هەڵەبجە هەشت ساڵە لەچاوەڕوانیی بڕیاری بەپارێزگابوونیدایە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

دوای هەشت ساڵ هێشتا هەڵەبجە بە فەرمی نەركراوە بە پارێزگا و هیچ بودجەیەكیشی وەكو پارێزگا نیە، پارێزگای شارەكەش دەڵێت: كەیسی پارێزگا گەشتوەتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بڕیارە لەیادی كیمیابارنی هەڵەبجەدا بەفەرمی بكرێت بە پارێزگا،لەبەرامبەردا سەرچنار ئەحمەدی پەرلەمنتاری دەستلەكاركێشاوە  ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: لەو باوەڕەدانیم عێراق لە١٦/٣ ئەو بڕیارە بدات، چونكە حكومەتی هەرێم ئێمەی خستوەتە نێو دوو كێشەوە كەگرفتی یاساییەو حكومەت خۆی لێدەدزێتەوە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە هاوڵاتی رایگەیاند: «لەمانگی شەشی ٢٠١٤ موسڵ لەلایەن داعشەوە دەگێرێت و نرخی نەوت دادەبزێت و بودجە نایەت بەمەش قەیران لەزاخۆوە بۆ كفری دەگرێتەوە، هەڵەبجە لەدۆخێكی خراپی لەوشێوەیە دەبێت بەپارێزگا، دوەم هەڵەبجە كاتێك دەبێت بەپارێزگا لەسەر میلاكی قەزایەك دەبێت، لەكاتێكدا پارێزگا پێویستی بەدامەزراندنی بەرفراونترو بەڕێوەبەرایەتی زیاتر هەیەو دەبێت بودجەی هەبێت، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە بودجەی نیە، هەرچەندە حكومەت هەنگاوی جدی ناوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی»، وتیشی: «ئەوەندەی قسە لەگەڵ تۆ دەكەین هەواڵێك بۆ بەپارێزگابون نیە بۆ! چونكە تاساڵی پار لە١٦/٣ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئەجندایەك بڕیاری بەپارێزگابونی هەڵەبجەیداو ئەو بریارەشی خستەبواری جێبەجێكردنەوە و لەوێشەوە روبەروی ئەنجومەنی وەزیرانی كردەوە، بەڵام سەرۆكی وەزیرانی عێراقی ئەوكاتە ماوە بەسەرچوبوو، هەربۆیە لەبەر هەڵبژاردن كەیسەكەی راگرت تاوەكو ئەمساڵ، بەوهۆیەوە مانگی یەكی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند رێكارە یاساییەكان بۆ بەپارێزگابون دەگرینەبەر ئەمە مژدەیەكی خۆش بوو، هیوادارین بۆ یادی ئەمساڵ هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەفەرمی وەك پارێزگا بناسێنرێت».

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد: «ئەم كەیسە لای حكومەتی عێراقیە بەڕێز عادل عەبدول مەهدی و عەلاوی و مالیكی لەگەڵ كازمی دەبێت ئەوان بڵێن بۆ نەمانكردوە بەپارێزگا، و  لەوكاتەوەی هەڵەبجە پارێزگایە ئەگەر ملیۆنێك دۆلاری بۆ هاتبێت مەمنونی خوداین، بەڵام وەكو بودجە ئەویش ملیۆنێك نابێت، بودجەی كاروباری ئیداری ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دینارە وەكو قەرزیش قەرزمان نەكردوە، و ئەنجومەنی پارێزگاش لای حكومەتە زۆر قورس نیە حكومەتی هەرێم دەڵێت؛ مانگی یانزدەی ئەمساڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان و كۆمسیۆن رێكەوتون هەڵبژاردن بكرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن لەپاڵ ئەوەدا دەنگیش بدرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان»، وتیشی: «٢٥٢ پرۆژە وەستاوە، پرۆژەی بیناكان لەنێوان سەدا ١٠ بۆ ٧٠ تەواو كراون».

كە قسە دەكەین تۆمەتبار دەكرێین

هاوكات نوخشە ناسیح، قائیمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:»دوای شەڕی داعیش هەڵەبجە بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی پارێزگاكە لەهەوڵی ئەوەدابوە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان دروست بكات و كەمتر گرفت بێتەپێشەوە، پرۆژەكان ئەوانەی لەسەر پترۆدۆلارن زۆربەیان جێبەجێنەكراون بەهۆی بازاڕی دۆلارو دۆخی كوردستان، و لەساڵی ٢٠٢٢ بڕیاردرا ٤٠ پرۆژە بخرێتەوەكار بەڵام تائێستا یەكێكیان نەكەوتوەتەوە كار بەهۆی ئەوەی نەختینە نیە لەبانكەكان»، وتیشی: «دوو مەرزمان هەیە مەرزی تەوێڵە شوشمێ لەگەڵ پشتە كەنیمچە فەرمین و كاری بازرگانی لێوە دەكرێت و پێویستە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بڕیاری كۆتاییان بۆ دەربچێت و ببێت بەفەرمی هاوشێوەی مەرزی باشماخ و پەروێزخان كە ٢٤ كاتژمێرین، مەرزەكانیش داهاتیان هەیەو كاری تێدادەكرێت، بەڵام ٢٤ كاتژمێری نیە وە هاتوچۆی گەشتیاریش لەوێوەیە، جیا لەمانەش مەرزی سازانمان هەیە سەرقاڵی كاركردنین هەتاوەكو بكرێتەوەو هەڵەبجە لەو چەقبەستوییە رزگاربكەین، گەنجینەی هەڵەبجە كاروباری ئیداری بەڕێوەبەرایەتیەكان بەڕێوەدەبات بەڵام داهاتی نیە چونكە هەندێك لەبەڕێوەبەرایەتییەكان تەواو نەبوە، مەرزەكانیش لەبەرئەوەی بەرێوەبەرایەتی گومرگمان نیە داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گومرگی سلێمانی، نەكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكانیش بەهۆی نەبونی میلاكەوەیە».

لەبارەی گرفتەكانی پارزگا كە تاچەند پەیوەندیدارە بەكێشەكانی پارتی و یەكێتی بەتایبەت پشكەكان، نوخشە ناسیح دەڵێت: «بێگومان هەر ناكۆكیەك لەنێوان لایەنێكی سیاسیدا هەبێت چ یەكێتی یان پارتی یاخود حزبەكانیتر كاردەكاتەسەر ئیدارەی هەموو شوێنێك نەك تەنها هەڵەبجە».

«ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە ١٤٠ هەزار كەسە، هەوڵمانداوە لەگەڵ لایەنەكان قسە بكەین هەتاوەكو پرۆژەی ستراتیژی گەشتیاریش بێنن، بەراستی هەندێكجار ئێمە وەكو ئیدارە هەندێك قسە دەكەین تۆمەتباریش دەكرێین لەسەر ئەوەی كە دەڵێین پڕۆژەكان بدرێت بەكۆمپانیایەك كەئەزمونی هەبێت و كاری پردی كردبێت ئەگەر بەنرخێكی زیاتریش بێت، نەك كۆمپانیایەك نەشارەزابێت لەوبوارە»، نوخشە ناسیح وای وت.

 

هەڵەبجە بە پەراوێزخراوی ماوەتەوە

هەر سەبارەت بە گرفتەكانی بەردەم بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، حەكیم سەید نەجیب، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» هەڵەبجە پشتگوێخراوە چونكە لەسەرەتای بەپارێزگابونییەوە قەیرانی دارای دروستبوەو هیچ بودجەیەكیش نەچوەتە پەرلەمان تاوەكو دەنگی بۆ بدرێت هەربۆیە بەپەراوێزخراوی ماوەتەوە، زۆربەی پرۆژەكان لەسەر پترۆدۆلارە ئەو پرۆژانەشی هەیە هەموی لەساڵەكانی ٢٠١٢و ٢٠١٣ دەرچوە لە دوای ئەوەوە هیچ پڕۆژەیەك دەرنەچوە، بەڵام لەكۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دوو سێ پرۆژەی بچوك دەرچوو ئەوانەش گرفتی خەرجكردنی پارەیان هەیە، بەڵام بەرێوەبەری بانكی هەرێم لەسلێمانی نەرمی نواندوەو كەم كەم پارە دەنێرێت».

نیوەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان دەستبەكارنەبوون

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە راشیگەیاند: «بەڵێ هەموو بەرێوەبەرایەتیەكان نەكراونەتەوەو ئەوانەشی كراونەتەوە فەرمانبەرێكی كەمیان بەگرێبەست بۆ دانراوە بەڵام فەرمانگەكانیتر فەرمانبەرانی فەرمانگەكانیتریان بردوە، بەنمونە سێ بەرێوەبەرایەتی كراوەتەوە كەگەشتوگوزارو شارەوانیەكانن لەگەڵ نەخشە، ئەندازیاری شارەزای ئێمەیان بردوە كەئێستا شوێنەكانیان بەتاڵە، تاوەكو ئێستاش سایلۆمان نیە، و بەلایەنی كەمەوە بڕی ١٥٠ ملیار دینار پڕۆژەمان وەستاوە، پڕۆژەی ڕێگاو بانیشمان هەیە تەواونەكراون».

هاوكات سەرچنار ئەحمەد، پەرلەمانتار دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت: « گرفتەكان لەسێكتەری تەندروستی و شێوازی دامەزراندن و نەبونی خزمەتگوزاری و ئەنجومەنی پارێزگایە لەگەڵ جێبەجێ نەكردنی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٥ـی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، هەروەها جێبەجێنەكردنی بڕیاری ژمارە ٢٣ـی ساڵی ٢٠١٤ كە هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیە واتە هەموو كۆبونەوەیەكی پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت لەهەڵەبجە بكرێت، هەربۆیە یەك كۆبونەوە لەهەڵەبجە نەكراوە چونكە هۆڵی شایستەو میوانداری تێدانیە، لەساڵی ١٩٩٩ەوە پەرلەمان بڕیاریداوە هەڵەبجە بكرێت بەپارێزگا دواتر لەساڵی ٢٠١٥ یاسای بۆ دەرچوو ئەنجومەنی بۆ دابنرێت، بەوهۆیەوە هەموو حزبەكانمان كۆكردەوە زیاتر لە٤٠ كۆبونەوەمانكرد لەناو هەڵەبجە هەر ڕێكنەكەوتن، هۆكاركەش ململانێی سیاسیە لەنێوان حزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٥ ئاماژە دراوە كە هەڵەبجە پێویست ناكان بەهەڵبژاردن ئەنجومەنی بۆ دابنرێت، بەڵكو بەدامەزراندن، بەڵام وتیان؛ چەند پۆست لەهەڵەبجە وەربگیرێت دەبێت لەهەولێریش وەربگیرێت!، ئەوە هەشت ساڵە ئەو یاسایە جێبەجێنەكراوە».

ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد: «لەو باوەڕەدانیم عێراق لە١٦/٣  بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات، چونكە حكومەتی هەرێم ئێمەی خستوەتە نێو دوو كێشەوە كەگرفتی یاساییەو حكومەت خۆی لێدزیوەتەوەو دەڵێن پەیوەندی بەحكومەتی عێراقیەوە هەیە لەگەڵ نەبونی خزمەتگوزاری و دەستی ئاوەدانی»، وتیشی: «چوارساڵە لەم خولەی پەرلەمانین كەكابینەی نۆیەمە سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكجاریش نەهاتوە سەردانێكی هەڵەبجە بكات بەیادەكەشەوە هەمویی بێ باكە».

هاوكات سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «پەرلەمان بەپێی توانای لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانی و دەرچواندنی یاسادا كاری بۆ پارێزگای هەڵەبجە كردوە، وەك لەیاسای ژمارەی یەكی ساڵی ٢٠١٥دا ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی بەفەرمیكرد، بەڵام هەندێك رێكاری ئیداری ماوە كەپەیوەست نیە بەهەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو پەیوەستە بەحكومەتی مەركەزی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەربۆیە دەستپێشخەری بەردەوامیان هەیەو عێراق هەنگاوەی جدی نەهاویشتوە»، وتیشی: « گرفتەكان زۆرن گرفتی یاسایی و ئیداری و خزمەتگوزارییە گشتیەكانیان هەیە، نەچونە پێشەوەی قۆناغی كارە ئیدارەیەكان و جێبەجێنەكردنی داخوازییەكان بابەتێكیترەو پەیوەستە بەلایەنە پەیوەندیدارەكان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە».

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار