پێکدادان لە نێوان تاڵیبان و ئێران رویدا
خاڵێکی سنوریی نێوان ئەفغانستان و ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
لە سنوری نێوان ئێران و ئەفغانستان پێکدادانی سەربازیی لە نێوان تاڵیبان و پاسەوانانی سنوری ئێران رویدا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن هیچ زیانێکی نەبوە و هۆکارەکەی نادیارە.
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) بڵاوی کردوەتەوە؛ لە سنوری شاری هیرمەند لە ئەفغانستان کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ئێران بۆ چەند کاتژمێریک پێکدادان و شەڕەتەقە لە نێوان پاسەوانانی وڵاتەکە و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە.
پێکدادانەکە لە نزیک پردی (میلەک) کە دەکەوێتە سنوری نێوان ئەفغانستان و ئێران، رویداوە و بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.
بەرپرسێکی ئێران رایگەیاندوە؛ هۆکاری پێکدادانەکە رون نییە لە کاتێکدا هەفتەی رابردو چەکدارانی تاڵیبان پاسەوانێکی سنوری ئێرانیان دەستبەسەرکرد و ڤیدیۆیی لێدانەکەیان بڵاو کردەوە.
ئێران و ئەفغانستان 945 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیە و دوای ئەوەی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە، دەیان جار پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنور و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە و سەرەڕای ئەوەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانسان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.