ژنێک ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا تێک دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش، دوای کۆبونەوەی شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە ساڵێکە هەوڵی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەدەن، لە هاوپەیمانێتیەکە بە شێوەیەکی نافەرمی کشایەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نین کەمال کلچدارئۆ‌غلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بێت.
ئاکشەنەر داوای لە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و مەسنور یاڤاش سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرە کرد کە دەستپێشخەری بکەن و خۆیان کاندید بکەن کە هەردوو سەرۆک شارەوانییەکە سەر بە جەهەپەن.
بەڵام دوابەدوای قسەکانی ئاکشەنەر، ئیمامئۆغلۆ و یاڤاش تویتیان بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆی سەرۆکیان دەربڕی.
ئەم هەڵوێستەی ئاکشەنەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە گشتی کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە.
کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە لەم بارەیەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و وتی، " ئێمە هەوڵ دەدەین، هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە و لە ئەردۆغانیزم رزگارمان ببێت."
پارتی کرێکارانی تورکیاش لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " خەڵکەکەمان لەدژی کۆشکەکەی ئەردۆغان ئیرادەی خۆی پیشان دەدات، لەدژی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، کاندیدێکی هاوبەش هەڵدەبژێرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەشی ٢٠ ساڵی ئاکەپە دەهێنێت."
لەلایەکی دیکەوە، ئوندەر ئیشلەیەن ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی چەپی تورکیا رایگەیاند، ئەم هەڵوێستەی ئاکشەنەر بە مەبەستی هەماهەنگیکردنە لەگەڵ ئاکەپە. هەڵوێستێکە بۆ وڵامدانەوەی ئەردۆغان کە پێی دەڵێت بگەڕێتەوە بۆ نێو هێلانەکەت.
ئەم پێشهاتە، هاوکێشەکانی تورکیای بە تەواوی گۆڕیوە و پارتە سیاسیەکان کەوتووەنەتە خۆیان کە هاوسەنگی نوێ دروست بکەن.
چاوەکان لەسەر کۆبونەوەیەکی رۆژی دووشەممە ٦ی مانگە کە جارێکی دیکە هاوپەیمانی گەل کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە، ئایا مەراڵ ئاکشەنەر بەشداری لە کۆبونەوەکەدا دەکات یان نا!
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەم بارەیەوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و هەر لەم بارەیەوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپەش) کۆدەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار