هەڵبژاردنی پەرلەمان بووەتە ئاڵنگاریی بەردەم پرۆسەی سیاسی لەكوردستاندا

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

هەڵبژاردن لە كوردستان بوەتە ئاڵنگاری لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا، دەسەڵات لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەكیدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، حزبەكانی دەسەڵات بە دیاریكراوی پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار لە پرسی دواخستنی هەڵبژاردندا.

رۆژی سێشەممە 28ی شوبات هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی و فراكسیۆنەكانیان كۆبوونەوەو لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن كەبریتین لە (یەكەم : هەڵبژاردن بە چوار بازنە بكرێت. دووەم: هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە، نیوە بە لیستی داخراو. سێیەم: ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت. چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بكرێت بۆ سوودوەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق).

پەرلەمانی كوردستان كە لەتشرینی یەكەمی ساڵی رابووردوو بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەدادگای فیدراڵی لە بەغداد سكاڵا لەسەر  پەرلەمانی كوردستان تۆماركراو دادگای فیدراڵیش دوای دوو دانیشتن هێشتا بڕیارێكی كۆتایی لەوبارەیەوە نەداوەو دوایخستووە بۆ 15ی ئەم مانگە، كە بەبڕوای زۆرێك لەچاودێران پێدەچێت هۆكاری دواخستنی بڕیاردانەكە بۆ بەخشینی كات بێت بەحزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم تاوەكو وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی دیاریبكرێت و دادگاكە لەو دۆخە رزگاربكەن كە تێیكەوتووە.

ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی تۆماركراوە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشكەشكراوە، لە پاش ئەوەی لەگەڵ سێ سكاڵای دیكەدا یەكخران، كە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كرابوون، 18ـی كانوونی یەكەمی 2022، یەكەم دانیشتن لەبارەی سكاڵاكان كرا و تیایدا سكاڵاكاران داوای پووچەڵكردنەوەی یاسای ژمارە 12 رۆژی 9-10-2022 تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20 كە لە دەستووری عێراقدا هەیە، هاوكات لەسكاڵاكەدا ئەوەشخراوەتەروو ئەو هەنگاوەی پەرلەمان «مافی دەستووریی دیاریكراو لە ماددەی 51 یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێلدەكات.»

لەهەرێمی كوردستاندا تا ئێستا 5 هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 1992_2005_2009_2013_2018 سازكراون، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان 111 كەسە كە 11 كورسی تایبەتە بە كۆتاكان (توركمان 5، مەسیحی 5، ئەرمەن 1 كورسی).

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لەساڵی 2021 زیاتر لە 6 ملیۆن و 100 هەزار كەسە، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێم 5 ملیۆن و 500 هەزار كەسە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار