كلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی سەرۆکایەتیی تورکیا سەردانی هەدەپە دەکات
هەدەپە پلانی بی ئاشكرا دەكاتو دەڵێت: پرسی كورد دەبێت لەپەرلەمان چارەسەر بكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
باكور بۆتان
لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، كەبڕیارە ١٤ی مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچن، پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، هەدەپە لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان رەتدەكاتەوە بەڵام هێشتا كەمال كلیچدار ئۆغڵۆشی پەسەند نەكردووە، كلیچدار ئۆغلۆ سەردانی هەدەپەی كردو باسی چارەسەركردنی پرسی كوردی لەپەرلەمانەوە كرد، هاوكات داخستنی هەدەپەو قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥٠ سیاسەتمەداری لەمانگی داهاتوودا ئەگەرێكی كراوەیەو ئەو پارتەش پلانی بی خۆی ئاشكرادەكات، ئەوە لەكاتێكدایە گومانی ئەوەدەكرێت ئاكەپەو مەهەپە ئامادەنەبن لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات رادەست بكەن و لێكدانەوەی ئەوە دەكرێت لەدواساتدا ئەردۆغان سیناریۆیەك دروستبكات و كورسیەكەی جێنەهێلێت.
دوای یەكلاییبوونەوەی، كاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل كە كەمال كلیچدار ئۆغلۆیە، دواجار هاوپەیمانی كۆماریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش بێت، كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئاشكراكرد. فراكسیۆنەكانی پارتی دادوگەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست لەپەرلەمانی توركیادا، بەفەرمی رایانگەیاند كەئەوان دەیانەوێت، كاندیدەكەیان بۆ سێیەم جار رەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، هەرچەندە تێبینیش لەسەر كاندیدكردنی هەیە، بەهۆی ئەوەی دەستووری توركیا رێگە نادات، كەسێك سێ جار ببێتە سەرۆككۆماری وڵات.
ئەوەی ماوەتەوەو تاوەكو ئێستا، كاندیدی خۆی ئاشكرا نەكردووە، هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە كە لەپارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)و شەش پارتی دیكەی چەپ و كۆمۆنیستی پێكهاتووە.
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەدوایین كۆبوونەوەیاندا كە، سەرۆك و هاوسەرۆكانی هەموو پارتەكانی بەشدار لەهاوپەیمانێتیەكە بەشداریان تێیدا كرد، رایانگەیاند، ئەوان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەر پارتێك و بەلۆگۆی خۆی بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات. هەرچەندە هەدەپە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبوو، بەڵام پارتەكانی دیكەو بەتایبەتی پارتی كرێكارانی توركیا (تیپ) پێداگیری كردو پارتەكانی دیكە لەسەر ئەم پلانە رازی بوون.
پرسێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، دیاریكردنی كاندیدی هاوبەشی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانێتیەكە بوو بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا، بەڵام لەكۆبوونەوەكەدا پرسەكە یەكلایی نەكرایەوەو راگەیەندرا كە لەچەند رۆژێك داهاتوودا، پرسەكە یەكلایی دەكەنەوە.
كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بۆ سەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكاندا، پێویستی زۆری بەدەنگی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیە كەدەنگی هاوپەیمانێتیەكە وەك كلیلی دەرگای سەركەوتنی ئەردۆغان یاخود كلیچدار ئۆغلۆ دادەنرێت. لەڕاستیدا یەكلایی بووەتەوە كەهاوپەیمانێتیەكە بەهیچ شێوەیەك لەئەردۆغان نزیك نابێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش كلیچدار ئۆغلۆیان پەسەند نەكردووە.
كلیچدار ئۆغلۆ: شوێنی چارەسەری پرسی كورد پەرلەمانە
دوای چاوەڕوانییەكی زۆر ٢٠ی ئازار، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی گەل بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیاو میدحاد سانجارو پەروین بوڵدان هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەباڵەخانەی پەرلەمانی توركیا كۆبوونەوە.
دوای كۆبونەوەكە كەمال كلچدارئۆغلۆ رایگەیاند كە لە كۆبونەوەكەدا باسی پرسی كوردیان كردووە و پرسی كورد لە پەرلەمان چارەسەر دەكرێت.
كلچدار ئۆغلۆ هەروەها باسی زمانی كوردیشی كردو وتی: « لەپەرلەمانی توركیا نووسینی فەڕەنسی و ئینگلیزی دێتە بەردەستیان كێشە نییە، بەڵام كاتێك وشەیەكی كوردی دەبیستن دەڵێن تێناگەین، لەكاتێكدا كە بەهەزاران ساڵە ئەم زمانە هەیەو لەتوركیاش كەناڵی تەلەفزیۆنی تی ئاڕ تی كوردی هەیە.
پەروین بوڵدان و میدحاد سانجاریش دوای كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان قسەیان كردو ئاماژەیان بەپرسی كوردو كێشەكانی توركیا كردو ئەوانیش تەئكیدیان لەچارەسەری پرسی كوردو هەموو پرسەكانی توركیا لەپەرلەمانی توركیا كردەوە.
هاوسەرۆكانی هەدەپە، رایانگەیاند كەكۆبوونەوەیەكی زۆر باش بووەو دواتر بەوردی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەن كەدەنگ بە كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەن یان نا؟.
لەلایەكی دیكەوە هەدەپە لەدۆخێكی ئاڵۆزدایەو مەترسی داخستنی لەسەرەو دوایین دانیشتنی دادگاییكردنیشی، بڕیارە ١١ی مانگی نیسان بەڕێوەبچێت. رۆژێك بەر لەدادگاییكردنەكەش كەدەكاتە ١٠ی نیسان، دوا وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكانی پارتە سیاسییەكانە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاوە. بۆیە مەترسی ئەوە هەیە، ئەگەر هەدەپە بەناوی خۆیەوە كاندید تۆمار بكات، ئەوا مەترسی هەیە رۆژێك دوای رادەستكردنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن دادگای دەستوورییەوە دابخرێت و بەمەش، ئیدی ناتوانێت بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەدەرەوەی پەرلەماندا دەمێنێتەوە.
بۆ ئەوەی هەدەپە مەترسیەكە بڕەوێنێتەوە، پلانی بی ئاشكرا كردووە كەئەویش بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانە لەڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە. ئەو پارتە لەساڵی ٢٠١٠ەوە دامەزراوە و لەساڵی ٢٠١٢دا یەكەم كۆنگرەی خۆی ئەنجامداوەو بەفەرمی لەتوركیا دەستی بەكار كرد. پارتەكە هیچ سەرۆك و هاوسەرۆكێكی نییە، تەنیا هاووتەبێژی پیاوو ژنی هەیە كەئەگەرێكی زۆرە، هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات. بەرپرسانی پارتەكە ئاشكرایانكردووە كەپێشوازی لەهەدەپە بكەن، بەڵام كێشەیەكی دیكەش كەڕووبەرووی هەدەپە بووەتەوە، ئەوەیە كە لەسكاڵاكەی دژیدا، باسی ئەوە دەكرێت، پێویستە قەدەغەی سیاسی لەسەر ٤٥٠ سیاسەتمەداری پارتەكە دابنرێت و ئەوەش وادەكات كە لەو كەسانە ئاگادار بێت كە كاندیدی دەكات.
بەم شێوەیە، ئیدی پارتە سیاسییەكان بەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوەو ئامادەكاری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن كە لەناوەڕاستی مانگی نیساندا دەستپێدەكات. لەهەفتەی رابردوودا، چەندین كۆمپانیای گەورەی راپرسی توركی وەك كۆمپانیاكانی (ئەلفا، ئۆ ئاڕ جی، پییارو ئاكسوی)، راپرسیان لەبارەی دەنگی كەمال كلیچدار ئۆغلۆو رەجەب تەیب ئەردغان ئەنجامداوە، لەهەموو راپرسیەكانیشدا بەجیاوازی لەسەدا پێنج بۆ لەسەدا ١٠ كەمال كلیچدار ئۆغلۆ لەپێشەوە دەبێت. بەڵام پرسێكی دیكە ئەوەیە كە لەزۆربەی راپرسیەكاندا، هیچ كاندیدێك ناتوانێت لەخولی یەكەمدا دەنگی پێویست بۆ سەركەوتن بەدەستبهێنێت كەپێویستە كاندیدی سەرۆكایەتی لەسەدا ٥١ی دەنگەكانی هەبیت، بۆیە هەدەپە ئەنجامەكە یەكلایی دەكاتەوە، ئەگەر لەگەڵ كلیچدار ئۆغلۆ رێكبكەوێت كە بەئەگەرێكی زۆر رێكدەكەوێت.
هەرچەندە زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هاوپەیمانی كۆمار بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، لەم هەڵبژاردنەدا، دوای ٢٠ ساڵ لەحوكمڕانی شكست بهێنێت، بەڵام گۆمانی ئەوەش دەكرێت كەئەردۆغان دەست بەسیناریۆ بكات و كورسی دەسەڵات بەجێنەهێڵێت.
لەم بارەیەوە، موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكانی نزیك لەپارتەكەی رایگەیاند، هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار وەك گەلانی توركیا بۆ گەلی كوردیش زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی نەك تەنیا سەرۆك كۆمار بەڵكو سیستم گۆڕانكاری بەسەردادێت. هێزە قوڵەكانی نێو دەوڵەت بۆ ئەوەی بتوانن شەڕ بەڕێوەبەرن ئەم سیستمەیان دروستكردووە. بەڵام سیستمەكە زۆر ئۆتۆریتەرە. ئەمەش كۆمەڵگای توركیای زۆر لاواز كردووە. بێگۆمان لایەنێك دەیەوێت بەردەوامی بەسیستمەكە بدات. بەڵام گەل دەیەوێت سیستم بگۆڕدرێت و هەڵبژاردن لەسەر ئەم بناغەیە بەڕێوەببرێت. واتە هەڵبژاردن لەسەر سیستم ئەنجامدەدرێت.
قەرەیلان وتی: « پرسە گرنگەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی ئاكەپەو مەهەپە رازی دەبێت بەهەڵبژاردنەكان كۆتایی بەدەسەڵاتەكەیان بهێندرێت؟ ئەمە جێگەی گۆمانە. ئاشكرایە كەفێڵ و تەڵەكەبازی زۆر بەكاردەهێنن. لەم رووەوە خوی ئاكەپە بەباشی دەناسرێت. لەهەڵبژاردنەكانی ئەستەنبوڵدا بینراو زۆر نموونەی بەرچاوی دیكەی بەم شێوەیە هەیە. بەبەردەوامی سەرقاڵی فێڵ و تەڵەكەبازیە؛ هەموو شتێك بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی رێكدەخات. واتە ئاكەپەو مەهەپە هەموو شتێك سەرلەنەوێ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بنیاتدەنێن و نایانەوێت دەست لەكورسی دەسەڵات هەڵبگرن».
