پۆلیسی ئێران پزیشکێکی بەلوچ بە هۆی چارەسەرکردنی بریندارانی ناڕەزایەتییەکان دەکوژێت

پزیشکە کوژراوەکە: دڵی شکاوی خانەوادەی ژینا ئەمینی و کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان لەبیر ناکرێت

ئیبراهیم ریگی

2 ساڵ لەمەوپێش



پزیشکێک بە هۆی ئەوەی چارەسەری بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی کردوە دەکوژێت و ئەو پزیشکەش چەند رۆژ پێش گیانلەدەستدانی دەنوسێت "من چەندجارێک لە خاکی خۆمدا کوژرام چونکە تاوانبار کرام بە چارەسەرکردنی بریندارەکانی وڵاتەکەم".

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردەوە؛ ئیبراهیم ریگی، پزیشکێکی ناوچەی مەکی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دوای دوبارە دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە ئەشکەنجە دراوە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو پزیشکە پێشتر بە تۆمەتی چارەسەرکردنی بریندارەکانی خۆپیشاندانی هەینی خوێناویی لە شاری زاهیدان نزیکەی سێ مانگ دەستگیرکرابو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد دەکرێت، دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستگیردەکرێتەوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دەدات.

ریگی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینیستاگرام نوسیبوی" هیچ بەلوچ و ئێرانییەک ناڕەزایەتییەکان لەبیر ناکات ئەو روداوانە بە پانتایی دڵی شکاوی دایکانی جەرگ سوتا و دڵ شکاوی بنەماڵەی ژینا ئەمینی و خودانور و دەیان کوژراو و برینداری وڵاتەکە لەبیر ناکرێت".

ئەو لە پۆستەکەیدا دەڵێت هەمو ئەو دڵە شکاو و خەمبارانە خەونی گەورەیان بۆ وڵاتەکەیان هەبو رەنگە ئێمە لە دۆزەخێکدا بین چونکە لەم وڵاتە هاوکاریی خەڵک و رەخنە لە کوشتنی خوشک و براکانم دەکرێتە تاوان لەسەر من، بۆیە گلەیی و سکالایی خۆمم لەوانەی ئازاریان داوم و ستەمیان لێکردوم بردوەتە بەردەم قاپی پەروەردگار، دەبێت ئەوە بزانن تەنانت لەسێدارەدانم و مەرگی خۆمم بۆ گرنگ نییە چونکە چەند جارێک لەم خاکەدا مردوم ئەگەرچی لەدەرەوە پێشنیاری کارکردنم پێدراوە بەڵام شاری خۆم (مەکی) جێناهێڵم.

ئیبراهیم ریگی کە تەمەنی 24 ساڵ بوە چوار رۆژ دوای پۆستەکەی لە لایەن پۆلیسەوە دوبارە دەستبەسەر دەکرێت و تەنها چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی لە بنکەی ژمارە (12) پۆلیسی زاهیدان رۆژی رابردو (22/2/2023) گیانی لەدەست دەدات و پزیشکی داد و دادوەری تایبەت لێکۆڵینەوە لە تاوان، مەرگی ئەو پزیشکە بە لێدان و ئەشکەنجەدان پشتڕاست دەکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار