سۆفیگەری و دەسەڵاتخوازی

2 ساڵ لەمەوپێش



دڵشاد تاڵەبانی
پاش سەردەمی خەلیفەكانی راشدی، كەوەك خەڵك بەسادەیی دەژیان و تەلارو گاردی پاسەوان و سوپایەك خزمەتكاریان نەبوو، سۆفیگەری وەك رەتكردنەوەیەك بەرامبەر بەزیادەڕەوی خۆشگوزەرانی زۆرو سەرەوت و سامانخوازی فەرمانڕەوایان و خەڵكی دەوڵەمەندو هەوڵێك بۆ گەڕانەوە بۆ سادەیی ژیانی سەرەتای ئیسلام سەریهەڵدا. دووركەوتنەوە لەتەماعی دونیایی، هەڵبژاردنی كەمخواردن و پۆشینی جلوبەرگی  رەق و زبرو ژیانی گەڕۆك یان دوور لەخەڵك لەبیابان و ئەشكەوتەكان و بانگەشەیان بۆ قوڵبوونەوە لەخوداپەرستی و گەڕانەوە بۆ ژیانی سادەیی  دەكردو تەنها گرنگییان بەمەبەستە روحییەكان دەدا. 
ژیانی جیاوازی سۆفیەكان لەخەڵك زیاتر لەسەدەی دووەمی كۆچیدا وەدەركەت. وەك ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم كەكوڕە پادشا بوو و وازی لەهەموو شت هێناو ژیانی گەڕۆكی و ئەشكەوتەكانی هەڵبژاد، بەشار حافی كە بەپێی پەتی دەسوڕایەوە، مارف كەرخی كەتەنها یەك جلی زبری هەبووە ، مالك كوڕی دینار كە ٤٠ ساڵ لەبەسرە بووەو خورماشی نەخواردوە، محەمەد كوڕی واسع تەنها نانی وشكی تەڕ كردووەو خواردویەتی، هەروەها حەسەن بەسری و رابعە عدویە.
لەسەردەمی جونەیدی بەغدادی و ژوالنونی میسری و مارفی كەرخی سۆفیگەری چووە قۆناغێكی ترەوە، بەڵام ئەمان ئیدعای شێخایەتی و بوونی خەڵك بەموریدو دەروێشیان نەكردووە، خەڵكیان لەخۆ كۆنەدەكردەوە، لەبەرئەوەی بەخولیای دەسەڵاتداریان داناوە.
لەوە بەپاش ئیتر سۆفیگەری بوو بەچەند ئاراستەیەك و هەریەكە لەئاراستەكان شێخێك سەرپەرشتی دەكردو خانەقاكان دروستبوون و شێخەكان دەسەڵاتی دونیایشیان بەسەر موریدو دەروێشەكانیانەوە هەبوو. شێخایەتی بوو بەپێگەیەكی كۆمەڵایەتی و تاڕادەیەك ئامرازێكیش بۆ سەرچاوەی ئابوریش.
وای لێهات شێخەكان ببرێنە پایەو ریزی پێغەمبەران و گوایە توانای موعجزە (الخوارق)ی زۆریان هەیەو تەنانەت گۆڕەكانیان ببێت بەمەزارگەی خەڵك بۆ داواو پاڕانەوە وەك ئیمامی شیعەگەری، كە ئەوە لەقورئاندا بەشەریك دانراوە بۆ خوداوەندو چەندین ئایەتی لەسەرە، كۆمەڵێك مومارەساتی شیرو قەممەو زەرگ لێدان و ئاگر خواردنیش كە لەڕێورەسمی تاغوتە (وپنی)كانەوە  نزیكن و لەئیسلامدا ناشێت و نامۆیەو زیاتر ئەوانە لەهیندی كۆن و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیادا هەبوون. (قل لا املك لنفسي نفعا ولا ضرا الا ما شاء اللە  ولو كنت اعلم الغيب لاستكثرت من الخير وما مسي السوء. الاعراف ١٨٨-  قل ارايتم ما تدعون من دون اللە اروني ماذا خلقوا من الارض ام لهم شرك في السماوات . الاحقاف ٤  - قل ادعوا الذين زعمتم من دون اللە لا يملكون مثقال ذرة في السماوات ولا في الارض . سبآ ٢٢ - ان تدعوهم لا یسمعوا دعاءكم ولو سمعوا ما استجابوا لكم. فاطر ١٤ - ان اللە لا يغفر ان يشرك به ويغفر ما دون ذلك. النساء ٤٨ و١١٦)
لەسەدەكانی پاشتر كۆمەڵێك لەتەریقەتەكان لەگەڵ شیعەگەرایەتی لەئێران تێكەڵاوبوون و هەوڵی دەسەڵاتی سیاسیشیان دا. سۆفیگەریە شیعەكان لەئێران پێش سەفەویەكانیش چەند فەرمانڕەواییان لەتەبرستان و مازندەران و چەند شوێن دامەزراند، كەواتە سۆفیگەری شیعە خولیای دەسەڵاتی سیاسیشیان هەبووە . لەناو سەفەویەكاندا پاش كوشتنی شیخ حەیدەری باوكی ئیسماعیل سەفەوی و شێخ عەلی برای، بەكاریگەری كۆمەڵێك كەسایەتی توندڕەوی شیعە لەموریدەكانیان و قزلباشەكان، وایكرد خولیای دەسەڵات لای ئەو پەرەبسێنێت و رووبكاتە شیعەگەرایەتی بۆ گەیشتنە دەسەڵات .
لەسوننەدا سەرەتاو تاسەدەی ١٩ش هەوڵی كاری سیاسی و رووكردنە دەسەڵاتدارێتی سیاسی نەبووە. 
لەناو كوردیشدا هەوڵی رووكردنە دەسەڵات سەرەتا لەناو شێخەكانی تەریقەتی نەقشبەندی دروستبوو ، وەك شێخ عبیداللەی نەهری، پاشان لەسەردەمی شێخ سەعیدی پیران پەرەیسەندو هەوڵی گێڕانەوەی سەڵتەنەتیدا، كە ئەتاتورك هەموو مەبەستێكی سۆفیگەری و ناوی شێخ و تەكیەی هەڵوەشاندەوەو قەدەغەكرد. بەڵام جوڵانی نهێنی سیاسی سۆفیگەرایەتی پەرەیسەند بەتایبەتی تەریقەتی (نەورەسی) كە لەبنەچەدا شێخ سەعید نەورەسی دامەزرێنەری، كەكورد بوو. پاشان لەشەست و حەفتاكان حزبی سیاسی سەر بەسۆفیەتی نەورەسی (جەماعەتی ئەسكەندەربەگی ) دامەزراو نجم الدین ئەربەكان سەركردایەتی كرد. پاش ئەوە عبداللە گوڵ و رەجەب تەیب ئەردوغان سەركردایەتی دوو باڵیان كرد كەپاشان بوون بەدوژمنی یەك، هەرچەندە لەیاساكانی توركیا بەفەرمی سۆفیگەری قەدەغەیە. لەكوردستانی باشوریش لەبارزانەوەو پاشان لەلایەن شێخ مەحمود حەفیدەوە هەوڵی دەسەڵاتی سیاسی درا.

بەگشتی لەناو شێخانی سوننەدا خۆگیری لەتێكەڵاوبوونی كاری سیاسی و دەسەڵات هەبووە، بەڵام لەم دواییە خەریكە ئەوە لەگەڵ هەوڵدانی تێكەڵاوی و نزیكبوونەوە لەشیعەگەرایەتی دروست ببێتەوە. كۆمەڵێك شێخ نەوەك هەر خولیای دەسەڵاتی سۆفیەتی جیهانی و مەركەزی كۆمەڵایەتی گەورەیان هەیە، بەڵكو هەوڵی دەسەڵاتی سیاسیشیان هەیەو تەنانەت حزبیشیان دامەزراندوە، ئایا دەیانەوێت هەمان رۆڵی سەفەویەكان لەناو كورددا ببینن كەئەوانیش لەڕەچەڵەكدا كورد بوون؟ ئەوە مەترسییەكی گەورەی ترەو تێڕوانینێكی سەقەتە، كە تائێستا بیر لەدەرئەنجامەكەی نەكراوەتەوە...

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار