هاوسەرۆکی هە*دە*پە: بەرپرسیاری ئەم وێرانبوونە دەسەڵاتە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش چادر بەسەر بەشێک لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکاندا دابەش نەکراوە و زیانلێکەوتووان پێداویستی زۆریان بە شیری منداڵ، خۆراک و کەلوپەلی پاککردنەوە هەیە.

میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و شاندێکی هاوەڵی سەردانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەیان کرد لە گوندی نارلی سەر بە ناوچەی بازارجخی پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان و دواتر کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

سانجار لە کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسیەکەدا رایگەیاند، ١٧ رۆژ بەسەر بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش بێپلانی دەوڵەت بەردەوامە و وتی، " هاوکاریەکان بەسەر زیانلێکەوتوواندا بەشێوەیەکی سنوردار دابەش دەکرێن. تاوەکو ئێستا هاوکاری نەگەیەندراوەتە بەشێک لە گوندەکان. چادر لە هەندێک شوێنی دیاریکراو هەیە، بەڵام لە شوێنێکدان کە مەترسیان لەسەرە. بە گشتی زیانلێکەوتووان کێشەی خۆراک، شیری منداڵ و کەلوپەلی پاککردنەوەیان هەیە."

هاوسەرۆکی هەدەپە رەخنەی لە سیاسەتی نیشتەجێبوونی دەسەڵات گرت و وتی، " هەموو کەسێک دەبینێت کە سیاسەتی نیشتەجێبوونی دەسەڵات هۆکارێکی سەرەکی ئەم وێرانبوونەیە. رووخانی ئەم هەموو بینایە، تەنیا بەهۆی بوومەلەرزەوە نییە. ئەم ناوچانە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن و پێویست بوو باڵەخانەکان بەباشی دروست بکردانە."

دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات کە زیاتر لە ٤٢ هەزار کەس بەوهۆیەوە لە باکوری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باسی لە یاسای لێبۆردنی نیشتەجێبوون کرد کە لەساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن ئاکەپەوە پەسەند کرا.

لە ساڵی ٢٠١٧دا چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردنەکان، مۆڵەت بە هەموو ئەو باڵەخانە و خانووانەدرا کە بە کوالیتیەکی خراپ دروستکرابوون و ئۆپۆزسیۆن یەکێک لە هۆکارەکانی رووخانی خانوو و باڵەخانەکان بۆ ئەو یاسایە دەگەڕێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار