هاوسەنگی هێزی پارتی و یەکێتی و یەکڕیزیی کورد!
2 ساڵ لەمەوپێش
عوسمان حاجی مارف
بەدوای زیاتر لەسی ساڵ لەدەسەڵاتی میلیشیایی حزبەكانی كوردایەتی لەهەردوو زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا، پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی بەجۆرێك لەئاستێكی وەها نزم و بنبەستدا خۆی نیشان دەدات، كەئاكامەكانی لەناو جەنجاڵی هەلومەرجی سیاسی ئێستای كوردستادا، ئەگەری ئەوە هەیە لەبری شەڕی ناوخۆ، بەڵاو كارەساتی زیاتر لەسەر ناتەبایی ئەم پەیوەندیەیان بخوڵقێنن. چونكە ئەوە ئاشكرایە كەكێشەو ململانێ و بارگژیی بەردەوامی نێوان ئەم دوو هێزە، كاریگەری تەواو ناتەندروست و نەرێنی لەسەر جومگەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و چارەنووسی نادیاری ئایندەی دانیشتوانی كوردستان داناوە.
ئەوەی لەناو هاوكێشە سیاسییەكانی ئێستادا جێگای تێبینیە، لەململانێی نێوان ئەم دوو هێزەدا، گۆڕانێكی گەورە دەبینین لەنزمبوونەوەی ئاستی تەرازوی هێزو پێگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەرامبەر پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا! دابەزینی ئاستی پێگەی ماڵباتی تاڵەبانیە لەبەرامبەر ماڵباتی بارزانیدا! هەڵبەتە هۆكاری ئەم گۆڕانكاریە شاراوە نیە، كە بۆچی لەچوارچێوەی ئەم هاوكێشەیەدا پێگەیەكی باڵاتر بووەتە دەستكەوتی پارتی و توانای بەدەستهێنانی داهاتی زیاترو هەژموونی زیاتر لەپێكهێنانی حكومەتدا. لەهەمانكاتدا ئامادەییەكی زیاتر لەڕێكخستن و توندوتۆڵكردنی هێزەكەیدا.
بەرزانیەكان لەهەوڵیاندا بۆ بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و سەپاندنی دەسەڵاتیان لەكوردستاندا، بەجیا لەهەر گەمەیەكی سیاسی لەدانوسان و گفتوگۆو رێكەوتن و پیلانگێڕیان، بەسەر ماڵباتی تاڵەبانیدا بەگشتی سەركەوتوبوون و پاشەكەشیان بەپلان و نەخشەكانی یەكێتی كردووە. لەوەش گرنگتر بەرزی ئاستی پێگەیانە لەدارایی و ئابوری و كەڵەكەی بێشوماری سەرمایەدا. پارتی هەمیشە وەك رەوتێكی بەنەخشەترو رێكخراوتر دەركەوتوون. هەر بەم شێوەیەش لەپەیوەند بەسەوداو مامەڵەو دەخالەتی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان لەكوردستاندا جێگەو رێگایەكی تایبەتتریان بەپارتی داوە. هەروەها بۆ پەیوەندی بەحكومەتی عێراقەوە وەك لایەنێكی لەپێشترو ئەسڵیتر جێگای بایەخ بوون و دەوریان گێڕاوە. ئەوەی پێویستە لەڕەوتی ئەم سی ساڵەدا جێگای سەرنجمان بێت بەهەموو هەوڵەكانی جەلال تاڵەبانی و كێشمەكێشی لەبەرامبەر بەرزانیەكاندا، ئاكامەكەی داكشانی بەرچاوی زۆرو زیاتری پێگەی یەكێتی و ماڵباتی تاڵەبانیە. ئێستاش زەبونی و بارگرانی ئەم دۆخە بەسەر ناڵەی بافڵ تاڵەبانی و نیگەرانی سەركردەكانی یەكێتیەوە لەجۆری گوتارو رەفتاریاندا دەبینرێت. مەترسی ئەوەیان هەیە پێگەو هەوڵەكانی پارتی بچووكتریان بكاتەوە، كە لەواقعدا پارتیش بێباكانە لەهەوڵی بچووكکردنەوەی یەكێتیدایە.
ئەم حاڵەتەی كێشمەكێشی پارتی و یەكێتی، تا ئەو ئاستەی رۆڵێكی بەرچاویان لەگەندەڵی و تاڵانی و كەڵەكەی بێشوماری سەرمایەدا دیوەو بەشێك بوون لەدۆخی گێژاوو ناجێگیری سیاسی لەكوردستاندا، واقعیەتی پێگەی ئەوپەڕی لاوازی و بودەڵەیی بزوتنەوەی بۆرجوا ناسیۆنالستی كوردە لەبەرامبەر بۆرجوازی وڵاتانی سەردەستدا. ئەمەش مێژووی سەرهەرڵدان و پێكهاتەی بزوتنەوەی كوردایەتیە لەتەواوی دەورانەكانی هەڵسوڕانی سیاسیاندا. هەمیشە وەك برا بچووك یان نۆكەر بۆ بەشداریان لەدەسەڵاتداو دەستكەوت و بەرژەوەندی هێزەكانیان، ئامادەی ئەوپەڕی ملكەچی و پاشكۆبوونی نەخشەو سیاسەتی لایەن و وڵاتانی تر بوون. ئەم واقعیەتەیە كەهەرگیز رێگای نەداوەو رێگا نادات بۆرجوازی كوردو بزوتنەوەی كوردایەتی، یەكڕیزو یەكگرتووبن. هیچ كات نەیانتوانیوەو ناتوانن ئارامی سیاسی راگرن، ئاستی هاوسەنگی هێزەكانیان هەرچیەك بێت، كام لایان لەسەرەوە بێت، بەڵاو بارگرانی بوون بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە. لەوەش نادروستترو نابەجێتر نیە كەئومێدو چاوەڕوانی خەڵك لەسەر ئەو بنەمایە رابگیرێت، بەڵكو بەقودرەتی قادر بزوتنەوەی كوردایەتی بتوانێ رێگای یەكڕیزی و یەكگرتوویی بگرێتەبەرو ئاسودەیی بۆ كوردستان دابین بكرێت!.
ئێستا دەبینین بەهەر هاتو هاوارێك بۆ بانگەشەی یەكڕیزی كورد، بەرزبوونەوەی زیاتری ئاستی كێشەكانی پارتی و یەكێتی ئەو راستیە ئەسەلمێنن كەگۆڕینی هاوسەنگی هێز، بەقازانجی پارتی و بچووككردنەوەو پەراوێزخستنی زیاتری پێگەی یەكێتی بووە لەنێو هاوكێشە سیاسییەكاندا. ئەمەش دۆخەكەی ئاڵوزترو گرژتر كردووە. لەهەمانكاتدا بافڵ و یەكێتی لەدوڕیانێكی داخراوی وەهادا گیریان كردووە، نە رێكەوتن لەگەڵ پارتی بەقازانجیانە نە دژایەتیكردنی پارتی. هەربۆیە لەو هاوكێشەیەدا پووچی ماناو جێگای گوتاری یەكڕیزی كورد وەك دروشمێكی ساختەو چەواشەكاریەك زیاتر خۆیمان نیشان دەدات. ماناو جێگایەكی لەئاسۆی بزووتنەوەی كوردایەتیدا نیەو نابێتەوە.
بافڵ دوای سی ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی میلیشیایی بەزۆر سەپێنراویان بەسەر زۆنی سەوزدا، لەلایەك خەریكە گاڵتەجاری شەرمەزاری خۆی بۆ خەڵك رادەگەیەنێت، لەلایەكی تریشەوە داوا لەپارتی دەكات وەك یەكێتیەكەی ساڵانی پێشوو هاوسەنگیەك لەڕێكەوتن پێكبهێنن. بەڵام تەواوی شپرزەیی و نیگەرانی بافڵ و سەركردایەتی پەرشوبڵاوی یەكێتی نیشتمانی، لەو شوێنەدا گیریان كردووە كە گەمەی سیاسی ئەم جارەیان رێگەیان پێنادات لەگەڵ نوێنەرانی پارتی بە ئاسانی و بەسادەیی دانوسان بكەن. پارتیش مەرجەكانی رێكەوتن بەسەر یەكێتیدا زیاترو ملهوڕانەترە. یەكێتی دەتوانێ وەك هێزێكی میلیشیا تادۆخی كوردستان و عێراق لەم بارگرژی و ناسەقامگیریەدا بێت، بوونی خۆی لەزۆنی سەوزدا تائاستێك بپارێزێت. بەڵام ئەمجارە دوای ئەو هەموو هەنگاوە لەپاشەكشە، یەكێتی ئیتر ناتوانێ لەناو هاوكێشە سیاسییەكاندا یاری و كێشمەكێشی سەركەتووانە لەبەرامەر پارتیدا تاقیبكاتەوەو بەئەنجامی بگەیەنێت. بەجیا لەوەش باری پەرش و بڵاوی ریزەكانی و نەبوونی رابەریەكی یەكدەست و بەتوانا لەناو یەكێتیدا، چاوەڕوانی پاشەكشەو قەیرانی زیاتریان لێدەكرێت. بۆیە گەر بەملكەچی زیاترەوە خۆی رادەستی پارتی بكات و رێكەوتنی بەهەر قیمەت پێشوازی بكات، چەندین هەنگاوی تر لەبەرامبەر پارتی و هێزە سیاسییەكانی تری كوردستان و عێراقدا دەچێتە دواوە. لەلایەكی تریشەوە پێگەی ئێستای یەكێتی لەو ئاستەدا نیە، تاسیاسەتی وەستانەوەو بەرەنگاری لەبەرانبەر پارتیدا بنوێنێت. ئەمەش ئەو دوریانەیە كە نە بە بافڵ و نە بەسەركردایەتی یەكێتی و نە بە لاهور، ناتوانن رێگای چارەسەرو دەرچوون لەبەرامبەر یاریەكانی پارتیدا پەیدا بكەن. رێگای پەنابردنیان بۆ لایەنی كۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی نەك لەم قەیرانە دەربازیان ناكات، بەڵكو ریسواترو پەردەوازتر دەبن. لەهەمانكاتدا كۆتاییهاتنی ئەو رێبازەیە كەچەندین دەیەیە جەلال تاڵەبانی گرتیەبەرو تیا سەركەوتوو نەبوو. دواجاریش شانازی لەبن نەهاتنی «سەفین»ەكەشیان وەك شێرە بەفرینە دەتوێتەوە.
پێویستە بەدوای زیاتر ریسوابوونی بزوتنەوەی كوردایەتی و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نالەبارە، ئامادەسازی وەستانەوە بۆ كۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و رۆڵی بزوتنەوەی كوردایەتی بڕەخسێنین، گەر وانەكەین ئاشكرایە دەبێت چاوەڕوانی سەپاندنی بەڵاو نەهامەتی زیاتریان لێبكەین.