zhyr

ئێران بەنزینی ناوخۆی بۆ دابین ناکرێت

ئێران رۆژانەی پێویستی بە زیاتر لە 144 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش



بەپرسێکی ئێران رایگەیاند بەرهەمهێنانی بەنزین لە وڵاتەکە بۆ 115 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا زیادی کردوەتەوە و سەرەڕای ئەوەش پێداویستییەکان بە تەواوەتی پڕ ناکاتەوە.

جەلیل سالاری، بەڕێوبەری گشتی پاڵاوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران، رایگەیاند؛ رۆژانە بڕی 112 بۆ 115 ملیۆن لیتر بەنزین لە پاڵاوگەکانی وڵاتەکەدا بەرهەم دەهێنرێت لە بەرامبەرد بەکارهێنانی بەنزین بەراورد بە ساڵی رابردو 11% زیادی کردوە.

ئەو بەڕێوبەرە ئاشکرای کردوە کە لە کاتی گەشتەکانی نەورۆز بەکارهێنانی بەنزین لە رۆژێکدا گەیشتوەتە زیاتر لە 144 ملیۆن لیتر لە کاتێکدا بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین لە رۆژێکدا 115 ملیۆن لیترە.

سالاری ئاماژەی بەوە کردوە لە ئێستا 29 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ئێران هەیە کە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانە ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ سوتاندنی بەنزین گونجاو نییە و ئەوەش وای کرد ئاستی بەکارهێنانی بەنزین لە وڵاتەکەدا زۆر بەرز بێت.

بە وتەی ئەو ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل بە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی ناوخۆی ئێران زیاد دەکات و ئەوەش وا دەکات بە بەردەوامی رێژەی بەکارهێنانی بەنزین بەرز ببێتەوە.

سالاری وتوشیەتی لە کاتێکدا پێشنی دەکرا بەکارهێنانی بەنزین تەنها حەوت بۆ 10% بەرز ببێتەوە بەڵام لە پارێزگای سنە 30 بۆ 50% بەرز بوەتەوە و هاوکات ئەو رێژەیە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان نزیکەی 46% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بە وتەی بەرپرسانی ئێران بەنزینی وڵاتەکە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە قاچاخ رەوانەی هەرێم و عێراق دەکرێت و لە پارێزگای سیستان و بەڵوچستانیش سوتەمەنی بە تایبەت بەنزین بە قاچاخ رەوانەی ئەفغانستان و پاکستان دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار