دهۆك؛ 90 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەكان داوای شایستەی خزمەتیان دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی – دهۆک

ساڵێك و چوار مانگە موچەی نزیكەی 90 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بڕاوە و داوای شایستەی خزمەتیان دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامانی شارەوانیەكانی هەولێر و سلێمانی تا ئێستاش مانگانە موچەی خۆیان وەردەگرن.

موراد سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ناحیەی چەمانكێ لەسنوری قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی  وت:»لە 2001 بەدەنگی خەڵك هەڵبژێردرام، 21 ساڵ خزمەتم كردوە، لەهیچ وڵاتێكی دونیا نەبووە ئەو هەموو خزمەتە بكەیت و دواتر پێت بڵێن بڕۆماڵەوە و بەبێ هیچ شایستەیەكی دارایی، ئێمە موچەمان بڕاوە و خانەنشینیش نەكراوین ، بۆ هەر شوێنێكیش دەچین  دەڵێن ئێوە لەسەر حەقن بەبێ ئەوەی چارەسەرێكمان بۆ بدۆزنەوە».

وتیشی:» ئەوە ساڵێك و چوار مانگە موچەكەمان بڕاوە، 20 ساڵە ئەوە ئیشمان بووە، دەبێت تازە بەدوای كارێكی تر بگەرێین و هەمووشمان لەروی تەمەنەوە گەورەبووین، لەهەمووشی ناخۆشتر بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران تەنها لە دهۆك جێبەجێكراوە و تا ئێستا ئەندامانی شارەوانی لە هەولێر و سلێمانی موچەی خۆیان وەردەگرن».

عەزیزحەسەن، نوێنەری ئەندامانی شارەوانیەكانە لە پارێزگای دهوك بە هاوڵاتی راگەیاند:»  ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەكان نزیكەی 90 كەسە و  هەموو ئەندامان خزمەتیان لەنێوان 15بۆ 22 ساڵە، سەردانی حیزب و حكومەت و لایەنی پەیوەندیدارمان كردوە بەڵام بێسوود بووە، هیچ كەسێك شتێكی دڵخۆشكەری  بۆ نەكردوین، داواكاری سەرەكیمان ئەوەیە هەموو ئەندامان فەرمانی خانەنشین بوونیان بۆ دەربچێت تا بەلایەنی كەمی مانگانە موچەیەكمان هەبێت و بتوانین بەو مووچەیە ژیانی خۆمان بەرێوەببەین».

ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە 2001 ەوە هەڵبژێردراون و ساڵی 2021 ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی لەبارەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دەركرد و تیدیا بڕیاریدا ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و رێژەیەك لە رێكخراوە ناحكومیەكان و ژمارەیەك ئافرەت پڕبكرێتەوە.

رزگار سدقی، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەو بارەیەوە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» ژمارەیەك لەئەندامانی پێشووی شارەوانی سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیان كرد، لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەكانیانین، ئێمە لەسەر خەتین لەگەڵ حكومەت و پەرلەمان تا كێشەكەیان چارەسەربكرێت».

وتیشی:» ئێمە ناتوانین كێشەكەیان چارەسەربكەین ، پێویستە ئەنجومەنی وەزیران چارەسەری بابەتی ئەوان بكات، یان پەرلەمانی كورستان یاسایەكە هەموار بكاتەوە و بڕگەیەكی تایبەت بەچارەنوس و ئیمتیازاتی ئەندامانی پێشووی شارەوانی دەستنیشان بكات چونكە ناكرێت دوای 15بۆ20 ساڵ لە خزمەتكردن بەئاسانی پێیان بڵێن بڕونەوە بۆماڵەوە، لە هەولێر و سلێمانی تائێستا ئەندامانی تازە هەڵنەبژێردروان و ئەندامانی پێشوو موچەكەیان وەردەگرن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار