سووریا: فڕۆکەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی شاری حەلەبیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکارکەوت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەخانەی شاری حەلەبیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکارکەوت.

ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) رۆژی سێشەممە، 7-3-2022، رایگەیاند: ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە ڕۆژئاوای لاتقیە ئەنجام دا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج" و زیانێکی ماددی زۆری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.

لە ساڵی رابردووەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا چڕ بوونەتەوە، کە ئامانجیەتی "رێگری لە ئێران بکات لەوەی لەڕێگەی ئەو فڕۆکەخانانەوە چەک و هاوکاری بە هاوپەیمانەکانی لە سووریا و لوبنان بگەیەنێت".

تائێستا زانیاری لەبارەی زیانە مرۆییەکانەوە نییە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی هێرشەکە نەداوە.

نزیکەی 10 ساڵە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر سووریا بە دیاریکراویش دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری و شوێنی گردبوونەوەی میلیشیای چەکداری، کۆگای چەک و توونێل و رێگەی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی، دەکاتە ئامانج وبەدەگمەن ئیسرائیل ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام بەردەوام لەڕێگەی بەرپرسە باڵاکانییەوە ئەو جۆرە هێرشانە بە رێگری لە ئێران بۆ زیادکردنی هەژموونی سەربازی لە سووریا وەسف دەکات.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار