سعودیە: مەرج نییە هەمو ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبێت

ئێران دوای سعودیە هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ ئۆردون دەدات

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە

2 ساڵ لەمەوپێش



سعودیە رایگەیاند رێککەوتنی تاران و ریاز بەرهەمی دوو ساڵ کۆبونەوە لە عێراق و عومان-ە و مەرج نییە هەمو کێشەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێبێت.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رۆژی دوشەممە بە رۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی راگەیاند؛ بڕیارە لە دوو مانگی داهاتودا هەندێک لە پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێبکەنەوە و مەرج نییە هەندێک کێشە و ناکۆکیی نێوان دوو وڵاتەکە چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێبێت.

فەرحان وتویەتی: سعودیە ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ئەوان ئاساییە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆببینەوە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوە کردوە ریاز و تاران دوای دوو ساڵ دانوستان و کۆبونەوە لە عێراق و عوممان بە نێوەندگیریی چین رێککەوتنی نێوانیان واژۆ کردوە.

لە لایەکەی دیکەوە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزرەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد دوای رێککەوتن لەگەڵ سعودیە رەنگە بەمزوانە لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکە و بە تایبەت وڵاتی ئۆردون بگەنە رێککەوتن.

ئێران بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی کەنداو کێشە و ناکۆکیی تێکەوتوە، پێدەچێت دوای رێککەوتنی ریاز و تاران هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بدات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار