جلوبەرگی کوردان.. سروشتی نیشتمان
2 ساڵ لەمەوپێش
دەشتی مەحمود
زۆربەی پێكهێنەرو توخمەكانی كەلتووری كورد هەر لەئەدەب، زمان، ئاین، موزیك و خواردن و جلوبەرگەوە، هتد، فرەیی و هەمەجۆری و هەمەڕەنگییەكی سەرنجكێشی تیدایە كە بۆ مرۆڤ زیاتر لەنیگارێكی فرەڕەنگی تێر دەبینرێت، دەكرێت بڵێین كە وەكو چۆن سەیری هەر ناوچەیەكی كوردستان بكەی، لوتكەی چیا، زەنوێر، پێدەشت هەیە، ئەوا لەجلوبەرگیشدا، رەنگدانەوەی سرووشتی پەیوەند بەخاك و نیشتیمانی رەنگاوڕەنگ هەست پێدەكەی.
نووسەرو رۆماننووسی بەریتانی، ساگڤێل وێست، لەپەرتوكی گەشتیاری بەرەو تاراندا، كە یەكەمجار لەساڵی (١٩٢٦) بڵاوكراوەتەوە، باوەڕیوایە كەجلوبەرگی كوردی، رەنگدانەوەی وێنەی سرووشتی رەنگاوڕەنگی نیشتیمانی كوردانەو دەنووسێت، "مرۆڤ ناتوانێت زیادەڕەوی لەتێری رەنگی گردەكانی كوردستاندا بكات؛ لەچاوەڕواننەكراویمدا، هەرگیز لەهیچ شوێنێكی جیهاندا، هەمەجۆری و تێر رەنگی وەهام نەدیتووە." هەروەها، بەبڕوای مێژوونووسی مەزنی كورد، مێهرداد ئێزەدی، فرەڕەنگی پۆشاكی كوردان، گەشەو رەنگدانەوەی فرەڕەنگی گڵكاریی كەلتووری هەلەفە كەمێژووەكەی بۆ هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئێزەدی لەپەرتووكی چەردەباسێك دەربارەی كوردان، دەنووسێت، "جلوبەرگە رەنگاوڕەنگەكان، باس لەكاریگەرییەكی راستەوخۆی ژینگەیی دەكەن لەسەر دەروون و سەلیقەی كورد. هەمان كاریگەری دەتوانرێت بەپەرەپێدانی گڵكاریی هەمەجۆری و رەنگاوڕەنگی نایابی كەلتووری هەلەفی ٨٠٠٠ ساڵی پێش ئێستا لەكوردستاندا بكرێت." ئێزەدی، لەسەر كەلتووری هەلەف دەنووسێت، "گڵكاریی هەلەف كە بەشێوەیەكی نایاب رەنگ كراو و بەشێوەیەكی ناسك نەخشێنراوە، بەئاسانی لەبەرهەمەكانی پێشوو و دواتر جیادەكرێتەوە."
تایبەتمەندی جلوبەرگی كوردان
بێگومان، دەكرێت بگوترێت، یەكێك لەتایبەتمەندییە بنچینەییەكانی كەلتووری كوردی، لەنێوانیاندا، جلوبەرگیش، فرەییە. فرەییەكی سەرنجكێش، بەڵام یەك بونیادیی لەتەواوی توخمە كەلتوورییەكانی كوردییدا هەیە. بەڵام دەكرێت، لەجلوبەرگی كوردیدا، تێبینیی ئەوە بكەین كە جگە لەڕەنگاوڕەنگی و فرەیی پۆشاكی كورداندا، ناتوانرێت بەهیچ كام لەم پۆشاكانە بگوترێت جلوبەرگێكی تایبەتی كوردی، چونكە، جلوبەرگەكان لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر لەپێكهاتەو بڕین و كەرەستەدا جیاوازن، بەڵام لەهەمان كاتدا لەهەمەڕەنگی و تاڕادەیەك لەفۆڕمدا وەكوو یەكترین. بەبڕوای ئێزەدی، بەشێوەیەكی گشتی جلوبەرگی كوردی، سەرەڕای فرەییەكەی سەر بەدوو شێوەی جیاوازدا دابەشبكرێت و بناسرێتەوە، ئەوانیش، یەكەم، شێوەی جلوبەرگی رۆژئاوای كوردستان و دووەمیش شێوەی جلوبەرگی باشور، ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی كوردستان، هەروەتر، شێوە جلوبەرگی كوردانی باكور، تێكەڵەیەكە لەشێوەو رەنگی هەردوو شێوەكانی تری جلوبەرگی كوردی.
جلوبەرگی ژنانی كورد
لەناو كورداندا، جلوبەرگ یەكێكە لەتایبەتمەندیی كوردبوون و جیاوازی جلوبەرگ لەنێوان هەردوو رەگەزدا بەئاسانی تێبینی دەكرێت، بەڵام فرەڕەنگی و فرەشێوەیی لەجلوبەرگی هەردوو رەگەزدا شتێكی نەگۆڕەو لەجلوبەرگی هەردووكیاندا هەمەجۆری و هەمەڕەنگی تایبەتمەندییەكی ناسراوەیە.
خانمانی كورد كراسی درێژی تاسەر ئەرز دەپۆشن، زۆرجار كراسەكە لەقوماشێكی نەرم و سوك و قۆڵدرێژ پێكدێت كەكۆتایی بەسێگۆشەیەكی هەڵواسراو كەپێی دەگوترێت فەقیانە دێت، كەدەتوانرێت لەپشت كراسەكەوە گرێبدرێت یاخود لە بەدەوری قۆڵەكاندا بپێچرێتەوە. لەژێر كراسەكەدا، خانمان، ئارەقچین دەپۆشن كە پارچە قوماشێكی درێژو تاڕادەیەك فشە، ئارەقچین بەزۆری لەڕەنگی رەش دروست دەكرێت، بەڵام زۆرجار رەنگی درەوشاوەش بەكاردەهێنرێت. هەروەتر، ژنان دەرپێش دەپۆشن. جا لەسەر كراسیش هەم هێلەگ و سەڵتەو هەمیش پارچە قوماشێكی یەك بەریش دەپۆشن كەپێی دەگوترێت كەوا، لەهەندێك ناوچەی كوردستاندا، بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، خانمان لەسەر كراسەكانیان پشتێن دەبەستن. هەروەها، خانمان لەگەڵ جلوبەرگی كوردیدا، قۆندەرە دەكەنە پێیان. زۆرجار خانمان كۆچك دەكەنە سەریان كە وەك كڵاو وایەو بەئاڵتوون و خشڵی رەنگاوڕەنگ دەڕازێندرێتەوە، پارچە قوماشێكیش كەپێیدەگوترێت هەوری، دەیدەن بەسەر شانیاندا. خانمان چەندین شێوەی دوورینی كراس و جلی ژنان بەكاردەهێنن و زۆربەی رەنگەكان بەجیاوازی و تێكەڵ بەكاردەبەن، ژنان لەهەڵبژاردنی رەنگی كراس و پۆشاكیان زۆر وردبین و بەزەوقن، بەشێوەیەك بۆ هەر بۆنەیەك شێوەو رەنگی جیاواز هەڵدەبژێرن.
جلوبەرگی پیاوانی كورد
بەشێوەیەكی گشتی پیاوان تێكەڵەیەك لەپانتۆڵێكی شل و شەپۆلاویی كە پێیدەگوترێت، شارواڵ، لەبەردەكەن كە لەكەمەرەوە هەتا سەرپێ تەنك دەبێتەوە، هەروەها چۆخەش لەسەر شارواڵ دەپۆشن كەچەندین شێوەی جۆراوجۆری هەیە، لەژێر چۆخەش كراس دەپۆشن. پیاوان كڵاو دەكەنە سەریان لەگەڵ مشكی و جامانە یاخود جەمەدانی، ئەمەش لەهەندێ ناوچەدا رەنگی سورە بەڵام بەزۆری رەنگی رەش و سپییە، دەكرێت رەنگی تریش بەكاربهێنن.
هەروەها، لەسەر كەمەریان، پیاوانیش هاوشێوەی خانمان، پشتێن دەبەستن، بەدڵنیاییەوە، دوور نییە كەپشتێن یاخود پشتوێن سەرەتا لەلایەن خانمانەوە پۆشرابێت، چونكە زیاتر وەكو پارچەیەك بۆ رەنگاڵەكردنی پۆشاكەكە بەكاردەبرێت، وەلێ دەكرێت لەڕابردوودا كاركردەیەكی ئاینی یاخود پیشەیی هەبووبێت، واتە دەكرێت پشتێن كە لەزۆر ناوچەدا چین چین دەبەسترێت، وێنەو ئاماژەی دۆناودۆنی (بیروباوەڕی ئاینی فریشتەباوەڕی كوردان (یەزیدی، یارسان و عەلەوی) بووبێت یاخود هەر ئاماژەیەكی تری ئاینی لەگەڵ ئەوەی دەكرێت لەكاتی چاندن و كاركردنی كشتوكاڵیدا بەكاربرابێت، هەروەها لە كاتی جەنگ و نێچیرڤانیدا بۆ هەڵگرتنی چەقۆو خەنجەر پشتی پێبەسترابێت. هەروەها، پیاوانی كورد بەتایبەت لەڕابردوودا، كڵاشیان لەپێ كردووە، كەجۆرە پێڵاوێكی نەریتی و كوردییەو زیاتر لەناوچەی هەوراماندا دەچنرێت و رەنگی سپییە. هەروەها، لەهەندێ ناوچەدا، پیاوان كەواش دەپۆشن.
فرەرەنگی و فرەشێوەیی جلوبەرگی كوردان، ئاماژەیە بەیەك كەلتووری كوردان كە لەڕاستیدا فرەیی پێكهێنەریەتی. كورد پێچەوانەی گەلانی تری ناوچەكە كە پۆشاكیان زیاتر لەچەند رەنگ و شێوەیەكی دیاریكراو تێناپەڕێت، كەدەكرێت رەنگدانەوەی كەم رەنگی سرووشتی ناوچەكەیان بێت، فرەڕەنگی و دەوڵەمەندی ژینگەیی كوردستان، رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی توخمە پێكهێنەرەكانی كەلتووری كوردی لەناویشیاندا جلوبەرگ بێت. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە قبوڵ بكەین كەجلوبەرگی كوردی رەنگدانەوەی فرەڕەنگی و شێوەیی ژینگەی كوردستانە، دەكرێت بڵێین كەوەكو چۆن سەیری هەر ناوچەیەكی كوردستان بكەی، لوتكەی چیا، زەنوێر، پێدەشت هەیە، ئەوا لەجلوبەرگیشدا، كۆچك/جەمەدانی (لوتكەی چیا)، كراس/چۆخە و شارواڵ (زەنوێر) و پێدەشتیش (پشتوێن) سیانەیەكی تەواو رەنگدانەوەی سرووشتی لەسەر دەروون و زەوقی كوردان پەیوەند بەخاك و نیشتیمانی رەنگاوڕەنگیان هەست پێدەكەی.