نوێنەری خامنەیی لە بەغداد دژی پارتەکانی رۆژهەڵات رێککەوتن دەکات

شەمخانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کۆدەبێتەوە

قاسم ئەعرەجی و عەلی شەمخانی

2 ساڵ لەمەوپێش



نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد لە دژی پارتەکانی رۆژهەڵات واژۆ بکرێت.

پێگەی (نورنیوز) سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەو ئەنجومەنە و نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنیی و ئاسایشیی نێوان تاران و بەغدا و ژمارەیەک گرێبەستی ئابوریی سەردانی عێراقی کردوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ی راگەیاندوە؛ شەمخانی لەو گەشتەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستی پێکردوە سەرەڕای کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی نێوانیان و واژۆکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی و ئاسایشیی کۆدەبێتەوە.

ئاماژە بەوە کراوە گەشتەکە لەسەر داوای قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بوە و ئامانجی سەرەکیی واژۆکردن و تاوتوێکردنی ئەو رێککەوتنە ئاسایشی و ئەمنییەوە بوە کە چەند مانگێک پێش ئێستا لە نێوان تاران و بەغدا دژی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی پاراستنی سنورەکانی نێوان ئێران و عێراق ئامادەکاریی بۆ کراوە.

میدیای زمانحاڵی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی گەشتەکەی شەمخانی یەکلاکردنەوەی رێککەوتنی ئەمنییە دژی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و هاوکات ئەنجامدان و جێبەجێکردنی ژمارەیەک گرێبەستی ئابورییە و لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی ئابوریی یاوەریی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

کۆماری ئیسلامی داوای کردوە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم چەک بکرێن و ئەندامانیان رادەستی ئێران بکرێنەوە و تا ئێستاش سوپای پاسداران لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە چەندجارێک بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی بە موشەک و درۆن و تۆپخانەکانی کردوەتەوە ئامانج کە 22 کوژراو و نزیکەی 100 برینداری لێکەوتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار