دهۆك؛ بەشێك لەشوێنەوارەكان نۆژەن دەكرێنەوە
70 شوێنەوار بەهۆی هێرشەكانی توركیا زیانیان بەركەوتووە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی-دهۆك
هەریەك لە رێكخراوی یونسكۆو یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵخانەی ئەمریكاو زانكۆی كۆلومبیا، نزیكەی 10شوێنەواری گرنگ لەسنوری پارێزگای دهۆك نۆژەندەكەنەوە، ئەوە لەكاتێكدایە لەشوێنەوارەكانی دهۆك مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بەتایبەت شوێنەوارەكانی سنوری قەزای ئامێدی، بەهۆی هێرشەكانی توركیا 70 شوێنەوار زیانیان بەركەوتووە.
دكتۆر بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت:»لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دەستكراوە بەنۆژەنكردنەوەی پەرستگایەكی جولەكەكان لەگوندی شوش لەسنوری قەزای ئاكرێ، بڕیارە لەماوەی پێنج مانگدا تەواوبكرێت، كەمێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 13 واتە نزیكەی 800 ساڵ بەر لەئێستا، ئەمە پرۆژەیەكی هاوبەشە لەنێوان بەڕێوەبرایەتی شوێنەوارو كەلەپووری دهۆك و ئاكرێ لەگەڵ دوو رێكخراوی چیكی و ئەمریكی».
بودجەی پرۆژەكە لەلایەن كۆنسوڵخانەی ئەمریكاوە دابینكراوە، كەبڕەكەی 500 هەزار دولارە، هەروەها قشلی ئاكرێ بەهاوكاری حكومەتی هەرێم و رێكخراوی یونسكۆو یەكێتی ئەوروپاو زانكۆی كولومبیا نۆژەن دەكرێتەوە»
دكتۆر بێكەس بریفكانی وتیشی» رەزامەندی لەسەر ئەوە دراوە كەژمارەیەك لەشوێنەوارەكانی تر نۆژەن بكرێنەوە كەئەوانیش چەروانە لەخنس، پەرستگای جووەكان لەئامێدی، شندوخا، چارستین، قوبەی سوڵتان، ئەم شوێنانە لەمانگی ئاب و حوزەیرانی ئەمساڵ دەست بەنۆژەنكردنەوەیان دەكرێت».
نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنانە لەكاتێكدایە كە 16ی تشرینی یەكەمی پارساڵ، گەورەترین پاركی شوێنەواری لەناحیەی فایدە كەدەكەوێتە سنوری قەزای سێمێل كرایەوە.
دكتۆر بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوارو كەلەپووری لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت:» بەهاوبەشی لەگەڵ زانكۆی ئوردونی ئیتاڵی گەورەترین پاركی شوێنەواری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لەناوچەی فایدە كردەوە، رووبەری ئەو پاركە 130 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، پێنج شوێنی شوێنەواری گرنگ دەكەونە ناو پاركەكە كەبریتین لەشوێنەوارەكانی خنس، جەروانە، بەندەوایە، فەیدی و ئەشكەوتی هەڵامەت»
وتیشی» پرۆژەكە تەنیا پارك نیە، بەڵكو لەناو پاركەكەدا سەنتەرێكی رۆشنبیری گەورە دروستكراوەو مۆزەخانەو تابلۆی شیكردنەوەی تیادا دانراون، ئەمە قوناغی یەكەمی پرۆژەكەیە لەفەیدییەوە دەستپێدەكات، لەوێ جێیەكی شوێنەواری دۆزراوەتەوە كە 13 نەخشی هەڵكۆڵراوی لێیە».
لەسنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە دوو هەزار شوێنەوار هەن، بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا زیان گەیشتووەتە بە 70 شوێنەوارو لەسەنتەری دهۆك و چەند شوێنێكی تر خەڵك لەسەر شوێنەوارەكانی نووسیوەو شێواندویانە، و دوایین شوێنەواریش كەدەستكاریكراوە ئەشكەوتی هەڵامەت بووە كەدەكەوێتە خوار چیای زاوا لەبەرامبەر شاری دهۆك.
