نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا بەهۆی ژەهراویبونی خوێندکارانی كچ لە ئێران دێنە دەنگ

ئەمریکا: چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی وردین لە ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئێران

خوێندکارانی ژەهراویبو لە نەخۆشخانە

2 ساڵ لەمەوپێش



نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا لەسەر ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئیران هۆشداریی دەدەن و وەزیری ناوخۆ وڵاتەکەش دەڵێت تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارە دەستگیر نەکراوە.

نوسینگەی سندوقی منداڵان-ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان (یونیسێف) لە ئێران هۆشداریی داوە لە زنجیرەی روداوی ژەهراویکردنی کچان و خوێندکاران لە وڵاتەکە و رایگەیاندوە؛کاریگەریی خراپی لەسەر باری دەرونیی ئەو خوێندکارانە و کۆمەڵگە دروست کردوە و پڕۆسەی خوێندن روبەڕی کێشە بوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچن و تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارە دەستگیر نەکراوە و هیچ ماددەیەکی کیمیایی کە ژەهراویکردنەکەی پێ ئەنجام درابێت نەدۆزراوەتەوە.

وحیدی وتویەتی: نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدەن بە هەمو شێوازو رێگایەک دۆخی وڵاتەکە ئاڵۆز بکەن و تەنات ئامانجیانە پڕۆسەی خوێندن رابگیرێت بەڵام ئەوە رونادات و لە چەند رۆژی داهاتودا لەگەڵ دەرکەوتنی سەرەداوەکان ، زانیارییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکرێن.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە رایگەیاند؛ خوێندن مافی کچان و ژنانە و واشنتۆن چاوەڕێی ئەوەیە هۆکارەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئێران ئاشکرا ببێت.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتویەتی: نیگەرانین لە ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە ئێران و چاوەڕێین لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت و هۆکارەکانی ئەو روداوانە ئاشکرا بکرێن.

لە ماوەی رابردودا نزیکەی هەزار خوێندکاری کچ لە  60 خوێندگەی ناوەندیی و دواناوەندیی کچان ژەهراویی کراون و هەر بەو هۆیەوە توشی رشانە و سکچون بون و ژمارەیەکیشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەنانت هەندێک کەسیان رەوانەی ژوری چاودێریی وردی پزیشکیی کراون.

ژمارەیەک گروپی نەناسراوی شیعە و لایەنگری توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی ژەهراویکردنی کچان بە مەبەستی  رێگریی لە خوێندنی کچان و ژنان و هاوکات دەوترێت ئەو روداوانە تۆڵەکردنەوەیە لە کچانی خوێندکار وەک ئامادەبونی بەرچاویان لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار