ئەمریكا: ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانمان لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
باكور بۆتان
دوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی ٦ی شوباتی باكوری كوردستان كە بەشێكی زۆری رۆژئاوای كوردستان و سوریاشی گرتەوەو بەدەیان هەزار قوربانی لێكەوتەوە، تیرۆریستانی داعش لەپارێزگاكانی رەققەو دێرەزۆری ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)و دەشتەكانی سوریا هێرشەكانی زیاتر كردووەو كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن. جگە لەوەش حكومەتی توركیا لەهێرشەكانی نەوەستاوە و لەگەڵ ئەوەی خاكی رۆژئاوای كوردستان تۆپباران دەكات، هەروەها ئاوی رووباری فوراتیشی گرتووەتەوە.
لەماوەی چەندڕۆژی رابردوودا، تیرۆریستانی داعش چەند هێرشێكیان لەدژی هێزەكانی هەسەدە ئەنجامداوە. پێنجشەممەی رابردوو دوو تیرۆریستی داعش هێرشیان كردەسەر بازگەیەكی هەسەدە لەسەر رێگەی شارۆچكەی سەبیحەی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و بەوهۆیەوە دوو شەڕڤان برینداربوون. رۆژی یەكشەممە ٥ی ئازار، لە رێگەی پێگەی ئەلكترۆنی (ئەعماق)ەوە داعش بەرپرسیاری هێرشەكەی گرتەئەستۆو رایگەیاند كە لەو هێرشەدا، شەڕڤانێكیان شەهید كردووەو شەڕڤانێكیش برینداربووە.
هەروەها رۆژی شەممەی رابردوو، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردەسەر خاڵێكی سەربازی هەسەدە لەشاری شحێلی رۆژهەڵاتی دێرەزۆرو بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، لەهێرشەكەدا شەڕڤانێكی هەسەدە بریندار بووە. هێزەكانی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنەكانی هەسەدەش رایگەیاند كە كەسێكیان بەهۆی هاوكاریكردنی چەكدارەكانی داعش دەستگیركردووە.
لەلایەكی دیكەوە، چەكدارەكانی داعش لەڕێگەی مینی چێندراوەوە، هاووڵاتیانی مەدەنی و شەڕڤانان دەكەنە ئامانج و لەماوەی هەفتەیەكی رابردوودا، پێنج هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی مینە چێندراوەكانی داعش گیانیان لەدەستداوەو ژمارەیەكیش برینداربوون.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكاش ئاماری مانگی شوباتی، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە لەدژی تیرۆریستانی داعش بڵاوكردەوە. بەگوێرەی ئامارەكە، لەباكوری و رۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی ١٥ ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدراون و لەئەنجامدا پێنج تیرۆریستی داعش كوژراون و ١١ تیرۆریستی رێكخراوەكە دەستگیركراون. هەروەها چوار سەربازی هاوپەیمانان و سەگێكی ئەو هێزە لەئۆپراسیۆنەكاندا برینداربوون.
ژەنەڕال مایكل كۆرێلا، فەرماندەی ناوەندی ئەمریكاش دوای ئاشكراكردنی ئاماری مانگی رابردوو، لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا باسی رۆڵی شەڕڤانانی هەسەدە لەئۆپراسیۆنەكەدا كردو ئاماژەی بەوەكرد كەئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیان لەناوچەكە بەردەوام دەبێت.
پێشهاتێكی دیكە كەكاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، سەردانە كتوپڕەكەی ژەنڕاڵ مارك میلی سەرۆك ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان. میلی دوای سەردانەكە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كردو وتی، سەردانەكەی بۆ پێداچوونەوەی رێوشوێنەكانی پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكایە لەهەر هێرشێكدا. هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانە سوریەكانیان بەسەرۆكایەتی هێزە كوردییەكان سەردەكەون بەسەر داعش و دڵنیان لەشكستی هەمیشەیی رێكخراوی داعش.
ئاژانسی سانای فەرمی حكومەتی سوریاش رایگەیاند، لەباشوری رۆژئاوای دێرەزۆر كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتدایە، مینێك بە ئۆتۆمبێڵێكی نەفەرهەڵگردا تەقیوەتەوە كەسەرنشینانی بۆ كۆكردنەوەی دۆمەڵان روویان لەدەشتەكانی ناوچەكە كردبوو لەئاكامدا پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ٤٠ هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون.
لەپاڵ جموجووڵەكانی داعش، توركیاش هێرش دەكات
لەگەڵ زیادبوونی جموجووڵی تیرۆریستانی داعش، سوپای توركیاش تۆپباران و هێرشەكانی چڕكردووەتەوە. ٤ی ئەم مانگە تۆپخانەكانی سوپای توركیا گوندەكانی كولتب و بەغدیدی كۆبانێیان تۆپباران كرد. لەتۆپبارانەكەدا دوو هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون و زیانێكی زۆری ماددی بەماڵ و موڵكی هاووڵاتیان گەیشت.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرای كرد كە لەبومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە، سوپای توركیا ٢٤ هێرشی بە چەكی قورس ئەنجامداوە و چەندین جاریش لەسەر سنوورەكان تەقەی راستەوخۆی لەهاووڵاتیانی مەدەنی كردووە.
وتیشی، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا ٣٤٨ جار درۆنەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان فڕیون و ٢٧ جاریش فڕۆكە جەنگییەكان ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان و سوریایان بەزاندووە. لەبارەی ئاماری زیانە گیانیەكانیش هەسەدە رایگەیاند، لەهێرشەكاندا چوار هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و سێ هاووڵاتیش برینداربوون.
توركیا ئاویشی لەسەر رۆژئاوای كوردستان بڕیوە
كێشەیەكی مەترسیداری دیكە كەڕووبەڕووی رۆژئاوای كوردستان بووەتەوە، بڕینی ئاوی رووباری فوراتە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە. رووباری فورات كە بەشادەماری ژیانی هاووڵاتیانی ئەو بەشەی كوردستان، سوریا و عێراقیش دادەنرێت، رۆژ بەڕۆژ ئاوەكەی كەمدەكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی كەمبوونی ئاوی رووباری فورات، بڕیاری راوەستاندنی بەرهەمهێنانی كارەبایان لەبەنداوی تشرینی نزیك لەكۆبانێیان داوە.
لەڕاگەیەندراوەكەدا باسی ئەوەشكراوە كە بەنداوەكان كە رۆژ بەڕۆژ ئاوەكانیان كەمدەكات، سەرچاوەی سەرەكی كارەبا، ئاوی خواردنەوەو كشتوكاڵە و بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر هاووڵاتیانی ناوچەكە دروستبووە.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش ئاشكرایكرد كەحكومەتی توركیا لەچركەیەكدا تەنیا ٢٠٠ مەترسێجا ئاو بەردەداتە نێو خاكی سوریاوە كەئەوەش بەپێچەوانەی رێككەوتنی نێوان شام و ئەنقەرەیە كە لەساڵی ١٩٨٧دا واژۆكراوە. لەكاتێكدا كەپێوستە لەهەر چركەیەكدا ٥٠٠ مەترسێجا ئاو بەربداتەوە. پێشتریش حەمود حەمەدین، بەڕێوەبەری بەنداوی تشرین رایگەیاندبوو، ئاستی ئاوی بەنداوەكە زۆر كەم بووەو تەنها ٣٠ سانتیمەتر ماوە، سفر ببێتەوە.