ئەمریکا: تاران دەرفەتی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی لەدەستداوە
ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا: هەماهەنگیی زیاتر دەکەین بۆ بەرەنگاربونەی ئێران لە ناوچەکەدا
ئەنتۆنی بلینکن و ئانالێنا بێربۆک
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی هۆشداریی دەدەنە ئێران و واشنتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاران دەرفەتی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی لەدەستداوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا کۆبوەتەوە.
بە وتەی پرایس، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا کە لە بەشداربوانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015)ن لە هەنگاوەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هاوکاری نەکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی نیگەرانن و دەیانەوێت ئەو وڵاتە ناچار بکەن بە پابەندبون بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان.
وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردوە بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر خەڵک و خۆپیشاندەران دەیکات و جەختیان لەوە کردەوە کە دژی هەوڵەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە دەوەستنەوە.
هاوکات جۆن کیربی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بە تەلەڤیزیۆنی (فڕانس 24)ی راگەیاندوە؛ شتێک نەماوە بە ناوی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی چونکە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەنگاوەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی ئەو دەرفەتەی لەدەستدا.
کیربی ئاماژەی بەوە کردوە کە ئێران زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی روسیا کردوە کە لە جەنگ دژی ئۆکرانیا بەکاری هێناون و دەبێت تاران بەرپرسیارێتی ئەو کارانەی لە ئەستۆ بگرێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن لەگەڵ لەندەن و بەرلین و پاریس بڕیاریان داوە هەماهەنگیی زیاتر بکەن بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.