ئەمریکا: "بێگومان رووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە"
2 ساڵ لەمەوپێش
کۆشکی سپی رایگەیاند کە رووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە و پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، ئادرین واتسۆن دەربارەی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، رایگەیاندووه: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە رووسیا ستەم و تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە. ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن باجی ئەم کارانەیان بدەن. داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کەسێکی سەربەخۆیە و بەگوێرەی بەڵگەکان بڕیار دەدات. دەمانەوێت ئەوانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە باجی کارەکانیان بدەن".
دوێنێ هەینی، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان رایگەیاندبوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە ئۆکراینا ئەنجامدراون، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و کۆمیسیاری رووسیا بۆ مافەکانی منداڵان، ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا-بێلۆڤا، دەرکردووە.