سوودانی لەگەڵ بەڕێوبەری جێبەجێكاری گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان کۆبووەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، سەرۆک وەزیران و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگیان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا، لە شوێنی مانەوەی پێشوازیی لە کۆمفۆرت ئایرۆ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆکراوە لەسەر بەهێزكردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و قەیرانە جیاوازەكانی ئابووری و ئەمنی کە جیهانی بەخۆیەوە بینی، هەروەها كێشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و هەنگاوی هاوبەش بۆ چارەسەركردنیان و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانیان.
هەر لە دیدارەكەدا محەمەد شیاع سوودانی بانگهێشتی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتیی كرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولی ٥٩ی کۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایش گەیشتە شاری میونخ لە ئەڵمانیا.