سوپای توركیا بەردەوامە لەهێرشی سەربازی

كەجەكەو هەسەدە راگرتنی چالاكیی سەربازییان راگەیاندووە

2 ساڵ لەمەوپێش



باكور بۆتان

لە چوارەم رۆژی بوومەلەرزەكانی شەشی شوباتی ٢٠٢٣دا، كە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا، چەندین پارێزگا و شاری رۆژئاوای كوردستان و سوریای گرتەوە و بەو هۆیەوە دە یان هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ١٠٠ هەزار كەسیش بریندار بوون، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) و هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایانگەیاند: بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە سەرجەم چالاكیە سەربازیەكانیان رادەگرن، بەڵام توركیا شەڕی رانەگرتووەو بەردەوامە لەهێرشەكانی.

هەرچەندە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، تا رادەیەك پێشوازیەكی گەرم لەو دەستپێشخەریەی كەجەكەو هەسەدە كرا، بەڵام دەوڵەتی توركیا شەڕی رانەگرت و بەردەوامە لەسەر ئۆپراسیۆن و هێرشەكانی بۆسەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە باشوری كوردستان و ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رۆژێك دوای بانگەوازەكەی جەمیل بایك هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە بۆ راگرتنی شەڕ راگەیەندراوێكی بڵاوكردبووە و ئاماژەی بەوەكرد، گەلانی توركیا رووبەرووی ئازارێكی زۆر گەورە بوونەتەوە و بۆیەش پێویستیان بە هاوكاری و پشتگیری هەیە و وتی: « لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ دەكەین و شەڕ رادەگرین.»

رۆژێك دوای راگەیەندراوەكەی نەپەگە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد: كە لەگەڵ ئەوەی هەموو چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر تۆپباران و بۆردومانی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گەریلاكانیان.

هەپەگە رایگەیاند: لە نزیك گوندی سیدای سەر بە شاروچكەی شێلادزێی قەزای ئامێدی، گەریلایەكیان شەهید بووە و سەربازێكی توركیاش كوژراوە.

لەو كاتەوە و تاوەكو ئێستا، هەپەگە ١٨ راگەیەندراوی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكان، تۆپباران و هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر سەنگەرەكانی گەریلاكانیان لەنێو خاكی باشوری كوردستاندا بڵاوكردووەتەوە. هەرچەندە بەگوێرەی راگەیەندراوەكانی پێشووتری هەپەگە، پێكدادان و هێرشەكان كەمترن، بەڵام لە راگەیەندراوەكاندا باسی ئەوە دەكات، لە ماوەی ئەم ١٨ رۆژەدا، هەموو رۆژێك جۆرە تۆپێكی فسفۆر لەلایەن سوپای توركیاوە بەكاردەهێندرێت كە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە قەدەغەكراوە.

هەپەگە لە راگەیەندراوەكانیدا، چەندینجار ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە چالاكییە سەربازیەكانیان راگرتووە، بەڵام لە حاڵەتی هێرشكردنە سەریاندا، مافی خۆپاراستن بەكار دەهێنن.

 

هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامە

هاوكات هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە، چالاكییە سەربازیەكانی راگرت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەیە سوپای توركیاش هێرشەكانی رابگرێت. بەگوێرەی ئامارێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز)، لە شەشی شوباتەوە كە بوومەلەرزەكان روویانداوە و تاوەكو ئێستا، سوپای توركیا و چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا، زیاتر لە ٢٠ هێرشیان لەبەرامبەر هێزەكانیان و خەڵكی مەدەنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیاش دوو جار هێرشیان لەنیو خاكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.

ئاژانسی هاوار دەڵێت لە هێرشەكاندا، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن ٧٠ ساڵ بووە كە دوای بوومەلەرزەكە لە حەلەبەوە كۆچی كردووە بە هەرێمی شەهبا. هەروەها لە هیرشەكاندا بە دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئاژانسەكە باسی لەوەكردووە كە دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لە كارەساتە مرۆییەكاندا، هێرشەكانی رانەگرتووە و بەبیریهێناوەتەوە كە لە سەردەمی بەربڵاوی ڤایرۆسی كۆرۆنادا (كۆڤید١٩)، لە ساڵەكانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا، سوپای توركیا ١٨ هەزار و ٧٣٣ هێرشی زەمینی، ٢٠٩ هێرشی لە رێگەی درۆن و ٤٣ هێرشی بە  فڕۆكەی جەنگی ئەنجامداوە.

هەر بەگوێرەی ئامارەكان لەو دوو ساڵەدا ٣٥٣ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بە دەیان قۆتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەی كارەبا و غاز و نانەواخانە، ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان وێران بوون.

 

هەسەدە و هێزی  هاوپەیمانان

فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە رێگەی ڤیدیۆیەكەوە كەلایەن راگەیاندنی هەسەدەوە بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەكردوە: كە هێزەكانیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و رزگاكردنی هاوڵاتیان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەكاندا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە تیمەكانی خۆیان رەوانەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا و چەكدارەكانی بكات و لەم چوارچێوەیەدا چالاكییە سەربازیەكانی راگرتووە، بەڵام وڵامیان نەدراوەتەوە.

شامی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان بە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی دەبینن كە لەم جۆرە كارەساتانەدا شەڕ رابگرن و وتی: « بڕیاری ئێمە بۆ راگرتنی شەڕ، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەكارهێنراوە. دەوڵەتی توركیا هیچ كاتێك لەبەرامبەر ئێمەو هەرێمەكانمان شەڕی رانەگرتووە. پێشتریش رەخنەمان لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گرتبوو و ئێستاش رەخنەیان لێدەگرین و بێدەنگی و بێهەڵوێستی هاوپەیمانان، بوێری بە دەوڵەتی توركیا دەدات كە لەم دۆخەی كارەساتی بوومەلەرزەیەشدا بەردەوامی بە هێرشەكانی بدات.

 

سوپاو بوومەلەرزە

یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی كە رووبەرووی دەسەڵاتی توركیا دەكرێتەوە، ئەوەیە كە لە كاتی بوومەلەرزەكەدا، فەرمانی بە سوپای وڵات نەكردووە، بە پەلە هێزی مرۆیی خۆی بۆ رزگاكردنی هاوڵاتیان بەكار بهێنێت. زۆرێك لە بەرپرسانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و نووسەرانی ئەو وڵاتە، داوایان لە حكومەتی هاوبەشی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) كردووە كە روونكردنەوە لەسەر بەكارنەهێنانی هێزی مرۆیی سوپا بدەن لە رزگاكردن هاوڵاتیاندا.

چەندین لایەنیش باسی ئەوەیان كردووە كە حكومەت ترسی لەوە هەبووە كە ئەم دۆخەی بوومەلەرزە بۆ كودەتایەكی سەربازی بەكاربهێندرێت و كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت كە لەم دۆخەی بوومەلەرزەدا، روبەرووی رەخنەی توند بوەتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار