیانیان لەدەستداوەو شەش هەزار كەسیش بریندار بوون. بەڵام رێك برێنن بەڕێوەبەری نووسینگەی باری لەناكاوی تەندروستیی جیهانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە سەردانی پارێزگای حەلەبی سوریای كردبوو رایگەیاند: تاوەكو ئێستا لانیكەم هەشت هەزارو ٥٠٠ كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە. بەتەنیا لەعەفرینی رۆژئاوای كوردستان هەزارو ١٢ كەس گیانیان لەدەستداوە كەزۆربەیان لەناوچەی جندرێسە كە بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەكان ٩٠٪ی ناوچەكە وێران بووە.
بەگوێرەی قسەكانی رێك برێنن، بەگشتی نزیكەی چوار هەزار كەس لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سووریا و چوار هەزارو ٥٠٠ كەسی دیكە لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن و گرووپە چەكدارەكان گیانیان لەدەستداوە. نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، بوومەلەرزەكە بووەتە دەربەدەربوونی نزیكەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی سوریا.
كەمترین هاوكاری گەیشتووەتە زیانلێكەوتووان
بەوپێیەی كە وڵاتەكە بەسەر سێ دەسەڵات دابەشبووە، پرۆسەی گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ زیانلێكەوتووان بەخاوی بەڕێوە دەچێت. خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا پرۆسەی هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووانی دەستپێكردو چەندین بارهەڵگری پڕ لەپێداویستیە سەرەتاییەكان بۆ هەرێمەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكان لەئیدلب و عەفرین و حەلەب رەوانە كرد، بەڵام هەم حكومەتی دیمەشق و هەم گروپە چەكدارەكان لەگەیاندنی هاوكارییەكان بەزیانلێكەوتووان رێگری دروستدەكەن.
تاوەكو ئێستا دوو كاروانی هاوكاری كەدەیان بارهەڵگری پڕ لەپێداویستی و خۆراك و سوتەمەنی لەخۆدەگرێت، لەلایەن خۆبەڕێوەبەریەوە رەوانەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان كراوە.
هەروەها خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، فەرمانی كردووە كە هەموو دەروازەكان بە رووی هاوكاری و هاتنی ئاوارەو زیانلێكەوتووەكاندا بكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە زیاتر لە سێ هەزار خانەوادە كە ماڵ و حاڵیان وێران بووە، لەگەڕەكە كوردنشینەكانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی كوردنشینی حەلەبەوە روویان لەهەرێمی شەهبای ژێر كۆنتڕۆڵی خۆبەڕێوەبەریدا كردووە كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی ١٥ هەزار كەس.
خۆبەڕێوەبەری لەم چەند رۆژەی دواییدا رایگەیاندبوو، لە ١٠٠ تەنكەری سوتەمەنی و ٢٠ بارهەڵگری پڕ لەپێداویستی و خۆراك لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە و نزیكەی ٥٠ تەنكەری سوتەمەنی و بەدەیان بارهەڵگری پێداویستی و خۆراك لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و رێگەنادرێت بگاتە دەستی زیانلێكەوتووان.
بەگشتی لەشارەكانی وەك قامشلۆ، رەققە، حەسەكە چەندی كەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكاری و هەڵمەتی خوێنبەخشین بۆ برینداران دەستیپێكردووە. بەڵام بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی كە لەمیدیاكاندا بڵاودەكرێنەوە، زیانلێكەوتووان پێویستیان بەدەرمان هەیە كەناوچەكە بەگشتی رووبەڕووی قەیرانی دەرمان بووەتەوە.
لە كاتێكدا كە بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لەو وڵاتە پێویستیان بەهاوكاریە، بەڵام كەمترین وڵات هاوكاری بۆ سوریا ناردووە.
ئاژانسی هەواڵی وامی ئیماراتی رۆژی ١٢ی ئەم مانگە رایگەیاند، عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان سەردانی دیمەشقی كردووەو پشتگیری خۆی بۆ خەڵكی سوریا دەبڕیوە. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەكە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئیمارات ٣٦ فڕۆكە، خۆراك و كەرەستەی پزیشكی و چادری بۆ زیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكە رەوانەكردووە.
تاوەكو ئێستاش چەند بارهەڵگرێكی هاوكاری سعودیە گەیشتووەتە سوریاو فەیسەڵ بن فەرحانی وەزیری دەرەوەی سعودیە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەهەوڵدان كەوڵاتانی جیهان هاوكاریەكانیان پێشكەش بەسوریا بكەن.
٢٠ هەزار خوێندكار بێبەشبوون لەخوێندن
بەهۆی بومەلەرزەكەوە، پرۆسەی خوێندنیش پەكی كەوتووە. سەمیرە حەج عەلی هاوسەرۆكی دەستەی پەروەردەی خۆبەڕێوبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هاوارنیوزی ئاشكراكردووە، لەگەڕەكەكانی شێخ مەقسود، ئەشرەفیەو هەرێمی فورات كەزیانێكی زۆریان بەركەوتووە، پرۆسەی خوێندنیان راگرتووە.
فاتیمە كۆشان هاوسەرۆكی كۆمیتەی پەروەردەیی گەڕەكەكانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەش بەهەمان ئاژانسی راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی زیان بەقوتابخانەكان گەیشتووە و ژمارەیەك قوتابخانەش وەك پەناگە بەزیانلێكەوتووان دراوە، پرۆسەی خوێندن پەكی كەوتووەو نزیكەی ٢٠ هەزار گەنج و منداڵ لەپرۆسەی خوێندن بێبەشبوون.
سەرچاوەیەكیش لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شاری حەلەب بەئاژانسی نۆرس پرێسی نزیك لەخۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاندووە، حكومەتی سوریا لیژنەیەكی بۆ دیاریكردنی ئەو زیانانە پێكهێناوە كە بەبینای قۆتابخانەكان گەیشتوون و لەپشكنینە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كەزیان لەناو چواردە قوتابخانەی نێو گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی شارەكەدا هەبووە. ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكردووە، گەڕانەوەی دەوامی قوتابخانەكانی شاری حەلەب پەیوەستە بەڕاپۆرتی سەلامەتی بیناكان.
زیانە ئابورییەكان
هەرچەندە تاوەكو ئێستا هیچ ناوەندێك ئاماری زیانە ئابورییەكانی بومەلەرزەكەی سوریای ئاشكرانەكردووە، بەڵام لەسەرتاسەری سوریا بەهەزاران باڵەخانەو خانوو رووخاون. تەنیا غەسان ئەلزەمیل وەزیری كارەبای سوریا زیانەكانی كەرتی كارەبای بەنزیكەی ١٠ ملیاری لیرەی سوری خەمڵاندو رایگەیاند، پێویستی بەنزیكەی مانگێك هەیە تاوەكو تۆڕی كارەبای ناوچە زیانلێكەوتووەكان نۆژەن دەكرێنەوە.
