بەکارهێنانی ڤایب لەناو گەنجان و خوێندکاراندا بەرەو دیاردەبوون دەڕوات

2 ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
تادێت بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی (ڤایپ) لەناو گەنجان و هەرزەكاراندا زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەناو خوێندكارانی خوێندنگاكاندا بەجۆرێك كار گەیشتووەتە ئەوەی كەبەشێك لەخوێندكاران ئالوودەبن پێوەی، تووێژەرێكی كۆمەڵایەتیش باس لەوەدەكات كەبەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بەرەو دیاردەبوون دەچێت.
جگەرەی ئەلیكترۆنی یان (ڤایپ، پۆد)یشی پێدەوترێت، ئامێری گەیاندنی ئەلیكترۆنی نیكۆتینە، بارگاوی دەكرێتەوەو چەندین تامی جیاواز لەخۆدەگرێت وەك: سەهۆڵ- ئەناناس- لیمۆ- نەعناو شلیك و چەند تامێكی دیكە.
رێباز عەلی، تووێژەری كۆمەڵایەتی لەخوێندنگای سەڵاحەدینی ئەیوبی كوڕان لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «جگەرەی ئەلیكترۆنی گرفتێكی گەورەیە لەناوەندەكانی خوێندنداو بەشێكی زۆری خوێندكاران بەكاریدەهێنن و بەرەو دیاردەبوون دەچێت».
ئەو تووێژەرە دەڵێت: خوێندكار هەیە یەكجار بەكاریدەهێنێت وەكو تاقیكردنەوەیەك یان وەك چاولێكەرییەك لەهاوڕێكەی، خوێندكاریش هەیە چەندجارێك دووبارەو چەندبارەی دەكاتەوە یان خوی پێوە گرتووە، خوێندكار هەیە دێت داوای چارەسەری دەروونی دەكات و دەڵێت من ئالوودەی جگەرەی ئەلیكترۆنی بووم».
سەبارەت بەهۆكاری زۆربوونی بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی ئەو تووێژەرە ئاماژەی بەچەند خاڵیك كرد كەئەوانیش: «بەئاسان دەستكەوتنی لەماركێتەكانداو نەبوونی چاودێری لەسەری و بەكارهێنانی لەلایەن بەشێك لەئەندامانی خێزانەوە كەدەبێتە هاندەرێك بۆ خوێندكاران و تەنانەت كێشانیشی لەلایەن مامۆستایانەوە، هەروەها بەكارهێنان و ریكلامكردنی ئەم كاڵایانە لەلایەن یوتیوبەرو مۆدێلەكانەوە كەئەم كەسایەتیانە لای بەشێك لەخوێندكاران وەك كەسایەتی پێشەنگ دەبینرێن و چاویان لێدەكەن».
بەپێی قسەی ئەو تووێژەرە لەئێستادا بەكارهێنەرانی جگەرەی ئەلیكترۆنی تەنها كوڕان نین، بەڵكو لەكچانیشدا بەكارهێنەرانی زیادیكردووە و دەڵێت: «دەستكەوتنی ئاسانە، بەشێكیان لەقوتابخانەدا لێیان دەسەندرێت و بەشێكیشیان خێزانەكانیان ئاگادارن و بەشێكی بەكارهێنەری جگەرەی ئەلیكترۆنی خوێندكارانی پۆلی ١٢ن».
حاڵەت هەبووە دایك و باوك خۆیان بازرگانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بوون و داوایان لەستافی خوێندنگە كردووە كەئاگایان لەمنداڵەكەیان بێت و تووشی جگەرەی ئەلیكترۆنی و ئەو حاڵەتانە نەبێت و تێكەڵی ئەو هاوڕێیانە نەبێت كەبەكارهێنەری ئەو جۆرە ماددانەن.
جەلال كەریم، بەڕێوبەری قوتابخانەی بنەڕەتی ئامێدی لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكیدا بە (هاوڵاتی) وت: چەندینجار جگەرەی ئەلیكترۆنی و جگەرەی ئاسایی بەخوێندكار گیراوەو لەئێستادا جگەرەی ئەلیكترۆنی بووەتە دیاردە لەناو گەنجاندا، تەنانەت لەناو كچانیشدا باوەو چەندین جار بەخوێندكاری كچمان گرتووە، بەڵام حاڵەتەكە لەناو كچاندا كەمترە.
وتیشی: خوێندكار هەبووە چەندین جار جگەرەی ئەلیكترۆنیمان پێگرتووەو بانگهێشتی كەسوكاریشیمان كردووە بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئالوودەی دوكەڵ كێشان بووە هیچ چارەسەری نەبووە یان چارەسەرەكەی زۆر گرانە، هەروەها بەشێكی خوێندكاران بازرگانی بەجگەرەی ئەلیكترۆنییەوە دەكەن، واتە خۆیان دەیكڕن و دەیهێنن بۆ قوتابخانەو بەشێوەی قیست یان نرخێكی زیاتر دەیفرۆشنە هاوڕێكانیان.
ئاڕاستەیەك هەیە لەناو كۆمەڵگادا كەگەنجان و لاوان ئالوودە دەكەن و بەرەو دوكەڵكێشان و كاری ناڕەوایان دەبەن كە لەپشتییەوە ئامانجی دیكە هەیە، یان بەشێك لەبەكارهێنەران بەهۆكاری رەواندنەوەی خەم و خەفەت و بەخشینی ئاسوودەیی دەزانن و بێكاری گەنجانیش هۆكارێكی دیكەیەو خاڵێكی گرنگیش ئەوەیە كەگەنجان لەم وڵاتەدا هیواو ئاواتیان نییەو بێئومێدن و بەشێكی گەنجانیش بەهێمای شارستانیەت و پێشكەوتنی دەزانن. مامۆستا جەلال كەریم وای وت.
بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و پۆلیسی سلێمانیش بەهۆی زۆربوونی بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنیەوە بڕیاروایە كۆنفڕانسێك لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی سازبكەن، لەو بارەیەوە لەتیف حسێن سەرۆكی لیژنەی پەروەردە بۆ ئەو پرسەو هاوكات بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی شارباژێڕ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: چەندین حاڵەت و دیاردە هەن ناوەندەكانی خوێندن بەدەستییەوە دەناڵێنێت، لەوانە وازهێنان لەخوێندن و ئالودەبوون بەئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و خراپ بەكارهێنانیان و زوو هاوسەرگیری كردن و چەندینی دیكە، هەروەها بەكارهێنەرانی جگەرەی ئەلیكترۆنی لەناو خوێندكاران و تەنانەت مامۆستایانیشدا رێژەكەی زۆرە بێگومان كەمامۆستا بەكاریهێنا رێگە خۆشدەكات بۆ ئەوەی خوێندكارانیش بەكاریبهێنن، بەڵام من پێموایە هێشتا نەبووەتە دیاردەیەكی بەربڵاو و بەشێكی زۆری ناوەندەكانی خوێندن رێكاری پێویستی خۆیانیان هەیەو رێگە بەتەشەنەسەندنی نادەن.
وتیشی: بێگومان بەبێ هەماهەنگی كەرتی پەروەردەو برایانی پۆلیس و ئاسایش، ناتوانرێت ئاسایشی كۆمەڵایەتی بپارێزرێت، بۆیە لەم سۆنگەیەوە بەردەوام پەروەردە لەگەڵ ئاسایش و پۆلیس هەماهەنگی هەیەو رێگاكان و رێكارەكانی ئەم هەماهەنگییەش ئەوەیە كاتێك حاڵەتێك دێتە پێش، یان كەیسی خوێندكارێك یان مامۆستایەك پێویستی بەوان هەبێت، بەسوپاسەوە بەردەوام لەسەر خەتن لەگەڵمان هاوكارو پشتیوانن.
لەتیف حسێن باسی لەوەشكرد كەهۆكارەكانی پشت ئەم حاڵەت و دیاردانەی كەئێستا بەرۆكی كۆمەڵگەی گرتووە زۆرن، كرانەوەی كۆمەڵگەی كوردی و زۆر هەنگاوی بەپەلەو خێراو رواڵەتی بەناوی پێشكەوتن و گۆڕانگاری وایكردووە كێشەو گرفتی گەورە دروستبكات، نەمانی كۆنترۆڵی خێزان و زۆری هۆكارەكانی لەخشتەبردنی نەوجەوان و قۆناغە هەستیارەكانی تەمەن، هۆكارێكی ترن بۆ زیادبوونی حاڵەت و دیاردەكان، بەئاسانی دەستڕاگەیشتن بەهەر شتێك كەمرۆڤ بیخوازێت بەبێ فلتەرو لێپرسینەوە، هۆكارێكی ترە، ئەمە جگە لەوەی نەمانی متمانەو نەبوونی هۆشیاری بەردەوام، وایكردووە بەبەردەوامی رێژەی حاڵەت و دیاردە نامۆو مەترسیدارەكان و تاوان و تاوانكاری و لادانە كۆمەڵایەتیەكانیش زیاتر ببن.
بەپێی لێكۆڵینەوە تەندروستییەكانیش جگەرە ئەلیكترۆنییەكان سەرووی حەوت هەزار ماددەی كیمیایی جۆراوجۆرو كارلێكەر لەخۆدەگرن، دوو لەو ماددانەی كە لەنێو جگەرە ئەلیكترۆنییەكاندان بریتین لە (دای ئەسیتیل و ڤیتامین ئی ئەسیتەیت) كە بەڕێژەی بەرچاو هۆكاری برینداركردنی سیستەمی هەناسەدانن لەكاتی چوونە ناوەوەیان بۆ سیستەمی هەناسەو سییەكان دەبنەهۆی برینداركردن.
