کەنەدا ١٤٣ کەسی دیکەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەنەدا ١٤٣ کەسی دیکەی ئێرانی بۆ لیستی سزاکانی زیادکردووە بەهۆی "پێشێلکارییەکانی بەرپرسانی ئێران دژ بە مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران".
میلانیا جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند، موڵکی ئەم کەسانە بلۆک کراوە و ڕێگەی پێنادرێت گەشت بکەن بۆ کەنەدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو کەنەدا سزای بەسەر زیاتر لە ٣ کاربەدەست و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند هەر پەیوەست بە پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاری سەر خۆپیشاندەران، لەوانەش موحسین قومی ئەندامی دەستەی چاودێری ڕۆژنامەوانی وکەسایەتی باڵای ڕژێم، هەروەها جێگیری وەزیری وەرزش ولاوان.
لەناو ئەو کەسانەدا کە خراونەتە لیستی سزاکانەوە لەلایەن کەنەداوە هەریەک لە ئیسماعیل زاری کۆشا، حاکمی کوردستان و مورتەزا میراغەی، فەرماندەی بەسیج هەیە.
هاوکات لەماوەی ڕابردووشدا کەنەدا سزای بەسەر چەندین بەرپرسی ئێرانیدا سەپاندووە کە لەناویاندا ئەندامانی باڵای دەسەڵاتی دادوەری، بەرپرسانی زیندان و پۆلیس و ئاسایش هەن، هەروەها سەرکردە سیاسییەکان، وەک یاریدەدەری باڵای ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران و کەسایەتییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت.