روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە سنوری پارێزگای حەلەب، سێ هاوڵاتی کوژراون و 25ی دیکەش رفێندراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆسەر ژمارەیەک هاوڵاتی کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بون سنوری پارێزگای حەلەب، سێ هاوڵاتی کوژران و 25ی دیکەش رفێندران.
روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی خەناسری سنوری حەلەبی باشوری رۆژهەڵاتی سوریا، ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش هێرشیانکردوەتەسەر ژمارەیەک هاوڵاتی و سەرەڕای کوشتنی سێ کەس بەچەقۆ، 25 کەسی دیکەشیان رفاندوە کە سەرجەمیان کرێکار بون و لەنێویشیاندا ژن هەیە، تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.
هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر هاوڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی سوریا بەرەو گەشەسەندن دەچێت و بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوریا، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە لە ئەنجامی هێرشە لەناکاوەکانی چەکدارانی داعش لەڕێگەی دەستڕێژی گوللـە و تەقینەوەوە، نزیکەی 139 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین.
هاوکات سەرەڕای مەترسییەکان، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی هاوسنورن لەگەڵ بیابانی سوریا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دومەڵان کە وەرزەکەی تا مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دەخایەنێت و بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێت، نرخی هەر کیلۆیەک لە نێوان پێنج بۆ 25 دۆلاردایە، بەپێی کوالێتی و قەبارەی دومەڵانەکان.