یاسای رزگاربووە ئێزدییەكانی دەستی داعش; رزگاربووانی ئێزدی داوادەكەن حكومەتی عێراق یاساكە جێبەجێ‌ بكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی – دهۆك

یاسای رزگاربووە ئێزدییەكانی دەستی داعش كە لە 1ی ئاداری 2021 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكرا و تایبەتە بە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون و رووبەرووی توندوتیژی بوونەوە، بەئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و دوبارە تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگا، بەڵام دووساڵ تێپەری هێشتا یەك ژن قەرەبوو نەكراوەتەوە.

حەلا سەفیل، ژنێكی رزگاربووی دەستی داعشە و سێ جار كڕین و فروشتنی پێوەكراوە و حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنی داوە، لە 1 تەموزی 2017 لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە، ئەو كە خەڵكی  كۆمەڵگای تلقەسەبە سەر بە قەزای شنگال بە هاوڵاتی وت:» لەكاتی دەرچوونی یاساكە دڵمان خۆشبوو، بەڵام زیاتر لەدوو ساڵە لە چاوەڕوانیدان و تائێستا یەك دینارمان وەرنەگرتووە، تەنیا لە رۆژی 3ی ئابی هەموو ساڵێك كۆمەڵێك بەڵێن و قسەی گەورە دەكەن دواتر هەمووی لەبیر دەكەن».

چەكدرانی داعش لە ئابی 2014 دەستیانگرت بەسەر قەزای شەنگالدا، شەش هەزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، دواتر زیاتر لە سێ هەزارو 562  و ئافرەت و منداڵ و پیاو رزگاركران، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی زیاتر لە 2 هەزار 693 كەس دیارنیە.

هەرمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزدییان بە هاوڵاتی وت: « رزگاربووان لەبەرئەوەی ئێزدین حكومەتی عێراق هیچ شتێكیان بۆ ناكات، پرۆژەی یاسای رزگاربووانی دەستی داعش زیاتر لەدوو ساڵە لەسەر كاغەز ماوەتەوە و یەك ژن قەرەبوو نەكراوە، بە وڵاتانی ئەوروپا و زۆر كەسمان وتووە حاڵی رزگاربووانی دەستی داعش زۆر خراپە ئەوەش بۆ ئەوەی ئەوان لەرێگای خۆیانەوە فشار لەسەر حكومەتی عێراق بكەن تا یاساكە جێبەجێ بكەن بەڵام هەر سوودی نەبووە».

هەرمان میرزا بەگ وتیشی:» داعش گەورەترین ستەمی بەرامبەر ژن و كچانی ئێزدی كردووە، پێویست بوو پێش چەند ساڵێك هەموویان قەرەبوو وەربگرین، هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن لەگەڵ حكومەتی هەرێم و عێراق تا بە زووترین كات بڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوی خۆیان وەربگرن».

لەگرنگترین ماددەكانی ناو یاساكە پێدانی موچەیەكی مانگانەیە كە دوو هێندەی موچەی خانەنشینی بێت، ئێستا كەمترین موچەی خانەنشینی لە عێراق 500 هەزار دینارە و بەو پێیەش رزگاربوانی ئێزدی تا لەژیاندابن دوو هێندەی ئەو مووچەیە وەربگرن، هەر لەیاسایەكەدا  پێدانی پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون یان شوقە بۆ رزگاربووان جێگیركراوە و لەگەڵ كردنەوەی ژمارەیەك ناوەندی دەروونی بۆ چارەسەر و گەڕانەوەی ئەو خانمانەی بەهۆی رفاندنیانەوە لە خوێندن دابڕاون.

نازو دربۆ، خەڵكی گوندی وەردی سەر بە قەزای شەنگالە، لەكاتی پەلاماری داعش منداڵێكی 9 مانگی هەبووە لە 3ی ئابی 2014 لەگەڵ خێزانەكەیدا كەوتوونەتە دەستی داعش، ئەو بە هاوڵاتی وت: « چەكدارانی داعش ستەمیان لە هەموو كەسێك كرد، بەڵام ئەوەی لەبەرامبەر ئێمە كردییان لەهەموویان بەئازارتر و ناخۆشتر بوو، ئێستاش حكومەتی عێراق هیچ رێزێك لە ئێمە ناگرێت و وادەزانێت كە هیچمان بەسەردا نەهاتووە، زیاتر لە دوو ساڵە ریكلام بۆ یاسای رزگاربووانی دەستی داعش دەكەن، بەڵام من چی لە یاسایەك بكەم كە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوە، دوو ساڵە هیچ شتێكمان وەرنەگرتووە و هیچ ئومێدیشمان بەو یاسایە نیە، چونكە ئیرادەیەكی بەهێز و توكمە نیە بۆ جێبەجێكردنی یاسایەكە».

نازو دربۆ ئێستا لە ژێر خێوەتێكدا لەگەڵ خێزانەكەی دەژیت، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كەسوكارەكەی دەفتەرێك و 50 وەرەقەیان داوەتە قاچاغچیەك بەو شێوەیە لە 18ی ئابی 2015 رزگاری بووە»، و وتیشی: دۆخی ژیانمان نەك خراپە بەڵكو هەر وێرانەیە، هەشت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین نەدەتوانین بگەرێینەوە بۆ زێدی خۆمان و لە هەرێمی كوردستانیش هاوكارییەكان بەرادەیەكی زۆر كەمبوونەتەوە، هەموو كەسێك باش دەزانێت حاڵی ئێمە چۆنە، بەڵام هیچ شتێك بۆ ئێمە ناكەن و داوا لە هەموو بەرپرسانی عێراق دەكەم چیتر جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دوانەخەن و چونكە هەموو رزگاربووان زۆر پێویستیان بە هاوكارییە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار