وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی نەوت لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بڕی 7 ملیار و 663 ملیۆن دۆلار بووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، مانگی کانوونی دووەمی رابردوو زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە داهاتەکەی 7 ملیار و 663 ملیۆن دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتی کۆتایی لەبارەی داهات و بڕی هەناردەکراوی نەوتی لە مانگی کانوونی دووەم ئاشكراکرد و رایگەیاند: "کۆی ئەو نەوتەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2023 بەپێی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت ناسراو بە سۆمۆ هەناردەکراوە؛ 101 ملیۆن و 245 هەزار و 95 بەرمیل بووە و داهاتەکەشی 7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار دۆلار بووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆی ئەو بڕە نەوتەی بۆ مانگی (کانونی دوەم/1) لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هەناردە کراوە، بڕی 98 ملیۆن و 460 هەزار و 50 بەرمیل بوە، هاوکات ئەو بڕە نەوتەی کە لە نەوتی کەرکوکەوە هەناردە کراوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دو ملیۆن و 475 هەزار و 516 بەرمیل بوە".
بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراقیش لە مانگی رابردوودا بە 75 دۆلار و 695 سەنت فرۆشراوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک بە 75.695 دۆلار بوە، سەرجەم نەوتەکەش لەلایەن 36 کۆمپانیای وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە کڕدراون.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022دا، عێراق 103 ملیۆن و 281 هەزار و 459 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەشی 7 ملیار و 708 ملیۆن و 556 هەزار دۆلار بووە.