سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا: هیوادارم عێراق ئایندەیەکی گەشی هەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان درەنگانی شەوی رابردوو سێشەممە (28ـی شوبات/فێرێوەری 2023)، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخی عێراق و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هیوادارم عێراق ئایندەیەکی گەشی هەبێت."
سەردانەکەی گۆتێرێز، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقە لە هەموو ئاستەکاندا و گوزارشتە لە رۆڵی هاوسەنگی لە عێراق کە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات."
گۆتێرێز و فوئاد حوسێن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد، تێیدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق دەربڕی و رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی گەلی عێراق دەتوانێت ئالنگاری و کێشە و گرفتەکان تێبەڕێنێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆتێرێز ئاماژەی بەوەکرد، چەندین جار سەردانی عێراقی کردووە و هیواخوازە کاتی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی ئەو هاووڵاتییانەی عێراقی کردووە کە ئاوارەی سووریا بوونە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "بە بارودۆخێکی سەختی ژیاندا تێدەپەڕن"، پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵاتیش دەکات.
هاوکات، د. فوئاد حوسێن گوتی: سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەغدا لەسەر داوای ئێمە بووە و سوپاسی دەکەین کە بەدەم داواکەمانەوە هاتووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، "پێویستمان بە پشتیوانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان."