كڵچدار ئۆغلۆ وەك كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا دیاریكرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای نزیكەی ساڵێك لەناكۆكی و دانوستانەكان، دواجار ئێوارەی شەشی ئازار، هاوپەیمانی گەل كە لە «پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بەسەرۆكایەتی كەمال كڵچدارئۆغلۆ، ئیی پارتی (پارتی باش) بەسەرۆكایەتی مەراڵ ئاكشەنەر، پارتی سەعادەت بەسەرۆكایەتی تەمەل كارامۆللا ئۆغلۆ، پارتی پێشكەوتن و دیموكراسی (دەڤا) بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان، پارتی ئایندە بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ و پارتی دیموكرات بەسەرۆكایەتی گولتەكین ئویسال پێكدێت، كاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا دیاریكرد كەئەویش كەمال كڵچدارئۆغلۆیە.

 

مەرجی پارتی باش بۆ كڵچدارئۆغلۆ

رۆژی هەینی سێی ئازار، دوای كۆبوونەوەیەكی شەشقوڵی شەش سەرۆكەكەی هاوپەیمانی گەل، مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش، كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو رایگەیاند، پارتەكەی لەگەڵ كاندیدكردنی كڵچدارئۆغلۆ نییەو داوای لەئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنقەرە كرد، یەكێكیان خۆیان كاندید بكەن و بەو شێوەیە لەهاوپەیمانی گەل كشایەوە، بەڵام بەدەستپێشخەری پارتەكانی دیكەی نێو هاوپەیمانێتیەكە ئاكشەنەر رازیكراو دواجار بەشداری دوایین كۆبوونەوەی لایەنەكانی بۆ دیاریكردنی كاندیدی هاوبەش كرد، بەڵام مەرجێكی ئەویش لەكۆبوونەوەكەدا پەسەندرا.

مەرجەكەی ئاكشەنەر ئەوەیە كە ئیمامئۆغلۆو یاڤاش بكرێنە جێگری یەكەم و دووەمی كەمال كڵچدارئۆغلۆ، ئەگەر لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا توانی شكست بەڕكابەرەكەی بهێنێت كە بەئەگەرێكی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری ئێستاو سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدانە.

 

كڵچدارئۆغلۆ: من كاندیدی ٨٥ ملیۆن كەسم

كەمال كڵچدارئۆغلۆ دوای دیاریكردنی وەك كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەناوەندی گشتی پارتەكەی لەئەنقەرە، بۆ لایەنگرانی قسەی كرد. كڵچدارئۆغلۆ وتی، « لەكاندیدێك زیاتر، نوێنەری گۆڕانكاریم لەتوركیا. من و هاوپەیمانەكانم نوێنەرایەتی پێشكەوتن، بیری عەلمانی دەكەین. من بەتەنیا كاندیدی سەرۆك كۆماری نیم، بەڵكو كاندیدی، بەرەكەت، ئارامی و دادپەروەریم لەم وڵاتەدا. كاندیدم بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پێكەنین بخەمەوە سەر لێوانتان. من كاندیدی ٨٥ ملیۆن هاووڵاتی توركیام.»

یەكەم كەس كە لەبارەی كاندیدكردنی كڵچدارئۆغلۆ بۆچوونی خۆی دەربڕێ. مەڕال ئاكشەنەر بوو. ئاكشەنەر لەتویوتێكدا وێنەی خۆی و پێنج سەرۆكەكەی هاوپەیمانی گەلی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ گەلەكەیان مێژوو دەنووسنەوە.

تویتێكی كورتیش لەلایەن بولەنت توران جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)ەوە بڵاوكردەوە. توران پیرۆزبایی لەكەمال كڵچدارئۆغلۆ كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە گەل باشترین ناوبژیوانە.

هەدەپە: چاوەڕێی كڵچدارئۆغلۆین

میدحاد سانجار هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە لەساتی ئاشكراكردنی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن لەبەرنامەیەكی كەناڵی (هابەر تورك)دا میوان بوو، وەڵامی پرسیاری پێشكەشكارەكەی لەبارەی كاندیدكردنی كڵچدارئۆغلۆ چۆن دەبینن؟ وتی، « ئێمە وەك هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كۆدەبینەوە و بڕیار لەسەر دیاریكردن یان نەكردنی كاندیدەكەمان دەدەین، بەڵام لەئێستادا كەمال كڵچدارئۆغلۆ وەك كاندیدی هاوپەیمانی گەل دیاریكراوە. من داوای بەختێكی باشی بۆ دەكەم و بەخۆشحاڵییەوە لەبارەگاكەمان چاوەڕێی بەڕێزیان دەكەین.»

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەش كەشەش ساڵە لەزینداندایە، تویتێكی بڵاوكردەوەو وێنە و قسەكانی میدحاد سانجاری بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی لەكڵچدارئۆغلۆ كرد.

 

١٠ی ئازار وادەی هەڵبژاردن بەفەرمی رادەگەیەندرێت

هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی هاوپەیمانی گەل و دیاریكردنی كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، كابینەی حكومەتی توركیا بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبووەوە. دوای چەند كاتژمێرێك لەكۆبوونەوەكە، ئەردۆغان كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو ئاماژەی بەوەكرد كە لەكۆبوونەوەی كابینەی حكومەتدا دوو پرسی گرنگ تاووتوێ كراون كەئەوانیش دۆخی بومەلەرزەو پرسی هەڵبژاردن بووە.

ئەردۆغان رایگەیاند: هەرچەندە پرسی سەرەكی ئەوان دۆخی بومەلەرزەو زیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكەیە، بەڵام پرسی هەڵبژاردنەكانیش گرنگەو لە ١٠ی ئازاردا، بەفەرمی لەڕۆژنامەكاندا وادەی هەڵبژاردن ئاشكرادەكرێت.

ئەو قسانەی ئەردۆغانیش لەكاتێكدایە، چەندین جار، جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

 

ئایا هەدەپە پشتگیری لە كڵچدارئۆغلۆ دەكات؟

لەئێستادا چوار هاوپەیمانی ركابەرایەتی یەكدی دەكەن، كەئەوانیش هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و هاوپەیمانی كۆمارن. بەگوێرەی راپرسییەكان، دەنگی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن بەچەند خاڵێك لەپێش هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵاتەوەیە، بەڵام دەنگی هیچ یەك لەلایەنەكان ناگەنە سەرووی ٥٠٪ كە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا ٥١٪ی دەنگی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێت، بۆیە لێرەدا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كە لەهەدەپە و پێنج لایەنی چەپ و سۆسیالیست پێكدێت، رۆڵی یەكلاییكەرەوە لەهەڵبژاردنەكاندا دەبینێت.

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، دانوستان لەنیوان جەهەپەو هەدەپە هەیە كە لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، پشتگیری لەكڵچدارئۆغلۆ بكەن. هەرچەندە نزیكایەتیەك لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دەبینرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هەدەپە ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە كە بەفەرمی پشتگیری لەكڵچدارئۆغلۆ بكات.

بۆ پشتگیریكردن لەكڵچدارئۆغلۆ پێدەچێت، هەدەپەش مەرجی خۆی هەبێت، بەڵام لەبەرنامەی حكومەتی هاوپەیمانی گەلدا دوو خاڵی گرنگ هەیە كە لەبەرژەوەندی هەدەپەدایە كەئەوانیش، هەڵگرتنی یاسای قەیومە لەنێو یاساكانی توركیادا كە رێگەدەدات، حكومەت بەڕێوەبەرێك لەجێگەی سەرۆك شارەوانی و پۆستە خۆجێیەكانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دابنێت كەهەدەپە لەماوەی رابردوودا زیانێكی زۆری بەو هۆیەوە بەركەوتووە.

دووەمیش، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپایە بۆ ئازادكردنی سیاسەتمەدارو كەسایەتیە دیارەكانی توركیاو باكوری كوردستان كە هەدەپە پشكی شێری لەو یاسایە بەردەكەوێت. چونكە تاوەكو ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار، هاوسەرۆكی پێشوو، پەرلەمانتار، سەرۆك شارەوانی، ئەندام و بەڕێوەبەری ئەو پارتە لەزیندانەكاندان و لەگەڵ ئەوەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنیان دەكات، بەڵام حكومەتی ئاكەپەو مەهەپە ئامادە نییە، بڕیارەكان جێبەجی بكات.

بۆیە ئەو دوو خاڵە كە هاوپەیمانی گەل دەیەوێت لەحكومەتەكەیدا جێبەجێ بكات (ئەگەر سەربكەوێت) ئەگەر هەیە هەدەپە لەبەرئەوە نەرمی بنوێنێت و ئەگەر لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكانیشدا نەبێت لەخولی دووەمدا پشتگیری لەكەمال كڵچدارئۆغلۆ بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار