وەزیری دەرەوەی ئێران لە عێراقە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ عێراق راگەیاند، کە لە کاتژمێر دووی نیوەشەودا گەیشتووەتە عێراق و سەردانەکەی وەک سەردانێکی فەرمی ناوبرد.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە سەردانێکی فەرمی حسێن ئەمیر لهیان وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتووەتە عێراق و ئامانج لە سەردانەکەی پتەوترکردنی پەیوەندیی و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان تاران و بەغدا لەسەرجەم بوارەکاندا و سەردانەکە دوو رۆژ دەخایەنێت.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕانەوەی وەفدی عێراق دێت لە واشنتۆن کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی بە قاچاغ بردنی دۆلار سەردانی ئەمریکایان کرد و بەرپرسانی واشنتۆن بە روونی بە عێڕاقیان راگەیاندووە و کە نابێت دۆلار بچێتە ئێران و سوریا و لوبنان.

لەسەر بانگھێشتی ھاوتا عێراقییەکەی، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدێکی یاوەری بەرەبەیانی ئەمرۆ گەیشتنە فرۆکەخانەی بەغداد و لەلایەن ھیشام عەلەوی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیان لێکرا، دواتریش سەردانی شوێنی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیسیان کرد لە نزیک فڕۆکەخانەکە.

بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانەکەی عەبدوڵاھیان دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ھەردوو وڵات زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییە و لێپرسراوانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار