ئێران باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران رادەستی تاڵیبان دەکات
تاڵیبان ئەرکداری نوێ رەوانەی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران دەکات
بالیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرچاوەکانی هەواڵی ئەفغانستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە تاران رادەستی تاڵیبان کراوە و باڵیۆز و دیپلۆماتکارەکانی پێشوی ئەو باڵیۆزخانە بەردەوامبون لە ئەرکەکانیان رەت کردوەتەوە و شوێنەکەیان جێهێشتوە.
هەرات نیوز لە زاری دیپلۆماتکار و کارمەندانی پێشوی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران بڵاوی کردوەتەوە؛ سەرجەم کەلوپەلەکانی ناو باڵیۆزخانەکە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراوە و بڕیارە فەزل محەمەد حەقانی وەک یەکەم باڵیۆزی تاڵیبان دەستبەکار ببێت.
پێشتر ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبو؛ کۆماری ئیسلامی تا ئێستا تاڵیبان وەک حکومەتێکی فەرمی لەقەڵەم نادات و وەک حکومەت مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.
کەنعانی وتویەتی؛ تەوابونی ئەرکەکانی دیپلۆماتکار و سەرپەرشتیاری پێشوی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە تاران و دەستبەکاربونی ئەرکداری نوێ و کارمەندەکانی پێشو بە واتای بە رەسمی ناسینی تالێبان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نییە.
دوای ئەوەی لە رێکەوتی (12/8/2021) تاڵیبان لە هەنگاوێکی کتوپڕدا گەڕانەوەی بۆ ئەفغانستان راگەیاند و لە ئێستادا دوای زیاتر لە یەک ساڵ و نیو کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی وڵاتەکەی کردوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی بانگەشەی ئەوەی کردوە دان بە حکومەتی تاڵباندا نانێت و بە رەسمی مامەڵەی سیاسی و دیپلۆماسیی لەگەڵ نات.