سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان: پشکنینەکان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا دەستپێئەکەنەوە

ڕافائێڵ گروسی: ئەم ڕێکەوتنەمان لەگەڵ ئێران تەنها قسە نیە و زۆر کۆنکرێتیە.

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕافائێل گروسی، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە بە ڕێگەدان بۆ دووبارە داناناوەی کامێرا وئامێرەکانی چاودێریکردن لە بنکە ئەتۆمیەکانیدا وپشکنینە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم.

سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی شەممە دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کە پێکهاتبوون لە ئیبراهیم ڕەئیسی و سەرۆکۆماری ئێران و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئێران ڕایگەیاند، ئێران ڕەزامەندە لەسەر فراوانکردنی هاوکاریەکانی بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمیەکانی.

سەردانەکەی ڕافئێل گروسی  دوای دۆزینەوەی گەردیلەکانی یۆرانیۆم بوو کە تا ئاستێک پیتێنراوە  کە ٨٣.٧٪ و نزیکە لەو پلەیەی کە وەک" چەک" بەکاربێت  لە دامەزراوەیەکی ژێرزەمینیی ئێراندا، هەروەها تەنها دوو ڕۆژ پێش کۆبوونەوەی  دەستەی بەڕێوەبەری ٣٥  وڵاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دێت.

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتوەیەکگرتوەکان لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ڤیەنای پایتەختی نەمسا، کە ئاژانسەکە بارەگا سەرەکییەکەی لێیە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "لە چەند مانگی ڕابردوودا، کەمبوونەوەی هەندێک لە چالاکییەکانی چاودێریکردن هەبووە" کە پەیوەندییان بە کامێرا و ئامێرەکانی دیکەوە هەبووە کە کاریان نەدەکرد، وتیشی " ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەستنەوەی کامێرا و کەرەستەی دیکەی چاودێری لە شوێنە ئەتۆمییەکانی و زیادکردنی خێرایی پشکنینەکان ... ئێمە ڕێککەوتووین کە ئەوانە جارێکی دیکە کار بکەنەوە".

 ڕافائێل گروسی  لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە  وردەکارییەکانی نەخستەڕوو کە کام ئامێرە نۆژەن دەکرێتەوە و لەماوەی چەندێکدا، بەڵام وتی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێویستی بە پشکنینی زیاتری ئەو دامەزراوەیە هەیە و ئێران ڕازی بووە بە "لەسەدا ٥٠ی زیاتر پشکنین" لەوێدا ، هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە  ڕێکەوتنەکان " تەنها قسە نین، ئەمە زۆر کۆنکرێتیە".

 

هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێران دوای سەردانەکەی گرۆسی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند تاران "ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ  پێشکەشکردنی زانیاری زیاتر و دەستڕاگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پارێزبەندی".

بەپێی ڕیکەوتنەکە ئێران ڕێگە بە دانانی ئامێری چاودێری زیاتر دەدات کە بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دانرابوو، بەڵام دواتر ساڵی ڕابردوو لابرا، چونکە ڕێککەوتنەکە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکادا هەڵوەشایەوە.

ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ وڵاتانی ئەندام کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە لیکۆڵینەوەی لەسەرکراوە ، ڕایگەیاندووە، گرۆسی بەوپەڕی دڵنیاییەوە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی خێرای  تەواوی بەیاننامە هاوبەشەکەیە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی گەیشتە ئێران و دانوستانەکان لە بنبەستدا بوو سەبارەت بە زیندووکردنەوەی پەیماننامەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە بەڵێنی ڕزگاربوونی تاران لە سزا ئابوورییە توندەکانی پێدابوو کە لەلایەن ڕۆژئاوا وئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنرابوو  لە بەرامبەر سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی .

هاوکات ئێرانیش لەبارەی دەستڕاگەێستنی بە یۆڕانیۆمی پوخت کە بەڕێژەیەک زیاتر بێت لە سەدا ٦٠ ئێران،  ڕەتیدەکاتەوە بیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و دەڵێت هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی ئەو ڕێژەیە،  دەشڵێت، " کە رەنگە هەڵاوسانی نەخوازراو ڕویدابێت لە کاتی پڕۆسەی پیتاندندا"

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار