خەڵكی هەڵەبجە بایكۆتی هەموو یادێکی تەقلیدیی كیمیابارانی شارەكەیان دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

رێكخەرانی خۆپیشاندانی شاری هەڵەبجە بایكۆتی ئەو یادە تەقلیدیانە دەكەن كە ساڵانە بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە رێكدەخرێت و بۆ جێبەجێكردنی داواكراییەكانیشیان تا دوای جەژنی رەمەزان مۆڵەت دەدەنە حكومەتی هەرێم.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت: بایكۆتی ئەو یادە تەقلیدیانە دەكەین كە ساڵانە دەكرێتەوەو وتیشی: بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە بارودۆخێكی تەندروستی سەختدان و لە نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجەش چارەسەری پێویستی بەركەوتوان ناكرێت.

دەقی چاوپێكەوتنی رۆژنامەی هاوڵاتی لەگەڵ لوقمان عەبدولقادر؛

 

: ئەو هاووڵاتیانەی بەركەوتووی چەكی كیمیایین چەندیان لەژیاندا ماون و بارودۆخی تەندروستییان چۆنە؟

لوقمان عەبدولقادر: ئەوەی كە لەبەردەستدایە و بەفەرمی لە هەموو هەرێمی كوردستاندا ٨٣٥ بەركەوتە هەیە و لەو ژمارەیەش ٣٣١ بەركەوتەیان لە هەڵەبجە و سلێمانی-ین،  ژمارەیتەك لەوانە وەك بەركەوتە بەركەوتە نین، بەڵام بەهەر هۆكارێك بێت ناویان خراوەتە ئەو لیستەوە و خەڵكێكیش هەیە بەركەوتەیە و لەو لیستەدا تۆمار نەكراوە.

ئەتوانم بڵێم سەرجەم بەركەوتوان بارودۆخیان سەختە و بەپێی ئەو زانیاریانەی كە پزیشكان بە ئێمەیان داوە بەركەوتووی كیمیاباران چاك نابێتەوە كە ئەوەش سەختە بە نەخۆشێك بوترێت تۆ چاك نابیتەوە،  ئەو نەخۆشانە پێویستیان بەچارەسەری بەردەوام هەیە و ماوەیەكی زۆرە چارەسەرەكان راگیراوە بۆیە هەموویان بارودۆخیان زۆر لە مەترسیدایە.

: ئایا لەنەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لەهەڵەبجە چارەسەری پێویست بۆ ئەو بەركەوتووانە دەكەن، ئایا دەرمانی پێویست هەیە بۆ بەركەوتووان؟

لوقمان عەبدولقادر: نەخێر چارەسەرێكیش ئەگەر بكرێت بەپێی خواستی نەخۆشەكە نییە و ئەگەر نەخۆشێك بچێتە ئەو نەخۆشخانەیە و پێویستی بەپێنج چارەسەر هەبێت  دوو چارەسەری  هەیە و سیانی نییە یان بەپێچەوانەوە، و ئەو نەخۆشخانەیە لەو رێڕەوەی كە ئێمە داخوازیمان دەكرد و ئومێدمان پێیبوو لەتموحی ئێمەدا نەبوو بەداخەوە، ئەو نەخۆشخانەیە وەك دەوامێكی حكومی لێهاتووە و رۆژانی هەینی و شەمە دەوامی تێدا ناكرێت، ئێ نەخۆشخانەیەك هی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بێت چۆن دەبێت وەك دەوامی حكومی بێت، چونكە هەندێكجار نەخۆش نیوەی شەو پێویستی بە چارەسەر هەیە، بۆیە ئەو نەخۆشخانەیە بۆ ئێمەی قوربانیان لەبری خێر ئەتوانم بڵێم بووبە نەگبەتی بۆمان و نەخۆشخانەكە وەك پێویست نییە، پێشتر حكومەت هەوڵی ئەدا و بۆ دەرەوەی ئەناردین، بەڵام ئەوەش نەماوە و بەركەوتوان لەسەر تێچووی خۆیان دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەر و لەئێستادا چوار بەركەوتە لەسەر تێچووی خۆیان نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان ئەنجامداوە.

: ئایا حكومەتی هەرێم هاوكاریو یارمەتیی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكات؟

لوقمان عەبدولقادر: حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەیەكی مانگانەی بۆ ئەو بەركەوتووانە بڕیوەتەوە ئێستا بە داخەوە لەم پڕۆسەی چاكسازییەدا لەبری ئەوەی مینحەی خەڵكانێك ببڕێت كەموچەیەكی خەیاڵیان هەیە، هاتوون هەر بەركەوتەیەك كە فەرمانبەری حكومەت بووبێت بەپێی ئەو بڕیارەی بۆ چاكسازی دراوە مینحەكەی بڕدراوە.

: بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئایا چ بڕگەیەكی تێدایە لەخزمەت بەركەوتووانی چەكی كیمیاییدایە؟

لوقمان عەبدولقادر: بەدڵنیاییەوە هەر بڕیارێك دەربچێت بۆ هەڵەبجە گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت ئەگەر لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕە بودجەیەك تەرخانبكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە و ئەو كاتەش حكومەتی هەرێمی كوردستانیش مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا دەكات.

هاوكات دەشكرێ حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو گلەیی و گازاندانەی هاوڵاتیانی ئەم شارە هەیانە لە سێكتەرە جیاوازەكان دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و خزمەتگوزاریەكان فەراهەم بكرێن.

: بۆچی خەڵكی هەڵەبجە دەستیان بەخۆپیشاندان كردووەو داواكارییان چییە، تا كەی بەردەوام دەبن؟

لوقمان عەبدولقادر: ئێمە وەك كۆمەڵەی قوربانیان یەكێك بووین لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە و بەشداری خۆپیشاندانەكە بووین و پاڵپشتی داواكاری كۆمەڵەی قوربانیان و سەرجەم هاوڵاتیانی هەڵەبجە و بایكۆتكردنی ئەو یادە تەقلیدیانە كە ساڵانە دەكرێنەوە دەكەین، خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ سێشەممە تەواو بووە و مۆڵەتێك دراوە بە لایەنی حكومی كە وەڵامی هەبێت تا دوای جەژنی رەمەزان ئەگەر حكومەت گۆڕانكاری لەم داواكاریانەدا نەكات هاوڵاتیان دێنە سەر شەقام و داواكارییەكانیان چەندبارە دەكەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار