رۆچونی زەوی هەڕەشە لە 39 ملیۆن دانیشتوی ئێران دەکات

رۆچونی زەوی 11%ی خاکی ئێران دەگرێتەوە

رۆچونی زەوی لە شاری تاران

2 ساڵ لەمەوپێش



شارەزایەکی بواری ژینگە لە ئێران هۆشدارایی دەدات کە بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکە مەترسیی رۆچونی لەسەرە و کاریگەریی لەسەر ژیانی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جوگرافیای ئەو وڵاتە دەبێت.

عەلی بەیتوڵڵاهی، ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران، رایگەیاند؛ لە دوایین توێژینەوە و خەمڵاندنەکاندا دەرکەوتوە بەهۆی وشکەساكی و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویی ئێران روبەری زیاتر لە 46 ملیۆن دۆنم لە خاک کە دەکاتە 11%ی روبەری وڵاتەکە روبەڕوی رۆچون بوەتەوە.

بە وتەی ئەو رۆچونی ئەو روبەرە کاریگەریی لەسەر ژیانی 39 ملیۆن کەس دەبێت کە دەکاتە 49%ی کۆی دانیشتوانی ئێران.

بەیتوڵڵاهی رونی کردوەتەوە لە روبەری خاکی 380 شار و شارۆچکە و نۆ هەزار و 200 گوند رۆچونی زەویی بە رێژەی جیاواز رویداوە.

لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە؛ زیاترین مەترسیی رۆچون لەسەر روبەری پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان و خوراسان هەیە و تەنها لە ناوچە دەشتاییەکانی مەشهەد سەر بە پارێزگای خوراسان لە هەندێک شوێن سێ سانتیم بۆ 17 سانتیم رۆچونی زەویی رویداوە.

ئەو ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە رۆچونی زەوی کاریگەریی قوڵی لەسەر ژینگە و تەنانەت بوارەکانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەبێت و دۆخی ئێستای رۆچونی ئەو 11% لە خاکەی وڵاتەکە گەیشتوەتە لوتکەی قۆناغی قەیران.

بە وتەی بەرپرسانی ئێران وڵاتەکە نزیکەی 30 ساڵە گیرۆدەی وشکەساڵیی بوە و پێشبینیی کراوە تا 10 ساڵی داهاتو قەیرانی کەمئاوایی و وشکەساڵیی لە وڵاتەکە بەردەوام بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار