هۆشداری ڕودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز له ئەستەنبۆڵ دەدرێت کە 13هەزار باڵەخانە دەڕوخێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پسپۆڕێکی جیۆلۆجی لە تورکیا رایگەیاند، ئەگەری روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە تورکیا هەیە و بەو هۆیەوە نزیکەی ١٣ هەزار باڵەخانە دەرووخێن.
پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان پسپۆڕی بومەلەرزە و جیۆلۆجی لە تویتێکدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لە ئەستەنوبڵ ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار باڵەخانە هەیە. لە کاتی بومەلەرزەدا ٣٠٪ رێگەکان دادەخرێن. ١٣ هەزار باڵەخانە لە یەکەم ساتەکانی بومەلەرزەدا دەرووخێن، بەهۆی ئەوەی بەباشی دروست نەکراون. ٢٠٠ هەزار باڵەخانە زیانیان بەردەکەوێت. ٤٦٠ هەزار بۆری ئاوی خواردنەوە دەتەقن.
پرۆفیسۆر دکتور ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان باسی لەوە کرد کە لە هەموو جیهان بومەلەرزە ٥.٦ پلەکان زیانیان نابێت، بەڵام لە تورکیا بومەلەرزەکان لە ٥.٥ پلە تێپەڕ بکەن، زیانیان لێدەکەوێتەوە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە لە تورکیا ئاستی گەندەڵی بەرزە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش، پرۆفیسۆر دۆغان کالافات بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆلینەوەی بومەلەرزەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو، ئەگەری زۆر هەیە لە هێڵی ئەنادۆلۆی باکوریش بومەلەرزەیەکی گەورە رووبدات، بەڵام سەرچاوەکەی دەریای مەڕمەڕە دەبێت هێڵی بومەلەرزە لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا تێدەپەڕێت و مەترسیەکەش زۆرە.
کالافات ئاماژەی بەوەکردبوو، " شوێنی بومەلەرزەکە دیارە، بەڵام کاتەکەی بە تەواوی ناتوانرێت دیاری بکرێت. تەنیا دەتوانین بڵێین، تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ کە حەوت ساڵی دیکە دەکات، نزیکەی ٦٥٪ ئەگەری زۆرە بومەلەرزەیەکی زیاتر لە گوڕێ ٧ پلەی ریختەر لە دەوروبەری ئەستەنبوڵ رووبدات.
دوایین بومەلەرزەی بەهێز لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەستەنبوڵ روویدا کە بەو هۆیەوە نزیکەی ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
https://twitter.com/ovgunaercan/status/1630051198022680577?ref_src=twsrc%5Etfw%7Ctwcamp%5Etweetembed%7Ctwterm%5E1630051198022680577%7Ctwgr%5Ea2b751993dfe522656f328b9cbbeef90027a93d0%7Ctwcon%5Es1_&ref_url=https%3A%2F%2Fartigercek.com%2Fguncel%2Fahmet-ercan-istanbul-depremini-anlatti-13-bin-yapi-hemen-cokecek-240624h