نەتەوەیەکگرتوەکان: مەزەندە دەکرێت زیانەکانی بومەلەرزەکە لە تورکیا  ١٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرپرسێکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان  ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە  مەزەندە دەکرێت زیانەکانی بومەلەرزە وێرانکەرەکانی مانگی ڕابردوو لە تورکیا ١٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕێنن.

لویزا ڤینتۆن، نوێنەری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێكەوە لە غازی عەنتابەوە ڕایگەیاند: "لەو حیساباتانەی تا ئێستا دەکرێت ڕوونە کە ژمارەی زیانەکان کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش دەکرێت و لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێت زیاتر دەبێت لە 100 ملیار دۆلار".

ئەمەش لەدوای ئەوەی  باشووری تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سووریا بە هۆی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس گیانیان لە دەست دا.

لویزا ڤینتۆن وتیشی، ئاماری زیانە کاتییەکان کە  تەنها تورکیا دەگرێتەوە، وەک بنەمایەک بۆ کۆنفرانسی خێرخوازان لە ١٦ی ئازار لە برۆکسل بەکاردەهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ڕزگاربووان و ئاوەدانکردنەوە.

هاوکات لویزا ڤینتۆن لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەوە وتی، دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لەناوچەکەدا بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاوارەبوون و نزیکەی ٦٠٠ هەزار باڵەخانە و شوێن و بنکەی کار ڕووخاون.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بانکی نێودەوڵەتی پێشتر زیانە ڕاستەوخۆکانی تورکیای بە ٣٤.٢ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، تێچووی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە زۆر زیاتر دەبێت و زیانەکانیش بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی تورکیا کە پەیوەندییان بە پچڕانی ئابوورییەوە هەیە کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە دروستبووە، تێچووی ئەو وڵاتە زیاد دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار