ئەمریکا پێشوازی لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتی بیانی لە کامپی هۆڵ دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارێکی کیرگیستان کرد کە تیایدا هەفتەی رابردوو 59 ژن و منداڵی کەسوکاری داعشی لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە و داوای کرد سەرجەم وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان بەرنەوە کە لەو کەمپەدا ژیان بەسەر دەبەن .

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (دووشەممە، 20ـی شوباتی 2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە سوپاسگوزارین بۆ کیرگیستان و هێزە هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ کارکردنیان لەگەڵماندا لەسەر ئاڵنگارییە مرۆیی و ئەمنییەکان، کە بەهۆی کامپەکانی هۆل و رۆژ دێنە پێشەوە".

پرایس دەڵێت، ئەمریکا داوا لە حکومەتی هەموو وڵاتان دەکات هەمان هەنگاوی کیرگیستان بنێن و هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی هۆل و رۆژ بگەڕێننەوە، "بەتایبەتیش ژن و منداڵان"،بەهۆی ئەوەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش هێشتا تەواو نەبووەو بەردەوام لە شانە نوستووەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەوە هێرش بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی سوریا و عێراق دەکرێت .

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ناوچەکە. "هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ئاوارانەی لە کامپەکاندا دەژین"، کە وەکو خۆی دەڵێت "زیاتر لە نیوەیان، تەمەنیان لەژێر 12 ساڵیدایە".

بەگوێرەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، نزیکەی 42 هەزار کەسی بیانی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە. جگە لەوەش، سەروو 23 هەزار هاووڵاتیی سوورییان لەگەڵدایە. رێکخراوەکە دەشڵێت، نزیکەی 37 هەزار هاووڵاتیی بیانی لە کامپەکانی هۆل و رۆژ دەمێننەوە کە تایبەتن بە ژن و منداڵەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان. لەو ژمارەیەش، نزیکەی 27 هەزاریان هاووڵاتیی عێراقن و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش هاووڵاتیی نزیکەی 60 وڵاتی دیکەن. 

ئەم هەنگاوەی کیرگیستان لە کاتێکدایە، لە مانگی ئاداری 2021ـشدا، 79 منداڵی کیرگیستانی لەگەڵ دایکەکانیان گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار