ئایا ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوه؟ ژەنەڕاڵێک زانیارییەک ئاشکرادەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕۆژنامەی "دەیلی کۆلەر"ی ئەمریکی ئەمڕۆ لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دانیال دەیڤس، ژەنەراڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی و توێژەر لە سەنتەری ئەولەویەتەکانی بەرگری ئەمریکا، جەختکردنەوەکەی پشتڕاستکردەوە کە ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە، "ئیدارەی ئەمریکا و پنتاگۆن هێشتا هیچ پلانێکیان نییە بۆ کشانەوە لە عێراق، بەڵام ڕونە کە ڕەوتی گشتی ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەمیشە لە عێراق بمێننەوە".
ئەو فەرماندەی پێشوی ئەمریکی باسی لەوەشکردوە، "بونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نوێنەرایەتی بەرگێکی ئەمنی دەکات بۆ حکومەتەکەی بەغدا، ئەو هێزانەش بۆ پاراستنی حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی جێگیرکراون و هیچ خزمەتگوزارییەکی ئەمنی بۆ واشنتن پێشکەش ناکەن و ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی بەغدا، ئامادەبونیان بەردەوام دەبێت".
تۆماس سڤۆهێر بەڕێوەبەری بەشی بەرگری لە سەنتەری توێژینەوەی میرات دەڵێت، "ئەو وردەکارییانەی لە بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 دەرکەوتون، بێ گومان ئەوە دەردەخەن کە هێزەکانی ئەمریکا بەنیازن لە عێراق بمێننەوە سەرەڕای ئەو مەترسییە ئەمنییەی چین دروستی دەکات، واشنتنیش تادێت بەرەو ڕوبەڕوبونەوەی دەڕوات لەسەر حیسابی بەرژەوەندی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەڕاست".
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەمریکا کە هەوڵدەدات هاوسەنگی بەڵێننامە سەربازییەکانی لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی چیندا دروستبکات، لەوبارەیەشەوە، کریستین جۆنز جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا رایگەیاندوە، کەمکردنەوەی بودجە بۆ هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی 30% لە ماوەی سێ ساڵدا، بە ئامانجی دابینکردنی سەرچاوەی زیاترە بەرەو هەڕەشەکانی چین.
لەبەهاری ساڵی2003 لەتۆڵەی هێرشەکەی 11ی سێپتێمبەر و بەبیانوی بونی چەکی ئەتۆمی لەلای ڕژێمی سەدام حسێن ، کە دواتر دەرکەت لەوڕووە زانیاری هەواڵگری هەڵە هەبووە و هەڵە ڕویداوە و ڕژێمەکە چەکی لەوشێوەی نەبووە، ئەمریکا بەهاوپەیمانی بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تر لەژێر ناوی (پڕۆسەی ئازادی عێراق) هێرشیان کردە سەر عێراق و ڕژێمی بەعسیان ڕوخاند لەوکاتەوە تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بونیان ماوە سەرەڕای کەمکردنەوەی ژمارەکەی و چەند بڕیارێک بۆکشانەوە، هەروەها ناڕەزایی لایەنە شیعیەکانی نزیک لە ئێران.