سێ ساڵە 171ڕوفاتی ئەنفالکراوان لە پزیشکی دادی بەغدادە و نەهێنراونەتەوە

بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی سلێمانی: کەمتەرخەمی هەیە لە هێنانەوەی ڕوفاتەکان

2 ساڵ لەمەوپێش



ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە روفاتی 171قوربانی ئەنفالكراو لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا دۆزراونەتەوە لە ناوچەی سەماوەی باشوری عێراق، كە زۆربەیان ژن و منداڵن لە پزیشكی دادی بەغداد دانراون و هیچ دڵنیایەكیش نیە بەم زووانە بهێنرێنەوە بۆ كوردستان.
بەگوێرەی زانیارەكان قوربانیەكان خەڵكی سنوری گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ بوون، جگە لەو گۆڕە بەكۆمەڵە كە لەدەشتی سەماوەی باشوری عێراقدا دۆزراوەتەوە، 11 گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ لەو ناوچەیەدا هەیە و هیچ كارێكیش نەكراوە تا گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە و بهێنرەوە بۆ كوردستان.
كەسوكاری ئەنفالكراون دەڵێن حكومەت ئیشی بە پرسی ئەنفال نەماوە  بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە كە تەرمی كەسوكارەكانیانمان بۆ بهێنێتەوە.
قاسم كازم كەسوكاری ئەنفالكراو لە قەزای چەمچەماڵ بە هاوڵاتی وت:» نەهێناوەی روفاتی كەسوكارەكانمان پەیوەندی هەیە بەحكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان چونكە پێویستە ئەوان سامپڵی خوێنمان لێ وەرگرن و دیاری بكەن كە ئەو روفاتانە هی چی ناوچەیەكن، لە ئێستادا 20 ناسنامەیان دۆزراوەتەوە كە خەڵكی چەمچەماڵ و ناوچەی شوانن و  دەبێت حكومەتی هەرێم خەمخۆر بێت بەڵام بێباكە و پێویستی بە دۆسیەی ئەنفال نەماوە».
وتیشی:» حكومەتی كوردستان ئەگەر تۆزێك غیرەتی هەبێت ماوەی سێ ساڵە تەرمی كەسوكارەكانمان لەبەغداد ناهێڵێتەوەو  ئەمە عەیبەیە و پەڵەی ڕەشە بەناوچاوی هەمو دەسەڵاتی كوردی، ئەوان هەر خەریكی نەوت فرۆشتنن، نازانم چۆن رویاندێت باسی ئەنفال دەكەن لەكاتكدا سێ ساڵ زیاترە ئەو روفاتانەیان نەهێناوەتەوە بۆ كوردستان «.
شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی شەهیدان و قوربانیان بە هاوڵاتی راگەیاند: «لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی سەرۆك وەزیران عێراق و لایەنی پەیوەندیدارم كردوە لەسەر هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفال، ئەوەی هەیە پشكنینی DNA كراوە بۆ بەشێك لە روفاتەكان كە خەڵكی سنوری گەرمیان و چەمچەماڵن و كەسوكاری ئەنفالكراونیش داوای ئەوەدەكەن كە پشكنین بۆ ئەوانیش بكرێت و حكومەتی هەرێمیش ئەمەی كردوە بە بیانو بەكارێكی قورسی دەزانێت كە نمونە وەربگرێت لە كەسوكاری ئەنفال بۆ هێنانەوەی روفاتەكان».
وتیشی:» جگە لەم گۆڕە بەكومەڵە كە دۆزراوەتەوە خۆم سەردانی ناچەكانی سەماوە و تۆپزاوە و سنوری سعودیەم كردوە و گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەش هەیە، لە سەماوە 11 گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە كە بەئاشكرا گۆڕەكان دیارن لەو ناوچانەداو ئێس و پروسك و كەلەسەری مرۆڤم بینیوە لەو شوێنانەدا، بەڵام هێشتا كارنەكراوە بۆ هەڵدانەوەیان،  ئەركی حكومەتی هەرێمە كار بكات بۆ روفاتەكان و گۆڕەكانی دیكەش هەڵبداتەوە، بەڵێ كەمتەرخەمیە بۆ هەمومان كە روفاتی كەسوكارەكانمان لە بەغداد بێت و نەتوانین بیهێنینەوە».
هاوكات ئامینە ساڵح كەسوكاری ئەنفالكراو لە گەرمیان بە هاوڵاتی وت:» حكومەتی هەرێم كارناكات بۆ هێنانەوەی روفاتی كەسوكارەكانمان و داوا دەكەین روفاتی ئازیزانمان بەزوترین كات بۆ بهێننەوە، پێشوتر گۆڕێك دۆزراویە ڕوفاتەكان سوتان وتیان بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە،  ئێمە دەترسین ئەم روفاتانەش وا لێ بكەن».
وتیشی:» بۆ لەدەستدانی كەسوكارەكانمان چەند نیگەران بوین، زیاتر لەوە نیگەرانین كە  روفاتەكانمان بۆ ناهێننەوە، ئەمەش نیشانەی بێدەربەسی حكومەتی كوردیە بەرامبەر ئێمەی كەسوكاری ئەنفال».
هاوكات ئەدیب لەتیف بەڕێوبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند:» رێكارەكانی هێنانەوەی روفاتەكان بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە كەسوكارەكانیان داوای پشكنینی DNA دەكەن و ئێستا كاردەكەین كە بتوانین سامپڵی خوێن لەكەسوكارەكانیان وەرگرین و دواتر بزانین كە خەڵكی كوێن و كەسوكاریان بناسرێنەوە».
ئەوەشی وت: « تا ئێستا هیچ دڵنیایەك نیە كە بتوانین بۆ یادی ئەم ساڵی ئەنفال روفاتەكان بهێنینەوە بۆ كوردستان،  بەڵێ كەمتەرخەمی هەیە لەهێنانەوەی روفاتەكان ئێمەش وەك وەزارەت كارمانكردوە كە زوتر بتوانین سامپڵی خوێنیان  وەربگرین و تا بتوانن زوتر روفاتەكان بهێنیەوە و كار دەكەین بۆ هێنانەوە و دۆزینەوەی ئەو روفاتانەی كەتا ئێستا نەدۆزراونەتەوە«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار