ئیسرائیل: هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران یاساییە

نەتانیاهۆ: گروسی کەسێکی بەنرخە بەڵام لێدوانەکەی بێ بەهایە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیسرائیل رایگەیاند هەر کاتێک خۆیان بە گونجاوی بزانن هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەو کارەش بە یاسایی ناو دەهێنێت و رەخنە لە بەڕیوبەری ئاژانسی ئەتۆمیی دەگرێت.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند؛ پێچەوانەی لێدوانی رافائیل گروسی، بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوەتی یاساییە.

نەتانیاهۆ وتی: گروسی کەسێکی بەڕێز و بەنرخە بەڵام لێدوانێکی بێ بەهای داوە چونکە ئێران بە ئاشکرا خوازیاری لەناوچونی ئێمەیە.

وتیشی: ئایا ئێران بۆی هەیە ئێمە کۆمەڵکوژ بکات ؟ ئایا بۆمان نییە بەرگریی لەخۆمان بکەین؟ بێگومان ئێمە بەرگریی لەخۆمان دەکەین و مۆڵەت لە کەس وەرناگرین.

وتەکانی نەتانیاهۆی دوای ئەوە هات کە گروسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند؛ لە ئەگەری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کارێکی نایاسیاییە و ئەوەش نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە.

بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی وتوە کە لە ماوەی رابردودا دەیان کۆبونەوە و دانوستانیان لەگەڵ وڵاتان ئەنجام داوە بۆ هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئیسرائیل بە بەردەوامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جێگەی گومانە و هەر کاتێک بیانەوێت بە مەبەستی رێگریی لەو وڵاتە بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان چونکە پابەندی هیچ رێککەوتنێکی ئەتۆمیی و نێودەوڵەتیی لە نێوان تاران و وڵاتانی دیکەدا نابن.

  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار